ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆژنامەگەریی كوردی مێژوویەكی زۆر كۆنی نییە، یەكەم ڕۆژنامەی كورد لە ٢٢ نیسانی ساڵی ١٨٩٨ز لە قاهیرە، بە ناوی ڕۆژنامەی (كوردستان) دەرچوو. سەدەی حەڤدە سەدەی دەستپێكردنی ڕۆژنامەی ئەوروپاییە، بەشی زۆری وڵاتە ئەوروپاییەكان لە سەدەی حەڤدەدا ڕۆژنامەیان ناسی و بڵاویان كردەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەكان، یابان لە ١٦٠٣ز یەكەم ڕۆژنامەی دەركردووە، كە تا ساڵی ١٨٦٧ز بەردەوام بووە.

بەهۆی هێرشەكانی فەڕەنساوە، وڵاتە عەرەبییەكان زوو ڕۆژنامە و چاپخانەیان ناسی، یەكەم ڕۆژنامەی عەرەبی لە مەغریب ساڵی ١٨٢٠ز بڵاو كرایەوە. ساڵی ١٨٢٨ز بۆ یەكەم جار لە میسر ڕۆژنامە بڵاو بووەوە، دوای ئەویش ١٨٥٨ز لە لوبنان و ئینجا ساڵی ١٨٦٠ز لە تونس، هەر لەو ساڵانەدا تەواوی وڵاتە عەرەبییەكان ڕۆژنامەی خۆیان بڵاو كردەوە.

یەكەم ڕۆژنامەی توركی لە ساڵی ١٨٣١ دەرچوو. ئێرانییەكانیش زۆر دوانەكەوتن و یەكەم ڕۆژنامەی خۆیان لە ساڵی ١٨٣٧، بە ناوی (كاغەزی ئەخبار) بڵاو كردەوە، كە لەلایەن حكوومەتەوە، میرزا ساڵحی شیرازی بەو كارە ڕاسپێردرابوو.
ڕاستە لە بەراورد بە وڵاتە عەرەبییەكان و توركیا و ئێران، شەست بۆ هەشتا ساڵێك دواكەوتووین، بەڵام بۆ گەلێكی ژێردەستە و لە قوڕدا چەقیوی وەكوو كورد، ئەو ماوەیە زۆر نییە.

من نامەوێ مێژووی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری بنووسمەوە، ئەو زانیارییانەشم تەنیا بە مەبەستی بەراوردی مێژووەكەیان نووسی، هەرچەندە بابەتێكی گرنگ و پێویستە، چونكە بابەتەكەی من و مەبەستی ئەو وتارەم، مێژووی ڕۆژنامەگەری نییە.

ئامانجی ئەم وتارە
ئەدەب چ كارێكی لە ڕۆژنامە كردووە، ڕۆژنامەش چ كارێكی لە زمان كردووە؟
ئەگەر مرۆڤ سەنترە بێ:
- ئەگەر ڕۆژگارێك ڕۆژنامەگەری تەنیا دەركردنی ڕۆژنامە بووبێت، دواتر بووە گۆڤار و دەیان شێوەی دیكە، ئێستا كە بوارەكە فراوانتر بووە، لەوە دەرچووە كە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری تەنیا دەركردنی ڕۆژنامەیەك بێت، بەڵكوو هەموو كاری میدیایی دەگرێتەوە.

- جاران ڕۆژنامەگەری تەنیا پەیوەندیی بە نووسین و خوێندنەوەوە هەبوو، ئەمڕۆ بەشی زۆری هەستەكانی مرۆڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری بەكار دێت. هەستی بینین یان چاو، هێشتا بۆ خوێندنەوەی هەواڵ بەكار دێت، نەك هەر ئەوە، ئەركەكەیشی زۆر زیاتر بووە، ئەویش دیتنی دیمەنی ناو تەلەڤزێۆن و هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

- دوای بینین، كە بۆ خوێندنەوە و گەیاندنی هەواڵ سوودی لێوەرگیراوە، واتا كاغەزێكی بێدەنگ بەهۆی نووسینەوە هەواڵەكانی ماڵ بە ماڵ گواستووەتەوە. دوای چاو، كەڵك لە گوێ یان بیستن وەرگیراوە، لەدوای ڕۆژنامە، ڕادیۆ یان ئامێری گەیاندنی دەنگ، وەك گرگنترین هۆی ڕاگەیاندن بەكار هاتووە. سەدەی ڕابردوو بە ڕاستی سەدەی ڕادیۆ بوو، ڕادیۆكان چوونە هەموو ماڵێكەوە، جگە لە مۆسیقا و دەنگ و ئاواز و هەواڵ، هەموو شتێكی بڵاو دەكردەوە.

