كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی كەمكردنەوەی لێژنەكانی كۆ دەبێتەوە

بڕیارە سبەی دووشەمە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی چەند پرسێك، كۆبونەوەی ئاسایی ژمارە 89ی خۆی بەڕێوە ببات و تێیدا دەنگ لەسەر كەمكردنەوەی لێژنەكانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگا دەدات.

لەمبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 13/6/2021 خانزاد دزەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 و ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارە سبەی دووشەمە  14/6/2021 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوی ئاسایی ژمارە89ی خۆی لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕیوە ببات".

لەبارەی بەرنامەی كاریی كۆبوونەوەكەوە گوتی: "بەپێی نووسراوی كارگێڕیی ئەنجوومەن بە ژمارە (273)  کە ڕێکەوتی 2/6/2021 نێردراوە و نووسراوی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەن بە ژمارە (368) لە ڕێکەوتی 9/6/2021، پرۆژە پێشنیازی كەمكردنەوەی ژمارەی لێژنەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەخرێتە بەرباس".

خانزاد دزەیی گوتیشی: "كەمکردنەوەی لێژنەكان لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بووە كە پێشتر 15 لێژنە هەبووە و كەم دەكرێتەوە بۆ 10 لێژنە و هەندێك لێژنەش لێك دەدرێن".