گوتەبێژی هاوپەیمانان باسی هێرشەكانی ئەم دواییەی میلیشیاكانی عێراق دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گوتەبێژی هاوپەیمانان باسی هێرشەكانی ئەم دواییەی میلیشیاكانی عێراق دەكات

"هەر هێرشێك بۆ سەر حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانان لێدانە لە سەروەریی عێراق"

ئەمڕۆ پێنجشەممە واین مارۆتۆ گوتەبێژ بە ناوی هێزەكانی هاوپەیمانان ڕای گەیاند هەر هێرشێك بۆ سەر حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانان، لێدانە لە سەروەری و دەسەڵاتی عێراق.

مارۆتۆ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاماژەی بە هێرشەكەی دوێنێ چوارشەممەی میلیشیاكان داوە بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئاسمانیی "بەلەد" لە ڕێگەی سێ مووشەكەوە، دواتریش كردنە ئامانجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ڕێگەی سێ درۆنەوە، لەمبارەیەوە رای گەیاندووە ئەم هێرشانەی بەم دواییە دەكرێنە سەر پێگە حكوومیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، سەروەریی عێراق و دەسەڵاتەكەی پێشێل دەكەن.

هەروەها دەڵێ هەر هێرشێكی ئەم لە یاسا دەرچووانە زیان بە دەسەڵاتی دەزگاكانی دەوڵەتی عێراق و سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەكە دەگەیەنێت.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی هاوپەیمانان لە كاتێكدایە، نیگەرانییەكانی ئەمریكا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت لەبارەی هێرشەكانی میلیشیا شیعییەكان بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمریكا، بە تایبەتی كە بەم دواییە هێرشەكان لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجام دەدرێن و مەترسیی زیاتر دروست دەكەن.

دوێنێش گۆڤاری "فۆربس"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا هۆشداری دابوو لەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق لە مەترسیدان، بەهۆی ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوونەتە خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بچووك "درۆن".

گۆڤارە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوە دابوو كە سیستەمە گرانبەهاكانی بەرگریی ئەمریكا بەرگەی هێرشی درۆنە مینڕێژكراوەكان ناگرن، بەتایبەتی لە جۆری ئەو هێرشەی بەر لە چەند رۆژێك بنكەی سەربازیی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق ڕووبەڕووی بووەوە.