لێكۆڵەرێكی سویدی: بایدن داوا لە ئەردۆغان دەكات فشاری سەر هەدەپە ڕابگرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لێكۆڵەرێكی سویدی: بایدن داوا لە ئەردۆغان دەكات فشاری سەر هەدەپە ڕابگرێت

لێكۆڵەرێكی سویدی كە مامۆستای زانكۆیە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، هەڵسەنگاندنی بۆ كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا و جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە. ئەو پێیوایە بایدن داوا لە ئەردۆغان دەكات ئەو فشارەی لەسەر پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) رابگرێت. بابەتی دەستگیركردنی عوسمان كاڤالا، چالاكوانی مەدەنیی توركیاش یەكێك دەبێت لە تەوەری كۆبوونەوەكە.

بڕیارە لە ١٤ی ئەم مانگەدا كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان بایدن و ئەردۆغان لە برۆكسل ئەنجام بدرێت، چاوی میدیا جیهانییەكانیش لەسەر ئەو كۆبوونەوەیەیە.

د. پۆڵ لێڤین لێكۆڵەر لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، هەروەها شارەزای سیاسەتی توركیا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە كردووە و هەڵسەنگاندنی ئەویش لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە.

لێڤین دەنووسێت: "بایدن كاتێك بووە سەرۆكی ئەمریكا، سێ مانگ ئەردۆغانی لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە، بەوەی تەلەفۆنی بۆی نەكرد، ئەم پەیامەش روونە كە ئەمریكا لە توركیا تووڕەیە، هەروەها بایدن دەیەوێت بە ئەردۆغان بڵێت، پەیوەندیی ئەو وەكوو دۆناڵد ترەمپ و سەردەمی باراك ئۆباما نییە لەگەڵیدا. هەردوو سەرۆك باس لە چەندین تەوەر دەكەن، كە سەرەكیترینیان، كڕینی مووشەكی بەرگریی S400ی روسیایە، بایدن داوا لە توركیا دەكات دەستبەرداری بێت. بابەتی سوپای سووریای دیموكراتیش تەوەرێكی سەرەكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت، كە لەوێدا بە ئاشكرا ئەردۆغان داوا لە بایدن دەكات لە سووریا پشت لە سوپای سووریای دیموكرات بكات كە بەشێكی سەرەكیی ئەو هێزە سەر بە یەپەگەن، بەڵام بایدن ناتوانێت بڕیاری ئەوە بدات دەستبەرداری كورد بێت، چونكە لەناو پارتەكەی خۆی و دەرەوەی پارتەكەی خۆشی ڕووبەڕووی فشارێكی زۆر دەبێتەوە“.

بایدن زۆر گرنگی بە دیموكراتی و ئازادیی رادەربڕین دەدات، بۆیە لێڤین پێیوایە، بایدن نیگەرانی خۆی دەگەیەنێتە ئەردۆغان كە لە رێككەوتنی ئیستەنبۆڵ كشاونەتەوە، كە تایبەت بووە بە مافی ئافرەت.

باسی لەوەش كردووە، چالاكوان عوسمان كاڤالا كە ئێستا لە توركیا دەستگیر كراوە و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای ئازادكردنی كرد و توركیا رەتی كردەوە، دەبێتە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی نێوان بایدن و ئەردۆغان.

جگە لەوەش ئەو فشارەی لە لایەن حكوومەتی توركیا خراوەتە سەر هەدەپە، كە دەیان سەرۆك شارەوانییان لەکار لادراون و لە جێگەیان قەیووم دانراوە و سەدان ئەندامیان دەستگیر كراون و رۆژانە بە پارتێكی تیرۆریست ناویان دەبەن، بایدنی نیگەران كردووە، بۆیە لێڤین دەڵێت بایدن لەو ڕووەشەوە رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت و داوای لێ دەكات ئەو فشارەی سەر هەدەپە هەڵبگرێت.

لێڤین نووسیویە: "بایدن ئەوە دەزانێت توركیا خۆی خستووەتە باوەشی رووسیاوە، هەروەها پێچەوانەی یاساكانی ناتۆ دەجووڵێتەوە، بەتایبەت كاتێك چەكی درۆنی فرۆشتە ئۆكرانیا و گوێی بە ناتۆ نەدا، ئەمانە بایدن و ئەمریكای تووڕە كردووە. دەبێت ئەوەش باس بكرێت، توركیا لە لای ئەمریكا و لە برۆكسلیش دۆستی زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە لەسەر مێزی گفتوگۆ پێگەی لاوازە".

ئەو لێكۆڵەرە سویدیە دان بەوەدا دەنێت توركیا هێزێكی گرنگە لە ناوچەكە، بەڵام لەڕووی سیاسی و ئارامییەوە لاوازە، ئەمەش وای كردووە دۆستی كەم ببێتەوە.

ئەگەر سەیری میدیاكانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بكەین، رۆژانە هێرشی زۆر توند دەكەنە سەر یەكێتیی ئەورووپا و ئەمریكا، بەڵام لێڤین پێیوایە تەمەنی ئەم هێرشانە زۆر كورتە و درێژە ناكێشێت، چونكە توركیا لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە زۆر لاوازە، بۆیە ناچارە لەسەر بابەتە گرنگەكان لەگەڵ بایدندا رێك بكەوێت.