كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان: پێویستە خوێندنی ساڵی داهاتوو زووتر دەست پێ بکات

19ی ئەم مانگە كۆتایی بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی خوێندن لەناو قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان دێت و 22ی ئەم مانگەش تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەست پێ دەكات.

لەمبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە 14/6/2021 ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پلانەی كە بۆ خوێندنی ئەمساڵ دانرا بە شێوەیەكی رێك جێبەجێ دەكرێت، 19ی ئەم مانگە كۆتایی بە پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان دێت و وەك وەزارەتی پەروەردەش دیاریی كردووە 22ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بۆ قۆناغەكانی یەكەمی بنەڕەتیی تاكوو قۆنغی 11 دەست پێدەكات".

گوتیشی: "ڕاستە ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن وەكوو پێویست نەبوو، دیارە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی دەستخۆشییە نەهێڵدرا ساڵی خوێندن بفەوتێت، وەزارەتی پەروەردە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە قورسە و سەركەوتوو بوون".

ئەحمەد گەرمیانی، ئاماژەی بەوەش دا: "پێویستە كار بكەین بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو پرۆسەی خوێندن پێش بخەین، هەر هیچ نەبێت، مانگێك زووتر بێت و قەرەبووی خوێندنی ساڵی ڕابردوو بكەینەوە".