كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

٣٦ ساڵ بەسەر بۆردومانی ئوردوگای زێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێت

داوا دەکرێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە

٣٦ ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی ٩ی٦ی١٩٨٥ لە کاتی شەڕی عێراق و ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ئۆردوگای زێوەیان لە نزیک ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کرد، کە خەڵکی پەنابەری باشووری کوردستان تێیدا نیشتەجێ بوون و زۆربەیان بنەماڵە و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.

كارەساتی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لەلایەن ٨ فڕۆکەی سیخۆی رژێمی بەعسی لەناوچووەوە کرا، تێیدا ١٣٦ پەنابەری بێتاوان کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەمبارەوە بەرپرسێکی کۆچبەرانیش دەڵێت بۆردومانی پەنابەران لە ئۆردووگای زێوە کارەساتێکی گەورە بوو، پێویستە ئەم دۆسیەیە بخرێتە بەردەم حکوومەتی فیدڕاڵ و کەسوکاری قوربانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە.

عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "حکوومەتی عێڕاق دەبوا قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی بۆردومانەکە و بریندارانی ئەم کارەساتە بکاتەوە، پێویستە ئەم دۆسیەیە بخرێتە بەردەم حکوومەتی فیدڕاڵ و قەرەبوو بکرێنەوە".

 ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەران لە سۆران ئاشکراشی کرد: "بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهید و قوربانییانی بۆردومانی پەنابەران لە ئۆردوگای زێوە، دواکاریمان پێشکەش کردووە، کە لە دەروازەی گەلیی عەلی بەگ، مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدانی ئۆردوگای زێوە بە شێوازێکی سەردەمیانە دروست بکرێت".

هاوکات بۆ یادی قوربانییانی بۆردونی کارەساتی زێوە، مۆزەخانەی بیرەوەرییەكانی شەهیدانی سۆران کۆمەڵێک بەرچاو لە وێنە و کەلوپەل و ئاسەوارەکانی ئەو کارەساتە و قوربانییەکانی کۆ کردووەتەوە و لە مۆزەخانەی بیرەوەرییەکانی شەهیدانی سۆران پارێزراون.