پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی: بازرگانە چاوچنۆكەكان خەریكە سلێمانیمان بەسەردا دەڕووخێنن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی: بازرگانە چاوچنۆكەكان خەریكە سلێمانیمان بەسەردا دەڕووخێنن

نووسەرێك: سلێمانی، ناوە، داگیرکراوە، فرۆشراوە، دزراوە، کاولکراوە، خەسێنراوە

پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دان بەوەدا دەنێت كە دۆخی شاری سلێمانی لەوپەڕی خراپیدایە و “بازرگانە چاوچنۆكەكان خەریكە شارەكەمان بەسەردا دەڕووخێنن”.

زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی، نووسینێكی بە بۆنەی یادی لە دایكبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاو كردۆتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە كە تا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی حزبەكەی لە گۆڕەپاندا بووە، “كێ لە سلێمانی دەیتوانی تەنیشتی ژووری خەوتنی منداڵان و تەنیشت قوتابخانەی سەرەتایی بكات بە بەنزیخانە و حیساب بۆ گیان و سەلامەتیی كەس نەكات؟ كام بازرگانی بچكۆلەی چاوچنۆك دەیتوانی بە ئارەزووی خۆی هەر رۆژە و بەشێكی گۆیژە بكات بە شوققە و ڤێلا و بە ملیۆنان دۆلار بیفرۆشێت، بەوەش تێر نەخوات وەكو عودەی سەدام زانكۆ و مەكتەب بۆ خۆی دروست بكات تا دەستی بە كچە

جوانەكانی شار بگات؟ كێ دەیتوانی نەخۆشخانە و قوتابخانە بفرۆشێت و ئەم شارە هەمووی بكات بە كۆگا و عەلوە؟”.

ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە ئێستا “خەریكە بازرگانە چاچنۆكەكانو ئەم شارە بە سەرماندا دەڕووخێنن”.

ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كۆمێنتیان بۆ زانا عەبدولڕەحمان نووسیوە، باس لەوە دەكەن كە ئەمە پێناسەی كەسێكی سەر بە یەكێتی و نزیك لە تاقمی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بێت بۆ سلێمانی كە خۆی بەردەوام هەوڵدەدات كارە قێزەونەكانی تاقمەكەی پەردەپۆش بكات، دەبێ حاڵی خەڵكی ئاسایی ئەو شارە چۆن بێت؟

ماوەیەك لەمەوبەر، نووسینێك بە ناوی (ئیحسان فوئاد) و بە ناونیشانی (با تەعریفی سلێمانیتان بۆ بکەم) لە چەند پەیجێك بڵاو كرایەوە كە تێیدا بەم شێوەیە پێناسەی شارەكەی دەكات:

سلێمانی: ناوە، داگیرکراوە، فرۆشراوە، دزراوە، کاولکراوە، خەسێنراوە.

رۆشنبیرەکانی: فرۆشراون، کڕدراون، بێدەنگراون.

شەقامەکانی: هەڵتەکاوە، چاکنەکراوە، داڕزاوە.

پارێزگارەکەی: هەڵەگەڕە، فرەوێژە، بێکردارە، رێزدارە.

هاوكات ڕوونی كردۆتەوە كە سلێمانی لە پێنج چین مرۆڤ پێکهاتووە، ئەوانیش (مەسئولی ملیاردێر، کوڕە مەسئولی ملیۆنێر، ژنە مەسئولی خاوەن تاهۆ و پۆرش و مارسیدس و رێکخراوی تایبەت، پاسەوانی مەسئولی مافیا و خاوە وەرگر لە دەوڵەمەندەکان و خەڵکی رەشوڕوت و زوڵملێکراو).

بە بڕوای ئەو نووسەرە، بەرپرسی ملیاردێر لەسەر گردەکان و لەنێو باخەکاندا بەهەشتیان بۆ خۆیان دروست کردووە و ژیان بەسەر دەبەن و كەسانی جێ متمانەی خۆیان دروستکردووە كە کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بۆ بەڕێوە دەبەن. كوڕی بەرپرسانیش لە نێو شاردا خاوەنی کۆمپانیای سیکیوریتی و کافتریا و پێشانگای ئۆتۆمبێلن. بەڵام هاوسەری بەرپرسەكان خاوەنی رێکخراو و میدیای تایبەت و ساڵۆنی های کوالێتی و گرانبەهان.

هەرچی خەڵكی ئاسایی ئەو شارەیە كە نووسەرەكە بە (ڕەشورووت) وەسفی كردوون، ئەوا ”بە دوای کاردا وێڵن و بە ناو شاردا دووکەڵی پیس هەڵدەمژن و لە نەخۆشخانەکانی بەرپرسەكاندا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن. گەنجەکانیش لە سەهۆڵەکە و لای مزگەوتی گەورە مژ لە جگەرەی ساختەکراو و کوالێتی نزمی کۆمپانیاکانی ئەوان دەدەن“.