بۆ ئەوەی ڕاستیەكە دەربكەوێت، تەنیا مانگێك لێرە مەمێنن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ ئەوەی ڕاستیەكە دەربكەوێت، تەنیا مانگێك لێرە مەمێنن!

 

ھەر لە چوارچێوەی بەرگریكردن لە چەكدارانی پەكەكە، دەیان لێكۆڵەر و دەیان شیكەرەوەی سەیر و ئەنتیكەمان لێ قوت بوونەتەوە و دەڵێن: ”توركیا ڕاست ناكات كە دەڵێت بە بیانووی پەكەكە ھێرش دەكاتە سەر ھەندێك ناوچەی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر پەكەكەش نەبێت توركیا نیازی داگیركردنی ھەرێمی كوردستانی ھەیە، ئەویش بە بیانووی داواكارییە كۆنەكەی خۆی بۆ ویلایەتی مووسڵ، بۆیە نەك ھەرێمی كوردستان بەڵكوو ھەموو باشووری كوردستان داگیر دەكات و دەیلكێنێت بە خۆیەوە“.

ئەم جۆرە بەرگریكردنە لە پەكەكە، جگە لەوەی كە ھاندانی پەكەكەیە بۆ ئەوەی لەسەر شەڕپێفرۆشتن و گێچەڵكردنەكانی خۆیان بە ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بەردەوام بن، شێوازێكی ترە بۆ لەخشتەبردن و ھەڵخەڵەتادنی خەڵك، ئەسڵەن ھاندانی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی ھەرچیەك پێیان دەكرێت بۆ بەرگریكردن لە پەكەكە بیكەن. ئەوانەی بەم شێوەیە بەرگری لە پەكەكە دەكەن، بە خۆیان بزانن یان نا وەك كادرێكی پەكەكە چەكدار بۆ پەكەكە پەیدا دەكەن.

جا بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیە زۆر بەڕوونی و بەئاشكرا دەربكەوێت و ئیتر لە لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی لاواز و سەقەت و سقوت ڕزگارمان ببێت، بۆ ئەو شرۆڤەكارانەی كە ڕۆڵی كادری پەكەكە دەبینن، باشتر وایە لەجیاتی ئەو جۆرە بەرگریكردنە لە پەكەكە، بە پەكەكە بڵێن باشە ئەوە نزیكەی 30 ساڵە توركیا بە پاساوی بوونی ئێوە لە ھەرێمی كوردستان چەندین ناوچەی جیاجیای ھەرێمی كودستانی بۆردومان كردووە، ئەی بۆچی ئێوە تەنیا بۆ تاقیكردنەوە و ھەر بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئایا توركیا ڕاست دەكات كە بەھۆی بوونی ئێوەوە بۆردومانی ھەرێم دەكات یان نا، بۆچی ھەر بۆ لەمەحەكدانی ئەم پاساوەی توركیا، تەنیا بۆ یەك مانگ و ھەر بۆ تاقیكردنەوە گشت ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان چۆڵ ناكەن و بڕۆنە بەشێكی تری كوردستان، بۆ نموونە باكووری كوردستان كە شوێنی ئەسڵی خۆتانە، یان ڕۆژھەڵاتی كوردستان و ئەگەر ھەر بۆ حەسانەوە و پشووش بێت مانگێك لەدەرەوەی ھەرێمی كوردستان، پشوویەك بدەن بۆ ئەوەی بزانین لە ماوەی ئەو مانگەدا توركیا چەند جار ھەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات؟ ئایا ئەمە باشتر نیە لەو ھەموو شڕە شرۆڤەی گوایا شرۆڤەكاران؟