كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

میدیاکانی توركیا: کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بایدن بێ دەسکەوت و ڕێککەوتن بووە

ڕۆیتەرز: هیچ باسێک لە چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانیان نەکراوە

دوێنێ دووشەممە لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا، هەر یەك لە جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا كۆ بوونەوە و لەمبارەوە میدیاكانی توركیا بەشی زۆریان بە بێ هیواییەوە ئەو ڕووداوەیان رووماڵ کردووە کە دەسکەوتی بۆ تورکیا نەبووە.

رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، وەكوو توانجێك لە ئەردۆغان، باسی لە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان كردووە و نووسیویە ئەردۆغان بە بایدنی گوتووە، سوپاست دەكەین كە كۆمەڵكووژی ئەرمەنەكانت ناساند.

جگە لەوەش چەند نووسەرێكی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و بێلایەن پێیانوایە، ئەردۆغان نەیتوانی بڕوا بە بایدن بهێنێت كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (YPG) تیرۆریستن. هەروەها لەبارەی مووشەكی بەرگریی S400 یش هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

رۆژنامەی (دیوار)ی توركی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە كردووە و، پێیوایە كۆبوونەوەكە بۆ توركیا هیچ دەستكەوت و ئەنجامێکی نەبووە.

بەڵام میدیاكانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، باس لە گرنگیی ئەو كۆبوونەوەیە دەكەن بۆ توركیا و، دەڵێن ئەردۆغان بە فەرمی بایدنی بۆ توركیا داوەت كردووە.

(یەنی شەفەق) بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت كاریزمایی خۆی نیشانی بایدن بدات، بۆیە داوەتی كردووە و لە پێشوازییەكی بێوێنەدا لە ئەنقەرە چەندین پرس دەهێننە بەرباس، كە یەكێك لە پرسەكانیش باسكردنە لەوەی ئەمریكا پشت لە YPG بكات.

بەشی توركیی ئاژانسی (BBC)یش بە هەمان شێوە پێیوایە كۆبوونەوەكەدا هیچ ئەنجامێكی باشی بۆ توركیا پێ نەبووە.

(BBC) بەم شێوەیە باسی لە بێ ئەنجامیی كۆبوونەوەكەی بۆ توركیا کردووە:

١. یەكێك لە پرسە گرنگەكان، ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان بوو لە لایەن جۆ بایدنەوە، بەڵام ئەو پرسە نەهاتووەتە بەرباس.

٢. مووشەكی بەرگریی S400  و فڕۆكەی جەنگیی F35 تەوەری كۆبوونەوەكە بووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

٣. لەباری ئەفغانستانیش قسە كراوە، بەوەی ئەو رێككەوتنەی ئەنجام دراوە، پێویستە ناتۆ جێبەجێ بكات، رۆڵی توركیاش دیاری كراوە و نابێت لەوە زیاتر رۆڵی هەبێت.

بە شێوەیەكی گشتی، میدیای توركیا هیچ دڵخۆش نەبوون بەو كۆبوونەوەیە، چونكە هیچ ئەنجام و دەسکەوتێکی باشی بۆ توركیا پێ نەبووە.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە و  هەڵسەنگاندنێكیدا بۆ كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا لە لووتكەی ناتۆ، پێیوایە هیچ سەرەداوێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان نەخستووەتە ڕوو.

ئاژانسی (رۆیتەرز) نووسیویەتی: 'ئەردۆغان و بایدن لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا بە شێوەیەك خۆیان نیشان دا، كە زۆر لە یەكەوە نزیكن و لەسەر هەموو تەوەرەكان كۆك بوون، بەڵام لە راستیدا وا نییە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن".

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە هەردوو سەرۆك هیچ سەرەداوێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان باس نەکردووە و زۆربەی كێشەی نێوانیان وەكوو خۆی ماوەتەوە.

ئەگەرچی ئەردۆغان لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دڵخۆشیی خۆی دەربڕیوە و گوتوویە هیچ كێشەیەك نییە لە نێوانماندا چارەسەر نەكرێت، بەڵام (رۆیتەرز) پێیوایە نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.