تەكنیكی قادر خۆرانی و تەكنیكی ئەمەریكا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تەكنیكی قادر خۆرانی و تەكنیكی ئەمەریكا

تەنیا بۆ ئەوەی بەرگری لە پەكەكە بكەن و پەكەكە لە تاوانی شەھیدكردنی 5 پێشمەرگە لە مەتینی ئامێدی دەرباز بكەن، بێجگە لە میدیای خیانەتكارانی 16 ئۆكتۆبەر و گەجەر و گوجەرەكانی دەوروبەریان، ماڵپەڕەكەی نزیك لە سەركۆماری عێراقیش، وەك ئەوەی پارچە ئەڵماس و مرواریی گەورە و گرانبەھای دۆزیبێتەوە، ھاتووە شیكردنەوەی بەرپرسێكی سەربازیی یەكێتی بە ناوی (قادر خۆرانی) لە فەیسبووكی خۆیەوە گواستووەتەوە و ناونیشانێكی بۆ بابەتەكەی خۆرانی داناوە و نووسیویەتی: ”زانیاریی گرنگ لەسەر ھێرشەكەی سەر پێشمەرگە ئاشكرا دەكرێت“!

پوختەی ئەم زانیاریە گرنگەش ئەوەیە، لەبەر ئەوەی ئەو زرێپۆشەی كە ئەو پێشمەرگانەی تیا شەھید كراوە، بە ئارپیجی لێی نەدراوە و شوێنی فیشەك بە چواردەوریەوە نیە و لە سەقفی زرێپۆشەكە دراوە، كەواتە ئەم لێدانە یان بە فڕۆكەی ئێف 16 بووە، یان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە! لە ھەردوو گریمانەكەشدا بە خشكەیی و ناڕاستەوخۆ و نەرم نەرم، دەیانەوێت پەكەكە لەم تاوانە بكەنە دەرەوە. واتە بە گوێرەی شارەزایی تەكنیكی و بە گوێرەی تەكنیكی قادر خۆرانی، ئەم ھێرشە بۆ سەر پێشمەرگە ھێزێك لەدەرەوەی پەكەكە كردوویەتی... بەڵام:

1- ئەوە ھەر بەتەنیا دەوڵەتان نین كە ئێستا خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانن، بەڵكوو ئێستا میلیشیاكانیش خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆكانەن. حوسیەكانی یەمەن ھەیانە و بەكاریان ھێناوە . میلیشیای حزبوڵای لوبنان ھەیانە و بەكاریان ھێناوە، ھەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق ھەیانە و بەكاریان ھێناوە.

خۆ مەعلوومیشە ئەو سێ جۆر میلیشیایە سەر بە كوێن و كێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بۆ دابین دەكات، میلیشیاكانی حەماس مووشەكیان ھەیە و ئەم مووشەكانەش چەكی قورسن و لە شەڕی غەزە بەكاریان ھێنا و حەماس خۆیشی سوپاسی ئەو دەوڵەتەی كرد كە ئەو مووشەكانەی داونەتێ كە ھەمان ئەو دەوڵەتەیە كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ حوسیەكانی یەمەن و میلیشیای حزبوڵای لوبنان و ھەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق دابین دەكات!

2- بەرپرسانی پەكەكە لەسەر ئاستی باڵای خۆیان، بە ئاشكرا و ڕاستەوخۆ دانیان بەوەدا نا كە ئەوانیش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان ھەیە و پێش ئەوەش ھەر لەسەر ئاستی باڵا خۆیان ڕایانگەیاند كە جۆرێك لە ئاگربەست و دۆستایەتیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا ھەیە كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ حوسیەكانی یەمەن و میلیشیای حزبوڵای لوبنان و ھەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق دابین دەكات!

3- كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەولێر، شەھیدكردنی ئەو پێنج پێشمەرگەیەی مەتینی بە كارێكی وەحشیگەرانە ناو برد. ئەمەریكا ھەر ناكۆكیەكی ھەبێت لەگەڵ توركیا بەڵام ناكۆكیەكە ستراتیژی و دوژمنكارانە نیە، جگە لەوەی كە ھەردووكیان ئەندامی ھاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسین، لای ئەمەریكا پەكەكە گرووپێكی تیرۆریستیە. لەبەر ئەو ھۆكارانە، ئەمەریكا وشەی وەحشی بۆ توركیا بەكار ناھێنێت.

4- چارلمرز جۆنسۆن مێژوونووسێكی بەناوبانگی مێژووی سەربازیی ئەمەریكایە پێش ساڵی 2008 واتە پێش زیاتر لە 13 ساڵ گوتی: ”ئەمەریكا زیاتر لە نیو ملیۆن سەرباز و سیخووڕ و دەستوپێوەند و بەڵێندەری مەدەنیی خۆی لە دەرەوەی ئەمەریكا ھەیە و ئەمەریكا خەریكی دروستكردنی 13 فیرقەیە كە لەناو دەریا و ئۆقیانووسەكانی دنیادا و لە دەروروبەری كەشتیە فڕۆكەھەڵگرەكان جێگیریان دەكات، ئەمەش بۆ كارپێكردنی ھەندێك بنكەی نھێنیە بە مەبەستی چاودێریكردنی قسە و نامە ئیلەكترۆنیەكانی نێوان ھەموو دانیشتوانی جیھان“ بێگومان بە من و قادر خۆرانی و پەكەكەشەوە! بۆ ئەوەی ئەمەریكا بەتەواوی بزانێت ھەموو دانیشتوانی جیھان بەردەوام چ قسە و چ نامەیەك لەنێوان خۆیاندا دەڵێن و ئاڵوگۆڕ دەكەن.

جا ئەمەریكا بەم تەكنیكەوە باش دەزانێت ئەو ھێرشەی سەر پێشمەرگە كێیە و ئەگەر بە توركیای بزانیایە نەیدەگوت ھێرشی وەحشیگەرانە. ئەوەندەشی من بزانم تەكنیكی ئەمەریكا لە تەكنیكی قادر خۆرانی بەھێزترە، ھەر بۆ زانیاریی زیاتری كاك قادر خۆرانی، نازانم بۆ ئێستا ژمارەكە گەییشتووەتە چەند، بەڵام پێش 20 ساڵ ئەمەریكا ھەر لەناو وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن)دا، 17 ھەزار شرۆڤەكاری خۆی ھەبوو.

دەتوانم ئەوەش بڵێم كە شرۆڤە و شیكردنەوەكانی ئەو شرۆڤەكارانەی پێنتاگۆنی ئەمەریكا لە شرۆڤە و شیكردنەوەكانی قادر خۆرانی بەھێزتر و وردترن، چونكە حزبەكەی كاك قادر خۆرانی ھەتا ئێستاش كەسانێكیان ھەیە پلەی فەریقی ھەیە و بە مووشەكی بالیستیی دەڵێت مووشەكی پلاستیكی، بەڵام شارەزایانی سەربازیی ئەمەریكا بە مووشەكی بالیستی ناڵێن مووشەكی پلاستیكی!