كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە عێراق خەرجكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ داعشێك ئاشكرا دەبێت

 دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق دۆسییەك ئاشكرا دەكات، كە لە پارێزگای نەینەوا  مووچەی خانەنشینی بۆ چەكدارێكی كوژراوی داعش خەرج كراوە.

دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاشكرای كردووە "لەگەڵ ئەوەی ئەندامێكی داعش فەرمانی گرتنی بە تاوانی تیرۆر هەبووە ، بەڵام دەركەوتووە ئەو كەسە مووچەی خانەنشینی بۆ خەرج كراوە".

لەبارەی وردەكاریی دۆسیەكە، دەستەی دەستپاكی رای گەیاندووە "دەستەكەمان توانی بەرپرسێكی فەرمانگەی خانەنشینیی نەینەوا دەستگیر بكات، ئەو بەرپرسە یاری بە دۆسیەی یەكێك لە تیرۆریستانی داعش كردووە و مووچەكەی بۆ خەرج كردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسە فەرمانی گرتنیشی بە تاوانی تیرۆر هەبووە".

ئاماژە بەوەش كراوە لە هۆبەی  گۆڕانكاری، لە فەرمانگەی خانەنشینیی نەینەوا دەستكاری و یاری به‌ دۆسیەی ئەو كەسە داعشە كردووە، زیاتر هاتووە" ئەو كەسە لە گرووپی چەكداری تیرۆرستی داعش لە شەڕێك كوژراوە و ئەو گرووپە تیرۆرستیەش دانیان بە كوشتنەكەیدا ناوە و (بڕوانامەی مردن)ـی لە لایەن داعشه‌وه‌ هەیە، بەڵام لە فەرمانگەی خانەنشینیی نەینەوا، دۆسیەكەی دەستكاری كراوە و مووچەی خانەنشینی بۆ خەرج كراوە".

دەستەكە ئەوەشی خستووه‌تە ڕوو، ئەو كەسەی دەستی لەو بابەتەدا هەبووە، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و دەستگیركراوە و دادوەر فەرمانی داوە بە پێی ماددە 140 لە یاسای سزای عێراقی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

پێشتریش دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرای كردبوو، كە توانیویانە مامەڵەیەك پوچەڵ بكەنەوە كە بریتی بووە لە خەرجكردنی قەرەبوو و مووچەی خانەشینی بۆ یەكێك لە ئەندامانی داعش.