وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوكردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوكردەوە

لەبارەی پەلامارەكانی پەكەكە و گرووپێكی بە ناوی ئاشتی و ئازادییە

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پەلامارەكانی ئەم دواییەی پەكەكە بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بڵاوكردەوە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر و پێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە، ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون".

راگەیێندراوەكە هەروەها دەڵێ "چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەورووپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی".

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی كردووەتەوە "لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێر ناوی هیچ گرووپێک، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت. داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی و ئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن، چونکە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان و سنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن".