پەرلەمانتارێکی كوردستان وەڵامی سەعدی پیرە دەداتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێکی كوردستان وەڵامی سەعدی پیرە دەداتەوە

”با لە وەزیری پێشمەرگە بپرسێ کە پەکەکە و میدیای حزبەکەی ئاگری شەڕ خۆش دەکەن یان پێشمەرگە“

پەرلەمانتار سەعید مستەفا لە لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەداتەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی بە دەرکردنی بەیاننامە ئاگری شەڕ خۆش دەکات.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتار سەعید مستەفا كە ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەیە لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی پارتی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند ”با سەعدی پیرە لە وەزیری پێشمەرگە لە پشکی حزبەکەی بپرسێ ئەوە وەزارەتی پێشمەرگەیە ئاگری شەڕ بە بەیاننامە خۆش دەکات، یان پەکەکە و میدیاکانی یەکێتیین لەبری دیفاعکردن لە پێشمەرگە، بوون بە بەشێک لە هەڵمەت و ئەو ئاگرەی پەکەکە بۆ شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان هەڵیگیرساندووە“.

هەروەها گوتی بەداخەوە پەکەکە ساڵانێکە بووەتە هێزێک بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک و هەرێمی کوردستان، پەلاماری گوندنشینان دەدات و لە ماڵ و ژیانی خۆیان دەریاندەکات، باجی زۆرەملێی خستووەتە سەریان، هەر بەوەش نەوەستاوە ئەوە ماوەیەکە شەڕ بە پێشمەرگە دەفرۆشێت و لە چەند رۆژی رابردوو شەش پێشمەرگەی شەهید کردووە، تەقە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکات و بووەتە هۆکار بۆ تۆپبارانکردنی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکان و هاتنە پێشەوەی سوپای تورکیا.

ئەوەشی گوت كە ئەوەی پەکەکە دەیکات خۆشکردنی ئاگری شەڕ نییە، بەڵکو سەنگەرگرتنە لە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، بەداخەوە سەعدی پیرە چاوی لە بەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژییانەی پەکەکە داخستووە و بەیاننامەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە بووە بە گرێکوێرە بۆی و وەزارەتی پێشمەرگەی بە خۆشکردنی ئاگری شەڕ تۆمەتبار کردووە، لە کاتێکدا کە وەزیری پێشمەرگە لە حزبەکەی خۆیەتی و دەیتوانی زۆر بە ئاسانی پرسیاری ئەوەی لێ بکات ئەوە پەکەکە و میدیاکانی یەکێتیین هۆکاری خۆشکردنی ئاگری شەڕن، یان پێشمەرگە و پارتی و وەزارەتی پێشمەرگە بە دەرکردنی بەیاننامە؟

پەرلەمانتارەكەی كوردستان دەشڵێ بەڵام لە کاک سەعدی ناگیرێت، چونکە هەر سەرکردەیەکیان لە دۆڵێک و لە ئاوازێک دەخوێنێ، دیارە کاک سەعدییش لەو دۆڵەیە کە میدیاکانی حزبەکەی تیایدا بوون بە ئاگری بن کا.