لە منداڵییەوە لە پیاو ترساوە و ئێستا ناتوانێ هاوسەرگیری بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە منداڵییەوە لە پیاو ترساوە و ئێستا ناتوانێ هاوسەرگیری بکات

 

هاجەرە، کچێکی تەمەن ٣٨ ساڵە، ناتوانێ شوو بکات و لە نزیکبوونەوە لە پیاو دەترسێت، ئەگەرچی "چارەسەری دەروونییشی وەرگرتووە".

ئەو کچە خەڵکی گوندێکی نزیک دهۆکە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لەلایەن خزمێکیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و تا ئێستا بووەتە مۆتەکەی ژیانی، بەبێ ئەوەی خێزانەکەی هەست بەم ئازارەی بکەن.

ئەو دەڵێت: "ماڵمان لە گوند بوو، ئەوکات تەنیا دە ماڵی لێ بوو، کوڕێکی خزمی بابم لەو گوندە خانووی دروست دەکرد، ماڵی خۆیان لەوێ نەبوو. باوکم وەکوو هاوکاری بۆ ئەو، چێشت و چای بە دایکم لێ دەنا و بۆی دەبردن، خۆیشی بۆ ئاو و چای بردن بۆ کرێکار دەهاتە ماڵمان".

هاجەرە دەگێڕێتەوە، کە هەر لە سەرەتاوە بەهۆی سەیرکردنە نائاساییەکەی لەو کوڕە ترساوە، بەڵام هەرگیز نەیوێراوە ئەوە بە باوک و دایکی بڵێت، چونکە: "بابم کەسێکی توندوتیژ بوو، قەت باوەڕی بە قسەکانی دایکیشم نەدەکرد، نەک هی منێکی منداڵ، ئەو تەنیا فەرمانی دەکرد و دەبوایە ئێمە بەبێ قسە جێبەجێی بکەین".

ئەو کچە دەڵێت: "رۆژێک دایکم ئاوی بە مندا نارد، بۆ ئەو شوێنەی ئەو خانووی لێ دروست دەکرد، ئەوە بوو منی راکێشایە پەنای دیوارێک و بە ئارەزووی خۆی ماچی کردم و دەستی لە جەستەم دا، هەرچەندە دەمویست خۆم لەبەردەستی رزگار بکەم، سوودی نەبوو، تا خۆی بەری نەدام نەمتوانی بڕۆم".

دوای ئەو دەستدرێژییە، ئەو کچە تووشی ترس و دڵەڕاوکییەکی زۆر دەبێت و هەموو ژیانی دەبێتە ترس لەوەی، جارێکی دیکە ئەم کوڕە دەستی پێ بگاتەوە: "هەر جارێک دەهاتە ماڵمان، نەمدەزانی چۆن خۆم بدزمەوە و نەمبینێت، ئەوە لە دەسەڵاتی مندا نەبوو، چونکە دایکم و باوکم ئیشیان پێ دەکردم، جاری وا هەبوو دەیانگوت ئەو خاولییە بۆ فڵان بەرە، کاتێک دەمبرد رایدەکێشام و ماچی دەکردم، ئینجا بەری دەدام، هەموو رۆژێک هەستم دەکرد لە کابووسدا دەژیم".

هاجەرە وا باسی دەکات، کە هەموو ژیانی بووەتە خۆشاردنەوە لە دەست و چاوی ئەم کوڕە، کە تەمەنی بیست ساڵ بووە و تەمەنی هاجەرە تەنیا هەشت ساڵ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هەست دەکات دایک و باوکی باوەڕی پێ ناکەن، هەم کوڕەکە هەڕەشەی لێ دەکات ئەگەر بە کەس بڵێت دەیکوژێت، ناوێرێ لای کەس باسی بکات.

