كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

85%ی بەرهەمی شووتیی جووتیارانی پردێ لەناو چووە

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پردێ: حکوومەتی عێراق قەرەبووی بەرهەمی کشتوکاڵی ڕاگرتووە

بەرهەمی شووتیی ئەمساڵی جووتیاران شارۆچكەی پردێ لە پارێزگای كەركووك، بەهۆی جۆرێک نەخۆشییەوە لەناو چووە و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناوچەكەش دەڵێت قەرەبوو ناكرێنەوە.

هیوا سەعدوڵڵا، خاوەنی عەلوەی شارۆچكەی پردێ ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی نەخۆشیی (رەقە)وەكە تووشی بەرهەمی شووتیی جووتیارانی  گوندەكانی سنووری پردێ بووە، جووتیاران ناچار بوون بەرهەمی شووتیی ئەمساڵیان فڕێ بدن".

گوتیشی: "بەو هۆیەوە جووتیاران ٨٥٪ی بەرهەمەكانیان لەناو چوونەوە و نەیانهێناوەتەوە عەلوە".

كاوە حەسەن، جووتیارێكی ناوچەكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند :"بەرهەمی ئەمساڵمان بەفێڕۆچوو و قەرەبووش ناكرێینەوە"

هەر لەمبارەوە محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پردێ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "جووتیاران بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێنەوە، چونكە حكوومەتی عێراقی قەرەبووی لەناوچوونی بەرهەمی كشتوكاڵیی ڕاگرتووە".

گوتیشی: "ئەوە ساڵی دووەمە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بەهۆی قەیرانەوە قەربووكردنەوەی بەرهەمی لەناوچووی جووتیارانی راگرتووە".

نەخۆشیی ڕەقە، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە، زۆربەی كات لەو زەوییانەی كە كشتوكاڵی تێدا دەكرێت هەیە، بەهۆی گۆڕانە كەشوهەواییەكان زیاتر بڵاو دەبێتەوە، بەتایبەت لەو كاتانەی شەوان سارد بێت و بە ڕۆژ كەشوهەوا گەرم بێت، زیاتر ئەو نەخۆشییە تووشی بەرهەمی كاڵەك و شووتی و ترۆزی دەبێت، بە درەمانی تایبەت بەناوی anthracnose كە دژی ئەو ڤایرۆسەیە و هێزێكی زۆر بە مانەوەی دەدات.