كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

د. دیندار دۆسکی: هەندێك حزب لەبەر دژایەتیی پارتی موجامەلەیەكی بێ تامی پەكەكە دەكەن

“هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین شه‌ڕ نه‌کرێ، به‌ڵام ناکرێ به‌و بیانووە بێن خاکمان داگیر بکه‌ن”

یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان، باس له‌ روانگه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌که‌که‌) بۆ باشووری کوردستان دەكات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، جەخت دەكاتەوە كە پێشمەرگە نەچۆتە سەر خاكی ئەوان و شەڕیان لە دژ بكات.

د.دیندار دۆسکی، بۆ (باسنیوز) گوتی: “هه‌رێمی کوردستان مادام به‌شێکه‌ له‌ عێراق، به‌پێی ده‌ستوور ماف و سیاده‌ی خۆی هه‌یه‌، ئه‌م سیاده‌یە ناکرێت پێشێل بکرێت، بۆ عێراق و کوردستانیش خراپه‌ و ده‌بێت په‌که‌که‌ رەچاوی باشووری کوردستان بکات، چونکه‌ سنووری ئه‌وان ئێره‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر کوردستان بوو به‌ سه‌ربازخانه‌، مه‌ترسیداره‌ و ئه‌م شه‌ڕه‌ ‌ گرفتێکی ناوخۆیی تورکیایه‌، ئەگەر بەردەوام بێت، گرفت بۆ عێراقیش بە گشتی دروست دەكات، چونکه‌ له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ گرفتی یاسایی هه‌یه‌”.

ڕوونیشی كردەوە: “ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ ده‌یکات، ده‌بێته‌ بیانوو بۆ تورکیا و واده‌کات تورکیا زیاتر بێته‌ پێشه‌وه‌ و ره‌نگه‌ به‌هۆی په‌که‌که‌وه‌ تورکیا تموحی دیکه‌ی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی کوردستان دروست ده‌کات، ده‌بێت په‌که‌که‌ هۆشیار بێت، لێره‌ ده‌حه‌وێنه‌وه‌، ناکرێت ئاگر به‌ربده‌نه‌ کوردستان، ده‌بێت واز له‌و سیاسه‌ته‌ بهێنن، کە خۆیان له‌ کوردستان ده‌سه‌پێنن. ئێستا په‌که‌که‌ مه‌ترسیی له‌سه‌ر بوون و قه‌واره‌ی کوردستان دروست ده‌کات، به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌م دۆخه‌که‌ بکه‌ن”.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێ: “ده‌بێت هه‌موومان یه‌ک هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، په‌که‌که‌ مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی کوردستان و سه‌رجه‌م حزبه‌کان، نه‌ک به‌و عه‌قڵه‌یەتەی که‌ هەندێک پێیان وایه‌ مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر پارتی، هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین شه‌ڕ نه‌کرێت، به‌ڵام ناکرێت به‌و بیانووە ورده‌ ورده‌ بێن خاکمان داگیر بکه‌ن و چه‌کدار له‌ناو شاره‌کان بڵاو بکه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵک تیرۆر بکه‌ن، ئه‌م حزبانه‌ی باشوور ده‌بێت یه‌ک هه‌ڵوێست بن و بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک، که‌ ده‌ڵێن شه‌ڕی ناوخۆ مه‌که‌ن و که‌مپینی بۆ ده‌که‌ن، ئێ باشه‌ خۆ ئێمه‌ نه‌چووینه‌تە سنووری ئه‌وان، ئه‌وان هاتوون بۆ خاکی باشوور و پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌کەن، ئه‌وان هاتوون خاکی باشووریان داگیر کردووه‌”.

راشی گه‌یاند: “به‌داخه‌وه‌ ئه‌و موجامه‌له‌ بێ تامه‌ی هه‌ندێک حزب له‌ هەرێمی كوردستان دەیکه‌ن، بابه‌تی دژایه‌تیی پارتییه‌، له‌و روانگه‌وه‌یە، کە پێیان وایه‌ ده‌توانن له‌ پارتی بده‌ن، نه‌ک دڵسۆزییان بۆ پرسی كورد یان پەكەكە”.