لە سلێمانی پیاوێک کوژرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى، لە گەڕەکی ڕزگاریی سلێمانی، خاوه‌نكارێك کاتێک ڕۆیشتووەتە سه‌ر خانووه‌كه‌ى، له‌لایه‌ن سێ كرێكارى‌ عه‌ره‌بەوە كه‌ كاریان بۆى كردووه‌، کوژراوە.

 به‌پێى زانیارییه‌كانى پەیامنێری (باسنیوز) كه‌ له‌ سه‌نته‌رى فریاكه‌وتنى خێراى سلێمانى ده‌ستی كه‌وتووه‌، ئه‌و هاووڵاتییه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى ڕزگاریى سلێمانى سه‌رقاڵى دروستكردنى خانوو بووه ‌و به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ هەینی 11/6/2021 سه‌ردانى خانووه‌كه‌ى خۆى كردووه ‌و له‌و كاته‌دا سێ كرێكارى به‌ نه‌ته‌وه‌ عه‌ره‌ب كه‌ كاریان بۆى كردووه‌، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌رى و به‌ خاكه‌ناز و ئامێری دیکەی کار كوشتوویانه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان دواى كوشتنی هاووڵاتییه‌كه‌، كرێكاره‌كان ئۆتۆمبێلى هاووڵاتییەکەشیان بردووە و بۆ شوێنێكى نادیار هەڵاتوون.

  هاووڵاتییه‌ كوژراوه‌ ناوى (عوسمان محه‌مه‌د)ه ‌و ته‌مه‌نى سەرووی 60 ساڵه ‌و ئێستا به‌مه‌به‌ستى توێكاریى پزیشكى، تەرمه‌كه‌ى ڕه‌وانه‌ى پزیشکی دادی سلێمانی كراوه‌.

له‌باره‌ى هۆكارى ڕوداوه‌كه‌ و ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تباره‌كان،(باسنیوز) چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیى به‌ گوته‌بێژى پۆلیسى سلێمانییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌ست نه‌بوون.

هەتا ئێستا لەبارەی ڕووداوەکەوە بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی هیچ زانیاری و وەردەکارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە