"ئەو پێشوازییە گەرمەی بەلجیكا لە سەرۆك وەزیرانی كوردستانی كرد، بەڵگەی گرنگی و بەهێزیی هەرێمی كوردستانە"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"ئەو پێشوازییە گەرمەی بەلجیكا لە سەرۆك وەزیرانی كوردستانی كرد، بەڵگەی گرنگی و بەهێزیی هەرێمی كوردستانە"

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له‌ گرنگیی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وروپا و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گرنگیی سه‌ردانه‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌دایە.

هۆشیار سیوه‌لی، بۆ (باسنیوز) گوتی: "سه‌ردانی سه‌رۆك حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بۆ ئه‌وروپا و به‌تایبه‌ت بۆ به‌لجیكا، سه‌ردانێكی گرنگ و به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزی پێگه‌ی كوردستانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و سەکۆی نێوده‌وڵه‌تی، به‌لجیكا وڵاتێكی گرنگه‌ و پایته‌ختی یه‌كێتیی ئه‌وروپایه‌ و كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی یه‌كێتیی ئه‌رووپادا هه‌یە”.

گوتیشی: “به‌لجیكا ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌، میكانیزمی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ و زمان دامه‌زراوه‌ و زۆر نزیكه‌ له‌و شێوازه‌ فیدراڵییه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی فلادر گرنگن و ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و وڵاته‌ بایه‌خ و گرنگیی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، به‌تایبه‌ت ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یەی سه‌رۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكادا کردی، باسی كۆمه‌ڵێك شت كراوه‌، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێستا و ئاینده‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه”‌.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشی کردەوە: "به‌ریتانیاش له‌ ئاستی ئه‌وروپا وڵاتێكی گرنگه،‌ هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی گرنگه‌، كه‌ ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بایه‌خ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن زیاتر بایه‌خ به‌ كوردستان بده‌ن، به‌تایبه‌ت لە بواری ئه‌منی و هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش، كه‌ هێشتا ماون و له‌و رووه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن”.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، هۆشیار سیوه‌لی، گوتیشی: “یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا باس كراوه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، به‌لجیكا چۆن لە بواری کشتوکاڵدا هاوكاریی كوردستان بكات، دواتر په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ و به‌غدا به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌، کە سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هاوكاریی هه‌ردوولا بكه‌ن”.

راشی گه‌یاند: “له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ هیچ جێگای گومان نییه‌، نه‌ك ته‌نیا ئه‌م سه‌ردانانه‌، پێشووتر سه‌ردانی دیكه‌ كراوه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ جه‌رگه‌ی چوار وڵات دایه‌، كه‌ كه‌م و زۆر گرفتی ئه‌منی و گرفتی سیسته‌می سیاسییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئێران دۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌یە، لە سووریا به‌هه‌مان شێوه‌ و له‌ عێراقیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ میلیشیكان خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ ده‌سه‌ڵات، گله‌یی و گازنده‌ش له‌ توركیا هه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م چوار وڵاته‌دا، پێگه‌یەکی گرنگی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ له‌ناو خۆماندا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بین و چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی وه‌ك له‌ یاساكه‌دا هاتووه‌ و له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌، جێبه‌جێ بکەین”.

ئەو بەرپرسە راشی گەیاند: “لە ئاستی بەرزدا پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان هه‌یه‌، له‌ ئاستی وه‌زارەتی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، کە ئه‌م پشتیوانی و هاوكارییه‌ نه‌گۆڕ و به‌رده‌وامه‌”.

سەبارەت بە هێزی پێشمه‌رگه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: “ئەمە یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ هه‌ر گرنگەکان، كه‌ به‌ریتانیا و ئه‌ڵماینا و فه‌رەنسا و ئیتالیا له‌ ئه‌وروپا، هەروەها ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر خه‌تن، جگه‌ له‌ هاوكارییەکانیشان، هه‌وڵی زۆریشیان داوه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكی تۆکمە دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان نه‌بێت، ئه‌و وڵاتانه‌ بۆچی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن، له‌م رۆژانه‌ گوێم له‌ ئیتالییه‌كان بوو گوتیان، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامەی هێزێكی پرۆفیشاڵ لە پێشمەرگە دروست بكه‌ین”.

ده‌شڵێت: "ئه‌و سه‌ردانانه‌ی به‌رپرسانی ئێمه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت سه‌رۆك بارزانی، دواتر كاك نێچیرڤان بارزانی و ئێستاش كاك مه‌سرور بارزانی، له‌ ئاستێكی به‌رز و فه‌رمی پێشوازیی كراون، له‌م سه‌ردانه‌شدا ئه‌وه‌ خوێنراوەته‌وه‌، کە ئه‌م پرۆتۆكۆله‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كرێت، كه‌ خاوه‌ن سیاده‌ن و ئه‌ندامن له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یە بۆ ئاستی په‌یوه‌ندیی كوردستان و جیهان”.