حەشدی شەعبی ناهێڵێت ئاوارە سوننەکانی بابل بگەڕێنەوە و ئیدارەی ئەنباریش دەریان دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حەشدی شەعبی ناهێڵێت ئاوارە سوننەکانی بابل بگەڕێنەوە و ئیدارەی ئەنباریش دەریان دەکات

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ناهێڵن ئاوارە سوننەکانی شارەدێی جەرفولسەخر لەە سنووری پارێزگای بابل بگەڕێنەوە و ئیدارەی پارێزگای ئەنباریش دەریان دەکات.

زیاتر لە سێ ساڵە نزیکەی 35 خێزانی خەڵکی جەرفولسەخر، دوای ئاوارەبوونیان، لە خانووە تەواونەکراوەکانی پرۆژەیەک لە شارەدێی عامریە لە شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێ بوون.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عەلی دلێمی، پارێزگاری ئەنبار بڕیاری دەرکردنی ئەو خێزانانەی داوە و هەڕەشەی کردووە، کە ئەگەر لە ماوەی سێ رۆژ خانووە تەواونەکراوەکان چۆڵ نەکەن، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

پۆلیسی عێراقی ئەو خێزانانەی لە بڕیارەکەی پارێزگاری ئەنبار ئاگادار کردووەتەوە و ئەو خێزانانەش نازانن روو لە کوێ بکەن، لە کاتێکدا حەشدی شەعبی رێگا نادات ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی لە جەرفولسەخر.

ناحیەی جەرفولسەخر کەوتووەتە ناو سنووری پارێزگای بابل و دوای رزگارکردنەوەی لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران رێگایان نەداوە ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

پێشتر لە رۆژی 10-4-2021، زافر ئەلعانی، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عەرەبی لە قاهیرە، رایگەیاندبوو: چەکدارانی حەشدی شەعبی رێگانادەن 100 هەزار هاووڵاتیی جەرفولسەخر بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دانیشتووانی جەرفولسەخر زۆرینەیان سوننەمەزهەبن و میلیشیا شیعە مەزهەبەکانیش، خانووەکانی جەرفولسەخریان کردووەتە کۆگای تەقەمەنی و گرتووخانەی نهێنیی خۆیان.