هاجەرە دەگێڕیتەوە: "رۆژێک دایکم و باوکم لە ماڵ نەبوون، برایەکەشم لە خانووەکەی ئەودا کرێکاریی دەکرد، لە دەرگا درا، منیش زۆر ترسام، چونکە زانیم ئەوە، دەرگام لێ نەکردەوە، بانگی کردم و گوتی ئەگەر دەرگا نەکەیتەوە بە براکەت دەڵێم، کە دەرگات نەکردووەتەوە ئاوی خواردنەوە بێنم، منیش لە ترسی لێدانی براکەم دەرگام کردەوە، دەستم هەر بە دەرگاکەوە بوو، کە لە باوەشی کردم و دەرگاکەی داخستەوە بردمیە ژوورەوە و دەستدرێژیی کردە سەرم، ئەمجارە لە هەموو جارەکان زیاتر ئازاری دام، دوای ئەوە بردمیە حەمام و لەشمی شوشت و هەمان هەڕەشەی جارانیشی لێ کردم، کە لای کەس باسی نەکەم".

هاجەرە دەڵێت: "کاتێک بەجێی هێشتم، دەستم کرد بە رشانەوە، هەموو گیانم ئازاری هەبوو. نزیکەی سێ رۆژ هەستم بە کاس دەکرد، دایکیشم هەر بەتانی پێدا دەدام و نەیانبردم بۆ لای دکتۆر، تا وای لێ هات ئەم ترس و ئازارە لەگەڵم گەورە بوو".

هاجەرە دوای ئەو جارەش سێ جاری دیکە تووشی دەستدرێژیی هەمان کەس بووەتەوە، دوای ئەوە، کە کەمێک تەمەنی گەورەتر بووە، توانیویەتی لەبەری رابکات و نەهێڵێ بیگرێ، دەڵێت: "جارێک بە دایکم گوت، کە با ئەو پیاوە نەیەتە ماڵمان رقم لێیەتی، دایکم گوتی، باوکت گوێی لێ بێ دەمانکوژێ، خزمی خۆیەتی، رۆژێک هەمان قسەم بە باوکم گوت، گوتی ئەوە دایکت فێری کردووی؟ جارێکی دیکە شتی وا نەڵێی".

هاجەرە لەدوای ئەم دەستدرێژییانەوە، تووشی نەخۆشی بووە، هەم جەستەی و هەم دەروونی، بەڵام تا خۆی گەورە نەبووە، نەیانبردووە بۆ لای دکتۆر: "زۆر جار لەناکاو تووشی ترسێکی گەورە دەبووم، بە تایبەت کە دایکم و باوکم لە ماڵ نەدەبوون، لە ترسا دەستم دەکرد بە رشانەوە و نەخۆش دەکەوتم، بەڵام باوکم دەیگوت دەبێ فێر بی، خۆ ناتوانین پاسەوانت بۆ دانێین، بۆ ئەوەندە ناسکی؟".

ئەم کچە ئێستا گەورە بووە و لە رێکخراوێکی دەروونیدا کار دەکات، پێی وایە هەموو ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی جەستەیی دەبنەوە، دووچاری نەخۆشیی درێژخایەن دێن، ئەو خۆی برینی گەدە و نەخۆشیی خەمۆکی هەیە، بەردەوام دەبێ چارەسەر وەرگرێت.

هەروەها دەڵێت: "ناتوانم هاوسەرگیری بکەم، ئەگەرچی چارەسەرم وەرگرتووە، بەڵام کە لە رێگاش پیاوێک لێم نزیک دەبێتەوە دەترسێم، بۆیە پێم وانییە بتوانم هاوسەرگیری بکەم و خۆمی لێ لا دەدەم، ئەو دەستدرێژییە هەموو ژیانی منی فەوتاند و هەست دەکەم ئەو کەسە لە هەشت ساڵییەوە منی کوشتووە".

هاجەرە داوا لە دایک و باوکان دەکات: "هەرگیز متمانە بە هیچ کەس مەکەن بە تەنیا لەگەڵ منداڵەکانتان بێت، منداڵەکان ناچاری کارێک یان چوونە شوێنێک مەکەن، کە خۆی نایەوێت، کاتێک گلەیی لە کەسێک دەکات، یان خۆی لە کەسێک بەدوور دەگرێت، بزانن بەبێ هۆکار نییە".