عەلى عه‌ونى: سەعدی پیرە وەك گەنجێكی نەوەی نوێ ڕەفتار دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عەلى عه‌ونى: سەعدی پیرە وەك گەنجێكی نەوەی نوێ ڕەفتار دەكات

"ده‌بوایه‌ سه‌عدى پیره‌ ڕووى قسەكانی له‌ په‌كه‌كه‌ بوایە"

ئەمڕۆ هەینی عەلى عه‌ونى ئه‌ندامى سەر‌كردایه‌تیى پارتى ڕەخنەی لە لێدوانێكی سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گرت كە لەبری سەركۆنەكردنی پەلامارەكانی هێزەكانی پەكەكە، ڕووی قسەكانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان كردبوو، دەشڵێ سەعدی پیرە وەك گەنجێكی نەوەی نوێ ڕەفتار دەكا.

لەمبارەیەوە عەلی عەونی به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند "قسه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى سه‌عدى پیره‌ ئاڵۆزن و ورد نین، خزمه‌تى یه‌كڕیزى ناو هه‌رێمى كوردستان و یه‌كده‌نگى و یه‌ك تیمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ناكەن".

گوتیشی "ئه‌م ڕوونكردنه‌وانه‌ى سه‌عدى پیره‌ لێدانه‌ له‌ ڕۆڵ و ئه‌داى نوێنه‌رانیان له‌ ناو حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ سه‌نگ و قورسایی جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان و به‌رپرسه‌كانیان له‌ناو حكوومه‌ت ده‌شكێنێ، چه‌ند ڕۆژێك پێشتریش ئه‌و براده‌ره‌ ڕوونكردنه‌وه‌یەكی دابوو كه‌ چیاكانى كوردستان فرۆشراون بۆ داربڕینه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى بڵێ كێ فرۆشتوویەتی و به ‌چه‌ند فرۆشراون، هه‌ر وا قسه‌ى فڕێ داوه‌، ئه‌مانه‌ خزمه‌ت به‌ ئارامى شه‌قامى كوردستان ناكەن".

عەلی عەونی ئاماژەشی بەوەدا كە په‌كه‌كه‌ هێزێكه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان نییه‌، كەچی ناوچه‌یه‌كى فراوانى هه‌رێمى كوردستانی داگیر كردووه‌، په‌یتا په‌یتاش ئه‌م ناوچانه‌ ڕاده‌ستى توركیا ده‌كات، له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ بێت ئه‌م ناوچانه‌ ڕاده‌ستى حكوومه‌تى كوردستان بكاتەوە".

ئه‌ندامەكەى سەر‌كردایه‌تیى پارتى هەروەها گوتی "په‌كه‌كه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێرێت كه‌ توركیا هه‌ر جێیه‌كى بوێت، بۆى داگیر ده‌كات، په‌كه‌كه‌ ئه‌م بیانووە‌ شه‌رعیه‌ ده‌داته‌ ده‌ست توركیا، سه‌عدی پیره‌ش وه‌ك گه‌نجێكى نه‌وەی نوێ ڕه‌فتار ده‌كات، وەك ئەوەی له‌ حزبێكى تازه‌ بێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ نابێت و ئەم قسانە بۆ ئەو شیاو نین".

دەشڵێ "تیمى یەكێتی لە وەزارەتی پێشمه‌رگه‌ لە مه‌یدانى كردار و شه‌ڕدان، حه‌تمه‌ن له‌ سه‌عدى پیره‌ ئاگادارترن، نازانم بۆ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و سه‌عدى پیره‌ ئاگاداره‌؟ ئه‌مە چ نهێنییەكی تێدایە؟ من پێموایه‌ ئەمە‌ به‌ستراوەتەوە‌ به‌ سیاسه‌تیى گشتیى خۆیان له‌ سلێمانى، هه‌موو حزبه‌كانى سلێمانى بڕیاریان داوه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هەرچی بڵێت، ئەوان په‌سه‌ندى نه‌كه‌ن و دژى بن، ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌كى گشتى ماوه‌یه‌كه‌ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى به‌ پێچه‌وانه‌ى بڕیاره‌كانى حكوومه‌تى كوردستانن، بۆیە كاتێك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت چاكسازى بكات، ئه‌وان دژى ده‌وەستنه‌وه‌".

ئاماژەشی بەوەدا كە كاتێك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت هێزه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا یه‌ك بخرێنه‌وه‌، مه‌كته‌بى سیاسیى یەكێتی بڕیار دەدەن دژى بن، ئه‌وان هێزى خۆیان له‌وه‌ ده‌بینن كه‌ هێزى میلیشیا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هێزى میلیشیا نه‌بێت، ئەوان ناتوانن وه‌ك حزبێكى مه‌ده‌نى له‌ مه‌یداندا چالاكى بكه‌ن، بۆیه‌ ناڕازین.

عەلی عەونی دووپاتی كردەوە كە په‌كه‌كه‌ هاتووەته‌ سه‌ر هەرێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌كوژێت و خه‌ڵك ده‌ڕفێنن، سه‌عدى پیره‌ به‌رپرسیارییە‌تى ئه‌خڵاقی لەسەرە، ده‌بوو به‌رگرى بكه‌ن، له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكیشدا له‌ نێو شارى سلێمانى، په‌كه‌كه‌ داواى ناسنامه‌ له‌ سه‌عدى پیره‌ و سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى ده‌كه‌ن، له‌ قسه‌كانى قه‌ندیلیش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سلێمانى به‌شێكه‌ له‌ هه‌رێمى میدیا و لەژێر ده‌ستى خۆیاندایە.