سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخى مریشک روونکردنەوە دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخى مریشک روونکردنەوە دەدرێ

بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى ئالیکى بەخێوکردنى پەلەوەر و بڵاوبوونەوەى ئەنفلەوەنزا لە چەند ناوچەیەکى عێراق، نرخى مریشکى زیندوو لە هەرێمى کوردستان بەرزبووەتەوە.

فیراس سدیق بەڕێوەبەرى گشتیى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "وێڕاى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر کێڵگەى بەخێوکردنى پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن و بەردەوامیشن لە بەرهەمهێنان، لە چەند رۆژى رابردوودا نرخى مریشکى زیندوو لە هەرێمى کوردستان بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆى چەند هۆکارێکى ناوخۆیی و جیهانییەوەیە، چونکە ماوەیەکە نرخى ئەو کەرەستانەى ئالیکى بەخێوکردنى پەلەوەریان لێ بەرهەم دەهێندرێ بە گشتى لە جیهان بەرزبوونەتەوە".

راشیگەیاند: "دواى بەرزبوونەوەى نرخى ئالیک، لە هەرێمى کوردستان نرخى بەرهەمهێنانى کیلۆیەک مریشکى زیندوو لە 1500 دینارەوە بۆ 2500دینار بەرزبووەوە، لە لایەکى دیکەشەوە بەرزبوونەوەى دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەرى زیاترى کردە سەر بەرزبوونەوەى نرخى مریشک، چونکە ئەو کەرەستانەى لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بە دۆلار دەکڕدرێن نەک بە دینار".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "بڵاوبوونەوەى ئەنفلەوەنزاى پەلەوەریش لە چەند ناوچەیەکى عێراق و مردنى ژمارەیەکى زۆرى مریشک بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى مریشک لە تەواوى عێراق، چونکە بەشێکى بەروبوومى کێڵگەکانى هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانى عێراق هەناردە دەکرێن".