ئایا پەكەكە قەت پێشمەرگەی بە برای خۆی زانیوە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئایا پەكەكە قەت پێشمەرگەی بە برای خۆی زانیوە؟

ھەندێك لە دڵسۆزی و پەرۆشییانەوە و بێ چوونە ناو قوڵایی بابەتە سیاسییەكان، بەڵام ھەندێكی تر بە مەبەست و بۆ ئەوەی پێشمەرگە و چەكدارانی پەكەكە بخەنە یەك خانەوە و وەك یەك حساب بۆ پێشمەرگە و چەكدارانی پەكەكە بكەن، دەڵێن نابێ شەڕی براكوژی بكرێت و دەستدرێژییەكانی پەكەكە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و وەڵامی پێشمەرگە بۆ ئەو دەستدرێژییانە بە (شەڕی براكوژی) دەزانن. لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە بەشێك لە یەكێتی پەكەكە بە برا دەزانێت، بەڵام با ئەو بەشە لە یەكێتی و ئەوانی تریش، وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

1- لە ساڵی 1992 ھەتا ساڵی 2000 پەكەكە سێ جار شەڕی بەسەر ھەرێمی كوردستاندا سەپاندووە، جارێك لە ساڵی 1992، جارێك لە ساڵی 1995، جارێك لە ساڵی 2000، لە دوو جاری ئەو سێ جارەدا، پێشمەرگەی یەكێتی شەڕی دژی پەكەكە كردووە و لێیشیان كوشتوون. جاری یەكەم لە ساڵی 1992 لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان. ساڵی 2000 بەتەنھا و ئەو كاتەی كە پەكەكە لە قەرەداغەوە پەلاماری یەكێتیان دا و لەپشتیشەوە لە چیای مامەندە.

باشە بۆچی لەو دوو جارەدا یەكێتی شەڕی لە دژی چەكدارانی پەكەكە كرد و لەو دوو جارەدا یەكێتی پەكەكەی بە برا دانەنا و بە برای نەزانی، كەچی ئێستا بەشێك لە یەكێتی پەكەكە بە برا دادەنێن و بە برای دەزانن؟ ئایا لەڕووی شەڕپێفرۆشتن و گێچەڵكردن بە ھەرێمی كوردستان جیاوازیی نێوان پەكەكە لە ساڵی 1992، 2000 لەگەڵ پەكەكەی ئێستا چیە؟ بۆچی ئەو كاتانە لای یەكێتی پەكەكە برا نەبوون، بەڵام ئێستا بوون بە برا؟

2- باشە ئەگەر پەكەكە بە چەكی نیشانەشكێن (قەناس)، ڕەزوان محەمەد سندیی پێشمەرگەی ئێمە لەناو خاكی ھەرێمی كوردستان و لە دەركاری سەر بە زاخۆی چوارچێوەی سنووری پارێزگای دھۆك بە برای خۆیان نەزانن و شەھیدی بكەن، ئەی من بۆچی و چۆن بتوانم مستەفا قەرەسوو، جەمیل بایك، موراد قەرەیەڵان، دوران كالكان، بە برای خۆم بزانم؟

باشە خۆ ڕەزوان نەچووە لە دیاربەكر و وان و مێرسین و ئورفە و جولەمێرگ شوێن پەكەكە بكەوێت، ھەتا پەكەكە بە ڕەزوان بڵێت باشە تۆ بۆچی لە دیاربەكر و وان و مێرسین و ئورفە و جولەمێرگیش واز لە ئێمە ناھێنیت؟ ئینجا تەقەی لێ بكەن، خۆ ڕەزوان لە دەركاری ناو ماڵی خۆی، پەكەكە تەقەی لێ كردووە و شەھیدی كردووە.


3- ئەی باشە ئەگەر پەكەكە 30 ساڵە ناھێڵێت جووتیاران و بەگشتی دانیشتوانی زیاتر لە 800 گوندی چوارچێوەی ھەرێمی كوردستان لە ناوچە سنووریەكان بچنەوە گوندەكانی خۆیان و ئازادانە خەریكی كاری كشتوكاڵیی خۆیان بن، ئەگەر پەكەكە دانیشتوانی زیاتر لە 800 گوندی ھەرێمی كوردستان بە برای خۆی نەزانێت و بەم شێوەیە ئەوانیش ئازار بدات، ئەی ئیتر من چۆن كەجەكە و تەڤگەر و یەبەشە و یەپەگەی پەكەكە بە برای خۆم بزانم؟ ئایا ھەموو ئەو كار و كردەوانەی پەكەكە كە لەپێشەوە ئاماژەم پێ دان، بەڕاستی ئەوانە كار و كردەوەی برایە لەگەڵ برا؟ جا ئەگەر برا وا بێت و وا بكات، ئاخۆ دەبێ دوژمن چۆن بێت و چی بكات؟