ڕوونكردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی ئازادكردنی قاسم موسڵیح
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕوونكردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی ئازادكردنی قاسم موسڵیح

ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری ئازادكردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بڵاوكردەوە و رای گەیاند هیچ بەڵگەیەكیان نییە كە موسڵیح بە كوشتنی ئیهاب وەزنی چالاكوانی عێراقی تۆمەتبار بكات.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە دادگا لە هەر كەیسێكدا، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵگانەدا دەكات كە لەبەر دەستیدا هەیە تا بە گوێرەی یاسای پەیوەندیدار بڕیاری لەسەر بدات، ئەوان لە كەیسی ئیهاب وەزنی چالاكوانی كوژراوی عێراقیدا، هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوت كە تاوانەكە بە قاسم موسڵیح ببەستێتەوە.

ئەوەشی روون كردووەتەوە كە لەلایەن دادوەرانەوەی موسڵیح بە كوشتنی ئیهاب وەزنی تۆمەتبار كرابوو، بەڵام كاتێك رووبەڕووی دادگا كرایەوە، هیچ بەڵگەیەكی ڕووبەڕوو نەكرایەوە، لەوەش زیاتر دەركەوت لە ڕۆژی كوژرانی وەزنییدا، موسڵیح لە دەرەوەی عێراق بووە.

جێی باسە قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار رۆژی دووشەممەی رابردوو بە بڕیاری دادگا و بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی تاوانباركردن، ئازاد كرا.

جێی باسە هێزە ئەمنییە تایبەتەكانی عێراق رۆژی 27ی ئایار بە تۆمەتی تیرۆركردنی ئیهاب وەزنی چالاكوانی عێراقی، قاسم موسڵیحیان دەستگیر كرد، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەسەر ناوچەی سەوزی بەغدایاندا دا و هەڕەشەی لەناوبردنی حكوومەتی عێراقیان كرد، بەم هۆیەوە حكوومەت بە ناچاری فەرماندەكەی حەشدی شەعبی بە شێوەیەكی نهێنی رادەستی فەرماندەیی حەشدی شەعبی كردبووەوە، تا ئەمڕۆ بە فەرمی و بە فەرمانی دادوەر ئازادیان كرد.