گۆڕە دەرکەوتووەکانی دەڤەری ڕاپەڕین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گۆڕە دەرکەوتووەکانی دەڤەری ڕاپەڕین

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی کۆمەڵێک گۆڕی مێژوویی دەڤەری ڕاپەڕین لە سوشیال میدیاوە بڵاو بوونەوە کە وا دەگوترا ئەم گۆڕانە تازە لەژێر ئاو دەکەوتوون و مێژوویان بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بەپێی بە دواداچوونێکی (باسنیوز) و وەرگرتنی زانیاری دەرکەوت کە ئەم گۆڕانە نەک ئەمساڵ، بەڵکوو نزیکەی دوو ساڵە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان لە دەوروبەری شاری رانیە و لە نزیک گردێکی شوێنەواری دەرکەوتوون کە مێژوویان نەک بۆ سەردەمی ئاشووری، بەڵکوو بۆ سەردەمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە.

ئەم گۆڕانە دەکەونە دووری حەوت کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری رانیە و نزیک گردی شوێنەواریی "شمشارە"ن، بۆیە دەکرێ لەڕووی مێژوویی و شوێنەوارییەوە گرنگیی زۆریان هەبێت، بەڵام پێدەچێت تا ئێستا هیچ کاری کنە و پشکنین، یان کۆکردن و هەڵگرتنەوەی بەردە مێژووییەکان و ئیسک و پرووسکەکانی ناو گۆڕەکان ئەنجام نەدرا بێت و ئەوەش زەرەر و زیانێکی ئێجگار زۆر بە تۆمارکردنی مێژوو و کۆکردنەوەی شوێنەوارەکانی کوردستان دەگەیەنێت.

دەڤەری ڕاپەڕین و رانیە بە یەکێک لە دەڤەرە گرنگەکانی بواری زانستی شوێنەوارناسی دادەنرێت کە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری شوێنی شوێنەواری، ساڵانە کاری هەلکۆڵین و کنە و پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام هەر ئەم ناوچەیە و گردە مێژووییەکانی بەهۆی نزیکی لە بەنداوی دوکان، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئاو، یەکێک لە هۆکارە سروشتییە تێکدەرەکانی شوێنەوارە و شوێنەوارەکانی کوردستانیش پارێزراو نین لە هەبوون و مەترسی ئەم هۆکارە تێکدەرە، بیجگە لەم گۆڕانەی کە باسمان کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە گۆڤاری سۆمەر نووسراوە، هەر لە دەشتی رانیە و دەریاچەی دوکان نزیکەی ٥٥ گردی شوێنەواری کەوتوونەتە ژێر ئاوی بەنداوی دوکانەوە، بەڵام زۆربەی زۆریان هەمیشە لەژێر ئاون و ئەوەی کە ساڵانە بەهۆی بەرزی و نزمیی ئاوەکەوە دەردەکەون چەند گردێکن وەک گردەکانی دووگردکان، باب و کوڕ و شمشارە، بازمووسیان و چەند گردێکی دیکە.

گردی شمشارە کە بەهۆی دۆزینەوەی ٢٨٦ تابلێتی قوڕ کە مێژوویان بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە بە یەکێک لە گردە مێژوویی- شوێنەوارییەکانی کوردستان دادەنرێت کە بە دووریی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی رانیەوە. ئەم تابلێتە مێژووییانە دەکرێ سەرچاوەیەکی باش بن بۆ ناسینەوە و نووسینەوەی مێژووی کۆنی کوردستان، چونکە لە کۆمەڵێک لەو تابلێتانە باسی لە حوکمداریی ئەوسای ئەو دەڤەرە و چۆنیەتیی ژیانی خەڵک و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە دەکرێت.

ڕووبەرەکەی ٣٣*٦م، هەروەها بەرزییەکەی ١٩م لە ئاستی ڕووی دەریاوە و بەشی باشووری گردی شمشارە ١٣ مەترە و پێشتر لە زۆربەی گردەکانی ئەم کۆمەڵە گردە بەرزتر بووە، بەڵام بەهۆی بەرزی و نزمیی ئاستی ئاووە تووشی راماڵین بووە.

٢٨٦ تابلیت لە ساڵی ١٩٧٥ لە لایەن تیمیکی دانیمارکییەوە لە گردی شمشارە دۆزراوەتەوە و کای هەڵکۆڵین لە گردی شمشارە لە ساڵی ٢٠١٢بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی لایدنی هۆلەندی و بەڕێوەبەرایەتیی شوینەواری سلێمانی ئەنجام دراوە و گرێبەستیان هەتا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بووە.

ئەم گردە لە چەند مانگێک لە ساڵ دەکەوێتە ژێر ئاو و تەنها چەند مانگێک لە دەرەوەی ئاوە بۆیە کار کردن لەسەری زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، هەرچەند بەرزی و نزمی ئاوی بەنداوی دووکان شتێکی سروشتییە و چارەسەری نییە بەڵام دەکرێ ئەم گردە بە شێوازی زانستی شوێنەوارناسی ژێر ئاو کاری کنە و لێکۆلینەوەی بۆ بکرێت.