عێراق له‌ بەرتیلخۆریدا نقووم ده‌بێ و دەستەی دەستپاكیش ئامارەكان دەخاتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق له‌ بەرتیلخۆریدا نقووم ده‌بێ و دەستەی دەستپاكیش ئامارەكان دەخاتە ڕوو

 دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق، وردەكاریی چەند لایەنێكی بەرتیل و پارەوەرگرتن لە بەرامبەر راییكردنی مامەڵە و ئەنجامدانی مامەڵەی نایاسایی ئاشكرا دەكات، جەختیش دەكاتەوە لە فەرمانگەكانی تاپۆدا بەرتیل زۆر زۆرە، دادوەرێكیش دەڵێت:" دیاردەی  بەرتیلدان لە عێراق، بۆ لاوازیی چاودێری و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی دەگەڕێتەوە.

دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاشكرای كردووە، بە ڕێژیەكی زۆر بەرتیلوەرگرتن لە دامودەزگاكانی عێراق، زیادی كردووە.

لە راگەیاندراوەكە هاتووە" بەم دواییانە دەستەی دەستپاكی هەندێك ئامار و داتای كۆكردوونه‌تەوە، بۆ زانینی رێژەی بەرتیلوەرگرتن لە دامودەزگاكان، بە تایبەت لە دامودەزگا خزمەتگوزارییەكاندا، دەركەوتووە بەرتیل و پارەوەرگرتن و  پارەدانێكی زۆر بۆ راییكردنی مامەڵەكان هه‌یه‌".

دەستەكە ئەوەشی خستووه‌تە ڕوو، توانیویانە چەندان تاوانی بەرتیل ئاشكرا بكەن، كه‌ هاووڵاتییان ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌.

دەستەی دەستپاكی، باس لە یەكێك لە دۆسیەكانی بەرتیل دەكات و دەڵێت:"لە فەرمانگەی چاودێریی كۆمەڵایەتی میسان بەرپرسی فەرمانگەكە مامەڵەی خەڵكی دوادەخست، پاش لێكۆڵینەوە دەركەوت بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل چەندان دۆسیەی تایبەت بە باجی پڕۆژەكانی بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل شاردووه‌تەوە.

هەروەها راشیگەیاندووە لە هەمان فەرمانگە، فەرمانبەرێكیان دەستگیر كردووە بۆ راییكردنی مامەڵەی نایاسایی، بەرتیلی وەرگرتووە.

مه‌یادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە زۆربەی فەرمانگە و دامەزراوەكانی عێراق گەندەڵی و پارەخواردن و بەرتیلدان بڵاو بووەتەوە، بۆیە خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان لە خراپترین دۆخدان و هاووڵاتییانی عێراقیش باجەكەیان داوە".

پێشتر دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاندبوو، پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لە فەرمانگەکانی تاپۆ لە عێراق زۆر بووە، بە ڕادەیەک لە دیوی رۆژهەڵاتی مووسڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 50٪ و لە بەغدا گەیشتووەتە زیاتر لە 30٪.

دەستەی دەستپاکیی عێراق، رایگەیاند: "دوای وەرگرتنی بۆچوونی 11 هەزار سەردانیکەری 44 فەرمانگەی تاپۆ لە بەغدا و لە 14 پارێزگای دیکەدا، بە درێژایی 3 مانگ، بۆمان ئاشکرا بوو کە پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لەو فەرمانگانەی دەوڵەت زیاتر بووە، بەشێوەیەک پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لە فەرمانگەکانی تاپۆ لە بەغدا بە گشتی 31.77%ـە، هاوکات 18.33٪ـی سەردانیکەرانی ئەو فەرمانگانە دەڵێن فەرمانبەران بە مەبەست مامەڵەکانمان دوا دەخەن".

دەستەی دەستپاکی دەشڵێت: "پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لە فەرمانگەکانی تاپۆ لە دیوی رۆژهەڵاتی مووسڵ گەیشتووەتە 51.9%، لە دیوی رۆژئاوای شارەکەش 5.9٪ـیە، لە کاتێکدا 55.7٪ـی سەردانیکەرانی ئەو فەرمانگانە دەڵێن فەرمانبەران بە مەبەست مامەڵەکانمان دوا دەخەن، لە پارێزگای میسانیش پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لە فەرمانگەکانی تاپۆ 50.6%ـە، هاوکات 46٪ـی سەردانیکەرانی ئەو فەرمانگانە دەڵێن فەرمانبەران بە مەبەستەوە مامەڵەکانمان دوا دەخەن".

دەستەی دەستپاکی جەختیش لەوە دەکاتەوە: "بۆ کەمکردنەوەی پێدان و وەرگرتنی بەرتیل لە فەرمانگەکانی تاپۆ پێویستە، زوو زوو پشکنین و وردبینییان بۆ بکرێت".

بەرتیل(الرشوە): لە لایەن یاساناسانەوە بەم شێوەیە پێناسەكراوە"بریتیە لە بازرگانیكردن بە كاری فەرمانبەرێتی، به‌ ڕێككەوتن لە نێوان فەرمانبەر وخاوەن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك دەبێ هله‌سه‌ر (سوودوەرگرتن یان دەستكەوتیك یان پەیماندان بە شتێك ) لە بەرامبەر كارێك كە پەیوەندی بەوەزیفەی گشتیەوە هەیە، یان چاوپۆشی كردن لە كارێكی یاسایی".

 بەپێی یاسای ژمارە 111ی سزاكانی عێراق سزای بەرتیلخۆری بەندكردنە بۆ ماوەیەك لە 10ساڵی زیاتر نەبێت‌ و غەرامەكردنیشی تێدایە،هەروەها فەرمانبەری بەرتیلخۆر لە ئه‌رك لادەدرێت و نابێت دووبارە فەرمانبەرەكە لە هیچ فەرمانگەیەكی حكوومەت دابمەزرێتەوە.

داوەر هیوا ئەحمەد بە (باسنیوز)ی راگەیاند:" لە دامودەزگاكانی میری لە عێراق دیاردەی  بەرتیل دان زۆر زەقە و لەوە دەرچووە، كە بگوترێت تاوانێكی نهێنییە، بەڵكوو بە ئاشكرا دەكرێت، ئەوەش بۆ لاوازیی چاودێری و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی دەگەڕێتەوە".

حاكم هیوا پێی وایە "تاوانی ساغبوونەوەی بەرتیل بەسەر هەر فەرمانبەر و كەسێك  سزای قورسی هەیە و كەیسی بەرتیلیش زۆر فراوانە، چونكە بەرتیلوەرگر و بەرتیل دەر و نێوەندگیر یەك كەیسە و دەبێت هەر سێ لایەن سزا بدرێن.