ڕادیۆكان بۆ هەموو كەس بوون، خوێندەوار و نەخوێندەوار، منداڵ و گەورە، ژن و پیاو، مەبەستی سەرەكی لەو ڕستەیە ئەوەیە، ڕادیۆ سنووری نێوان خوێندەوار و نەخوێندەواری كاڵ كردەوە و وای كرد هەمووان بەشدار و هاوبەشی هەواڵ و بابەتەكانی بن.

ئەوە جگە لەوەی، ڕادیۆ لە گواستنەوەشدا لە ڕۆژنامە جیاواز بوو، گەیاندنی ڕۆژنامە بە خوێنەر ئەركێك بوو، هیچی وای كەمتر نەبوو لە دەركردنی، ڕادیۆ شتێكی دیكە بوو، تەنیا بوونی ئامێری ڕادیۆكە بەس بوو بۆ ئەوەی، شەپۆلەكانی ئێزگە شاخ و كێو و دوورییەكان و ئاوەكان و ئاسمان ببێڕیت و بە دەنگێكی زیندووەوە بێتە ناو ماڵەكان و پێكەنین و گریان و هاوار بگوازێتەوە.

تا داهێنان و بڵاوبوونەوەی ڕادیۆ، كاری ڕاگەیاندن ناكەوێتە قۆرتی گەورەوە، ئەو قۆرتە قورسە چییە ڕاگەیاندن كەوتووەتە ناوی؟ ئەو ڕستەیەتان لە بیر بمێنێ، كاری من شیكردنەوەی ئەو ڕستەیەیە.
ڕاستە ڕادیۆ بە هاتنەكایەی تەلەڤزیۆن كۆتایی نایەت، چونكە تەلەڤزیۆن هەنگاوەكانی قورستر بوون، هەرچەند زۆر لە ڕادیۆ سەرنجبەرتر بوو، لە سەرەتادا تەلەڤزیۆن تەختی پاشایەتی لە ڕادیۆ نەستاندەوە بەڵام لەگەڵی بەش كرد، بە تێپەڕبوونی كاتیش، بەتەواوی دووری خستەوە.

سیحری شاشە، سیحری دەنگ و وێنە پێكەوە، شۆڕشێكی گەورەیان دروست كرد، ئینسانیان سەرسام كرد. ئەوە چ سیحرێكە، كەسێك دوور لە هەزاران كیلۆمەتر قسە دەكات و دەجووڵێت و پێدەكەنێ، بێ ئەوەی لە دەرگا بدات، دێتە سەر شاشەكان و ناو ماڵەكان!

تەلەڤزیۆن هەموو ئینسانێك دەكاتە دوو، جیهان دەكاتە دوو، جیهانێكی واقیعی و جیهانێكی مەجازی، جیهانێكی واقیعی و جیهانێكی ناو شاشە، ئینسانێكی ناو ماڵ و شەقامەكان و ئینسانێكی ناو شاشە، لەو كاتەشەوە ئەو دوو جیهانە، نەك یەكیان نەگرتووەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لێكیش دوور دەكەونەوە.

كاروانەكە بەو شێوەیەیە:
ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن
من هەموو بڵاوكراوە كاغەزییەكان، یان هاوشێوەی ڕۆژنامە، دەخەمە خانەی ڕۆژنامەوە، ڕادیۆش تا ئەركەكەشیان لێستاندەوە و هەر بە ڕادیۆ مایەوە و شێوەی دیكەی دروست نەبوو.
یەك خاڵی هاوبەش لەنێوان ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆندا هەیە، كە من بەدوای كڕۆكی ئەو خاڵەدا دەگەڕێم، هەرسێكیان بەو كەسانە بەڕێوە دەچوون، كە خویندەوار بوون و توانایەكی باشی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و زمانەوانی و زەمانناسییان هەبووە. واتا كاری من لەگەڵ بەشی تەكنیكیی ئەو ئامێر و ئامرازانە نییە، كاری من لەگەڵ ئەو كەسانەیە، كە لە ڕووی بابەتییەوە بەرهەمیان دەهێنان.

واتا كێشەی من ئەوە نییە، هەواڵ و بابەتی ڕۆژانە بە چ شێوازێك دەگاتە خوێنەر یان بینەر یان گوێگر، كێشەی من لە شێواز و زمان و تەكنیكی نووسینەكەدایە. پرسیارە گرنگەكەش ئەوەیە:
- بۆچی زمانی ڕاگەیاندن ئەوەندە خراپە؟
- بۆچی زمانی ڕاگەیاندن كوالێتی زمانی كوردی دێنێتە خوارێ؟
- ئەو مەترسییە چییە زمانی ڕاگەیاندن بۆ زمانی كوردی دروستی كردووە؟
هەوڵ دەدەم ئەو نهێنییە ئاشكرا بكەم، هەر چەند چارەسەركردنیشی ئەستەم بێت.