حکوومەتی عێراق نیگەرانە لە ئازادکردنی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حکوومەتی عێراق نیگەرانە لە ئازادکردنی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی

حکوومەتی عێراق نیگەرانە لە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی بە ئازادکردنی فەرماندەکەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.

ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری (سەرچاوەیەکی حکوومیی عێراقی“یەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە حکوومەت هەموو بەڵگەکانی دژی قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، رادەستی دادگا کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەڵگەکان بریتی بوون لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان قاسم موسڵیح و تیمی تیرۆرکردنی چالاکوانانی عێراق و نامە هەڕەشەئامێزەکان.

سەرچاوەکەی حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەسەڵاتی دادوەری لەژێر گوشاردا بڕیاری ئازادکردنی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی داوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 9-6-2021، قاسم موسڵیح بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری، ئازاد کرا، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی باسیان لەوە دەکرد، کە موسڵیح دەستگیر نەکرابوو، بەڵکو لە بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرا.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو: کە ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەری، ئازاد کراوە.

پێشتر لە رۆژی 26-5-2021، هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق قاسم موسڵیحی لە باشووری بەغدا، بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و کوشتنی چالاکوانان، دەستگیر کرد.