كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. پیشەی دروستکردنی تەندوور لە شاری كەركووك

لە بەرامبەر گەڕەكی ئیسكان و لە نزیك گەراجی سلێمانی لە شاری كەركووك، لە گۆڕەپانێكی مامناوەند، چەند وەستایەك سەرقاڵی دروستکردنی تەندووری قوڕینەن و ئەو پیشەیە لە دێرزەمانەوە لە شاری كەركووك هەیە و لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما كاری پیشەوەرانی تەنووری قوڕینە زیاتر دەبێت.

عەلی حوسێن، وەستای تەندووری قوڕ لە شاری كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نزیكەی 13 ساڵە سەرقاڵی دروستكردنی تەندووری قوڕ و لە خزمەكانمەوە فێری ئەو پیشەیە بووم، خۆڵی ئەو تەندوورانە دەبێ جۆرە مادەیەكی زەیتی تیدا بێت و خۆڵەكە نەوتاوی بێ بۆ ئەوەی بەرگەی ئاگر بگرێت و خۆڵەش لە نزیك كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركووك هەیە".

لەبارەی چۆنیەتیی دروستکردنی گوتیشی: "سەرەتا دەبێت خۆڵەكە بخوسێنی و دواتر خوێی پێدا دەكەین، ئینجا كای نەرمی گەنمی تێكەڵ دەكەین، دواتر تەواو تێكەڵی دەكەین و پاشان دوو بۆ سێ ڕۆژ قوڕەكە دەمێنێتەوە و پاشان دەست بە دروستكردنی تەندوور بەو قوڕە دەكەین".

ئەو پیشەوەرە ئەوەشی خستە ڕوو: "تەندووری گەورە، دەبێت 30 چین قوڕی بە دەوردا بدەین و هی ماڵان 15 چین و لە وەرزی هاوین لە رۆژێكدا دەتوانین چوار چین قوڕ بەدەوری تەنورێكدا بدەین، بەڵام لە زستان یەك چین، واتە كەشەكە چەند گەرم بێت باشترە بۆ ئەم كارە و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا بەم شێوەیە ئێستا لە كەركووك ئەو تەندوورانە دروست دەكرێت و  ئەو تەندوورانە بەتاك و بە كۆ بۆ هەموو پارێزگاكان ڕەوانەی دەكەین".