مام جەلال: پەكەكە بەكرێگیراوی سێ دەوڵەتە و تیرۆریستیشە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مام جەلال: پەكەكە بەكرێگیراوی سێ دەوڵەتە و تیرۆریستیشە

لە ھەندێك بۆنەدا، جەماعەتە خائینەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ھەڵخەڵەتاندنی ھەندێك خەڵكی سادە و كاس و بێئاگای چواردەوری خۆیان، دەچنە سەر مەزاری جەنابی مام جەلال لە دەباشان و بەڵێنی وەفای بۆ دووپات دەكەنەوە، بەڵام پێش ئەوەی بچنە سەر ئەو مەزارە، لە لوتكەی بێوەفایی و درۆكردنیش لەگەڵ مام جەلالدا ژیاون و دوای سەردانی مەزارەكەش ھەر بەردەوام بوون و بەردەوامن لەسەر بێوەفایی و درۆكردن.

ئێستا پەكەكە بەئاشكرا جارێكی تر شەڕ بە ھەرێمی كوردستان دەفرۆشێت، بەڵام ڕاگەیاندنەكانی ئەو جەماعەتە خائینەی ناو یەكێتی، دەڵێن ئەوە شەڕی نێوان پارتی و پەكەكەیە و ھەر بەمەشەوە نەوەستاون، بەڵكوو دەڵێن لەم شەڕەشدا پارتی شەڕ بە پەكەكە دەفرۆشێت! جا بۆ ئەوەی ئەو خائینانە و ساویلكەكانی دەوروبەریان و ڕاگەیاندنە شەق و شڕەكانیان ڕووی مەجلیسیان نەمێنێت، بڕیارم داوە كە ھەر لێرەدا بە چەند وتارێك، تێگەییشتن و بیروبۆچوونی جەنابی مام جەلال لەسەر پەكەكە بخەمە ڕوو... فەرموون:

لە 10– 10- 1995 كە نەك ھەر ناكۆكیی حزبی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا، بەڵكوو شەڕی ناوخۆیش لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ھەیە، كەچی سەرەڕای ناكۆكی و سەرەڕای شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی، جەنابی مام جەلال لەبارەی پەكەكەوە ئا ئەوھا قسە بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەوانی بیانی دەكات و دەڵێت: ”سەرانی پەكەكە گەورەترین درۆزنی ناو مێژووی كوردن، پەكەكە دژی ھەموو حزبە كوردیەكانی ھەموو جیھانن، پەكەكە یارمەتیی موخابەراتی سووریا دەدات دژی حزبە كوردیەكانی سووریا، یارمەتیی موخابەراتی ئێران دەدات دژی حزبە كوردیەكانی ئێران، یارمەتیی موخابەراتی عێراق دەدات دژی حزبە كوردیەكانی عێراق، لەنێوان پەكەكە و حزبە كوردستانیەكاندا نەك ھەر پەیوەندیی ھاریكاریانە نیە، بەڵكوو پەكەكە دوژمنایەتیی ھەموو حزبە كوردیەكان دەكات“.

جەنابی مام جەلال درێژەی دەداتێ و دەڵێت: ”پەكەكە بە یارمەتیی سەدام حسێن دژایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بە خراپترین ڕێگەی خیانەتكارانە لە مێژووی كورددا، یارمەتیی موخابەراتی ئێران دەدات، پەكەكە لەجیاتی ئەوەی كار بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی فیدراڵ و سەرخستنی تاقیكردنەوە دیموكراسییەكەی بكات، كەچی دێن و بە یارمەتیی دوژمنانی كورد لەگەڵ ئێران و بەعسی فاشی لە عێراق، لەم تاقیكردنەوە دیموكراسییەی كوردستانی عێراق دەدەن. ئەم كارەی پەكەكە لەناو تۆماری خائینانی كورددا خراپترین كارە، سەرەڕای ئەوانەش ئێستا لە ئەورووپا بێجگە لە پەكەكە، ھیچ ھێزێكی تر نیە كە بە تیرۆریست دابنرێت و ناو ببرێت، تەنانەت فەلەستینیەكانیش وازیان لە تیرۆر ھێنا، كەچی تاكە ھێزێك كە لەسەر ئاستی دنیا و وەك ھێزێكی تیرۆریست مابێتەوە، پەكەكەیە“.

ئەوانە قسەی جەنابی مام جەلال بوون لەسەر پەكەكە، كە ڕەنگە ھەتا ئێستا پارتی لەسەر ئاستی زۆر باڵا ھەندێك لەو وشە و دەستەواژانەی ئاراستەی پەكەكە نەكردبێت، جا ئیتر نازانم بیروڕای ئەو یەكێتیانەی ئەمڕۆ كە لافی هاوڕێبازیی مام جەلال لێدەدەن و عەینەن كات موعجیبی پەكەكەن، لەسەر ئەم قسانەی جەنابی مام جەلال لە بەرامبەر پەكەكە چییە؟ بەتایبەتی ئەوانەیان كە لە ھەندێك یاد و بۆنەكاندا دەچنە دەباشان بۆ سەر مەزارەكەی و دەڵێن پەیمانت بۆ دووپات دەكەینەوە و ھەندێك وێنەی سێڵفییش لەسەر ئەو مەزارە دەگرن بۆ پەیجەكانیان!