هاووڵاتییانی عێراق پرسە بۆ نەمانی تەزووی كارەبا دادەنێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هاووڵاتییانی عێراق پرسە بۆ نەمانی تەزووی كارەبا دادەنێن

چەند ڕۆژێكە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا، كاتەكانی پێدانی تەزووی كارەبا بە هاووڵاتییانی عێراق كەم كراوەتەوە، ئەمەش لە چەند شارێكی باشوور، ناوەڕاست و باكووری وڵاتەكەدا خۆپیشاندانی بەرفرەوان و ناڕەزایی لێ كەوتووەتەوە و بەشێك لە هاووڵاتییانیش لە ڕێپێواندا پرسە بۆ نەمانی كارەبا دادەنێن.

میدیاكانی عێراق دەربڕینی ناڕەزاییەكانی هاووڵاتییانی عێراق لە شارەكانی ناوەڕاست، باشوور و باكووردا دەگوازنەوە، بە تایبەتی ناڕەزاییەكانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاكانی بەغدا، واست و كەركووك، بە جۆرێك ڕەخنەی توند لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق دەگرن بەوەی سەرباری خەرجكردنی ملیاران دۆلار لە كەرتی كارەبادا، تا ئێستا ساڵانە بەردەوام كەرتی كارەبا بەرەو خراپتر دەچێت.

لەمبارەوە محەمەد روبەیعی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رای گەیاند خەتای بڕینی بەردەوامی تەزووی كارەبا لە ناو شاری بەغدا بۆ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی دوای ٢٠٠٣ی عێراق دەگەڕێتەوە، سەرباری ئەوەی ملیاران دۆلار لە كەرتی كارەبادا خەرج كراوە.

هەروەها دەڵێ وەزارەتی كارەبای عێراق ئێستاش دەڵێ محاویلەی كارەبای پێویستیان نییە، كەچی كاندیدی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان هەیە بە تەنها لەخۆڕا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران ناوچەكەی، ٤٠ محاویلەی كارەبای دابین كردووە.

لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانتار جاسم بەخاتی كە ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمانی عێراقە ئاماژەی بەوە داوە كە حكوومەتەكانی عێراق بڕی ٧٠ ملیار دۆلاری ئەمریكیان لە كەرتی كارەبادا بەهەدەر داوە.

دەشڵێ بە هۆی ڕێككەوتنی سیاسیی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەتەوە، بابەتەكە پەردەپۆش كراوە و پەرلەمانی عێراق لێی بێدەنگ بووە و لەبارەی ئەم بڕە پارە زەبەلاحانەوە هیچ لێپرسینەوەیەك لە سەرۆك حكوومەتەكان و وەزیرەكانی كارەبا نەكراوە.