سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە بەلجیكا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 12/06/2021

سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە بەلجیكا

چەند رۆژی رابردوو، لەسەر بانگهێشتی حكوومەتی بەلجیكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە برۆكسلی پایتەخت و وێڕای پرۆتۆكۆلی بەرزی پێشوازی و بە ئاڵای كوردستانەوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند دیدارێكی گرنگی لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوەی بەلجیكا و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەر ساز دا.

زۆربەمان پێگه ‌و ناوبانگی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا دەزانین‌ كه‌ ناوه‌ندێكی گرنگە بۆ بڕیاری ئه‌ورووپا و بە شێوەیەك لە شێوەكان وەك پایتەختی یەكێتیی ئەورووپا دێتە هژمار، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە كە زۆربەی دامودەزگا باڵاكانی یەكێتیی ئەورووپا بارەگایان لە شاری برۆكسلی پایتەختی ئەورووپایە، ئەگەرچی ئەم وڵاتە لەڕووی رووبەر و جوگرافیاوە وڵاتێكی بچووكە، لێ پێگەكەی لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنیەوە لە رووبەرەكەی زۆر گەورەترە، بۆیه‌ بووەته‌ جێی بایه‌خی زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەدارانی ده‌وڵه‌تانی جیهان.

بۆیە لەم ئان و ساتەدا كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دیدارە تایبەتە رووبەڕووە سیاسییەكان سنووردار كراون بەتایبەتی لە ئەورووپا، كاتێ بەرپرسانی باڵای وڵاتێكی وەك بەلجیكا، پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن و چەندین دیداری تایبەتی لەگەڵ دەكەن، ئەمە لانی كەم گرنگی و پێگەی هەرێمی كوردستان پیشان دەدات لە دیدی سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەوە، وێڕای ئەو تەوەرە گرنگانەی كە لەو دیدارانەدا تاوتوو كراون.

ئێمه‌ی كورد لەم قۆناغەدا كە وا پێدەچێت قۆناغێكی هەستیار بێت بۆمان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابوورییەوە، زیاتر لە جاران پێویستمان بەم جۆرە دیدارانە و بە‌ دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی و پەیوەندیی باش هەیە لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان بە گشتی و بەتایبەتی بەلجیکا لەسەر ئاستی باڵا، سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە و ئەو پەیوەندییە گرنگ و پێویستەدا بینیەوە.

وەك لە میدیاكانەوە بینیمان و بیستمان، لەو دیدارانەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش و هەماهەنگی و هاوكاری لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەمنی و سیاسی و سەربازی و بازرگانی و كەرتی كشتوكاڵ و بابەتی دیكە كراوە، ئەمەش بە ئامانجی پێشوه‌چوونی زیاتری هه‌رێمی كوردستان، لە هەموو روویێكەوە، ئەوەشی بیستم سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی حكوومەتەكەی بەو پرۆسەی چاكسازییەی كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی دەستی پێكردووە، ئامادەەی هاوكاریی وڵاەكەشی بۆ ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە، لەبیریشمان نەچێت، به‌لجیكا خۆی وڵاتێكی فیدراڵیە و‌ شاره‌زایی باشی هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوەبردنی سیسته‌می فیدراڵی له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هەموو هەرێمەكاندا.

هه‌رێمی فلانده‌ر و هه‌رێمی كوردستان
هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ڕووی جوگرافی و ژینگه‌ی ناوچه‌ییەوە، هه‌ردوو هه‌رێمی كوردستان و هەرێمی فلاندەری بەلجیكی دوورن له‌ یه‌كتر، چونكه‌ هه‌رێمی فلانده‌ر لەنێو جیهانی دیموكراسی و ئازادییدایە و هەرێمێكی سەر بە وڵاتێكی وەكوو بەلجیكایە، فلاندەر خاوه‌ن پێگه ‌و زمان و ناسنامه‌ و شوناسی خۆیه‌تی، هەروەها له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی پارێزراوه، به‌ڵام مه‌خابن هه‌رێمی كوردستان ژینگه‌یەكی ناله‌بار و دوژمنێكی زۆری ده‌ره‌كی و ناوخۆیی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی عێراق له‌وه‌ته‌ی دروست بووه،‌ وه‌ك مۆته‌كه‌ بینه‌قاقای كورد و كوردستانی گرتووه لەو وڵاتەدا،‌ هه‌ر كاتێك هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادی هه‌ڵمژێ و دوو هەنگاو بچێتە پێش، دەستبەجێ بە چەندین رێگە و بە هاوكاریی وڵاتانی ئیقلیمییش كە كورد و بەشێكی كوردستانیان پێوە لكێنراوە، هەوڵ دەدات ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ ببڕێت.

سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌لجیكا، له‌ سۆنگه‌ی دۆستایەتی و ئەو پشتوانیه‌وه‌یه‌ كە بەلجیكا پێشتر پێشكەش بە كوردستانی كردووە، نەخاسمە لە شەڕی دژ بە داعشدا، خۆشبەختانە لەو دیدارە لوتكانەدا، بەڵێنی بەردەوامیی ئه‌و پشتیوانیه‌ نوێ كرایه‌وه و بەڵێنی پشتیوانیی زیاتریش بە كورد و كوردستان درا، ئه‌وه‌ی مایه‌ی خوشحاڵی بوو، یامبۆن له‌ پێگه‌ی خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایتیه‌كان خۆشحاڵیی خۆیی بۆ پێشوازی و دیداری سەرۆك وەزیرانی كوردستان و شاندی یاوەری دەربڕی.

ئێستا ئیتر هەموو ئەو موئامەرانە دیار و زانراون كە دژ بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوەی كوردستان لەئارادان، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه‌ی كوردستان لەم كاتەدا، پەرەپێدانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وەیە لەگەڵ دۆستانماندا و دروستكردنی بەرژەوەندیی زیاتری هاوبەشە،‌ پێویستە جووڵەی دیبلۆماسیی كوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و عورفی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا بایه‌خدار و به‌رهه‌مدارتر بكرێ.

له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه لە شاخ و شاردا خه‌بات ده‌كات، به‌ڵام مەخابن په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیمان له‌ڕووی دروستكردنی لۆبیه‌كی به‌هێز بۆ بەرژەوەندیی كوردستان، تا رادەیەك لاوازه‌، هه‌ر بۆیه‌ گەلێ جار لە دۆخی زۆر هەستیاردا، ده‌بینین هەندێ وڵات وێڕای دۆستایەتیمان لەگەڵیاندا، هەڵوێستیان بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان كزە یان هەر نیە، بۆیە دەبێ خەمێك لەم هاوكێشە لاسنگە سیاسییە بخۆین و گرنگە هیچ نەبێ هێندەی بەهێزیی نەیاران و دوژمنان و داگیركەرانی خاكمان، بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتە بەهێز و خاوەن پێگەكانی جیهان دروست بكەین.

نەیاران بەردەوام هه‌رێمی كوردستان لەم قەیران بەرەو ئەو قەیران دەبەن، بەڵام خۆشبەختان خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هێندە لاواز نین كە قەوارەكەمانی تێدا توابێتەوە، بەدەر لە هەندێ ئیعتیباراتی یاسیی و سیاسیی نێودەوڵەتی، ئێستاش هەرێمی كوردستان، وێرای هەموو كێشەیەكی، لە هەموو روویێكەوە لە دەوڵەتی عێراق بەهێزترە، بۆیه‌ ئه‌م دیدار و سه‌ردانانه‌ گرنگ و پێویستن.

پێشتریش سەرۆك مه‌سعود بارزانی، چه‌ندین جار سه‌ردانی وڵاتی به‌لجیكای كردووه‌ و هه‌ر له‌ سۆنگه‌ی بوونی ئه‌و دۆستایه‌تی و پشتوانیه‌ بووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی به‌لجیكا هه‌یه‌تی بۆ گه‌لی كورد، ئێستاش مێژوو ئەم دیدارە گرنگ و بایەخدارەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیكا دەنووسێتەوە، ئەو پێشوازیه‌ پرۆتۆكۆلیه‌مان بینی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رز و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌لجیكایه، له‌ ئاستێكی باڵادا بوو، ئه‌و دیمه‌نانه‌ پێمان ده‌ڵێن: هه‌رێمی كوردستان جێی بایه‌خی به‌لجیكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه، پێویستە رۆژ لەدوای رۆژ ئەم پێگەیە و ئەم پەیوەندییانە باشتر و باڵاتر بكەین.