وەزارەتی دارایی عێراق لە بارەی بەهای دۆلار و دینار روونكردنەوە دەدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی دارایی عێراق لە بارەی بەهای دۆلار و دینار روونكردنەوە دەدا

 وەزارەتی دارایی عێراق لە بارەی  لێدوانێكی وەزیری دارایی، رەتی دەكاتەوە کە وەزیر ئەو لێدوانەی دابێت 100 دۆلار ببێتە 300 هەزار دینار.

وەزارەتی دارایی عێراق  ئەمرۆ پێنجشەممە 10/6/2021 لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی كردەوە "وەزارەتی دارایی ئەو لێدوانە دروستكراو و هەڵبەستراوە رەت دەكاتەوە، كە بە ناوی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی بڵاویان كردووه‌تەوە، گوایە بەهای 100 ده‌بێت به‌ 300 هەزار دینار".

وەزارەتی دارایی عێراق، جەختیشی كردوه‌تەوە "ئەو لێدوانەی بە ناوی وەزیری دارایی بڵاو كراوەتەوە، هیچ بنەمایەكی نییە و ئامانج لەو كارە دروستكردنی پشێوی و تێكدانی ئابووری و شڵەژانی رای گشتییە".

ئەو ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی وەزارەتەكە لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە بە بەردەوامی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار لە دابەزیندایە و ئەمڕۆش 100 دۆلار بەهاكەی نزیكە لە 151 هەزار دیناری عێراقییه‌.

رۆژی 8/6/2021 شیروان ئەنوەر، راوێژكاری هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند:" بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و دابەزینی به‌های دینار كێشەیەكی گەورەیە بۆ بازاڕ و بۆ گرانبوونی كاڵاكانیش قورساییەكی زۆری خستووه‌تە سەر شانی هاووڵاتیان، بە تایبەت چینی هەژاران، هەروه‌ها كێشەی بۆ بانكەكانیش دروست كردووە".

ئەوەشی خستە ڕوو كاتێك بەهای 100 دۆلار 150 هەزار دینار تێدەپەڕێنێت، ئەوە مەترسی هەیە نرخی دینار زیاتر دابەزێت، گوتیشی:" بانكی ناوەندی رۆژانە 185 ملیۆن بۆ 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕه‌وه‌، ئەوەش بەراورد بە خواستی بازاڕ و داواكاریی خەلك كەمە و دەبێت زیاتر بكرێت، چونكە دۆلار بۆ ناوخۆ و بۆ بازرگانی و كڕینی كەلوپەل لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، كاتێك خواست زۆر دەبێت به‌های دۆلار گرانتر دەبێت".

شیروان ئەنوه‌ر پێی وایە "ئەگەر بانكی ناوەندی بە سیاسەتی خۆی نەچێتەوە و دۆخی ئابووری عێراق باش نەبێت، ئەوە بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت و ئەوەش زیانی زۆر زۆری دەبێت".