پارتی، بوو بە ئەندامی ناتۆ!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارتی، بوو بە ئەندامی ناتۆ!

كەجەكە كە لەلایەن پەكەكەوە خاوەندارێتی دەكرێت، زۆر نزیك بووەتەوە لەوەی كە عەقڵ و جۆر و شێوازی بیركردنەوەیان نزیك ببێتەوە لە عەقڵ و جۆر و شێوازی بیركردنەوەی بێچووی ھەچەكە! ئەم كەجەكەیە بەیاننانەمەیەكی دوورودرێژی دەركردووە و لەوێدا دەڵێن: ”پارتی ھەوڵی ڕزگاركردنی توركیا لە تێكشكان دەدات“.

كە ئەم بەیاننامەیەی كەجەكەم بینی، تێلم بۆ برادەرێكی پارتی كرد و دوای چاك و چۆنی پێم گوت: ”باشە خۆ ئێمە خۆمان بە ڕۆژنامەنووس دەزانین، بۆچی ئەوەمان لێ دەشارنەوە كە پارتی بووە بە ئەندامی ھاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی - واتە (North Atlantic Treaty Organization) كورتكراوەكەشی دەبێتە (ناتۆ - NATO)؟“

برادەرەكەشم دەستی بە پێكەنین كرد و گوتی: ”جەمال من ئەوە 40 ساڵە پارتیم و ڕۆژانەش ئاگاداری ھەواڵ و دەنگوباسەكانی ھیچ نەبێت تایبەت بە حزبی خۆمم، بەڵام من ئەو ھەواڵەم نەبیستووە“. منیش پێم گوت: ”با ئەوە ھەیە، ئەوەتا كەجەكە دەڵێت (پارتی ھەوڵی ڕزگاركردنی توركیا لە تێكشكان دەدات) ئێ ئەمەش بە مانای ئەوەیە كە پارتی بووە بە ئەندامی ناتۆ و ئێستا ئیتر ژمارەی ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانیە سەربازی و ئەمنیە نێودەوڵەتیە، بە پارتیەوە بووەتە 31 ئەندام“، ئەویش پێی گوتم: ”جا خۆ تۆ واز لە بەزمی خۆت ناھێنیت، دڵنیام ئیتر دەتەوێت شتێك لە كەجەكە بكەیت!“ ئینجا:

1- ناتۆ ڕێكخراوێكی سەربازی و ئەمنیی نێودەوڵەتیە و لە 4 – 4 – 1949 لە واشنتۆن ئیمزا لەسەر پێكھێنانی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیە كراوە، ئەمەریكا سەركردایەتیی دەكات و توركیا خۆیشی یەكێكە لە ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانیە.

2- بە گوێرەی مادەی 5ی ناو ڕێككەوتننامەی ئەو ھاوپەیمانیە، ھەر ھێرشێكی سەربازی بۆ سەر ھەر ئەندامێكی ئەو ھاوپەیمانیە كرا، ئەوە بە ھێرشكردن بۆ سەر ھەموو ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانیە دادەنرێت، ئەگەر پێویستی كرد دەبێ گشت ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانیە یارمەتیی سەربازیی ئەو ئەندامەی خۆیان بدەن كە ھێرشی كراوەتە سەر.

3- ئێستا پەكەكە و توركیا شەڕیانە و بە قسەی كەجەكە توركیا لە ڕووخان نزیك بووەتەوە! و ئەگەر پارتی واز لە یارمەتیدان و بەھاناوەچوونی توركیا بھێنێت، سبەی یان ئەوپەڕی دوو سبەی توركیا دەڕووخێت و ئیتر موراد قەرەیەڵان و جەمیل بایك و دوران كاڵكان دەچن لە ئەنكەرەوە حوكمی نەك ھەموو توركیا، بەڵكوو حوكمی دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و لە ئەنكەرەوە بەرنامەی پێكھێنانی فیدراسیۆنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی سەرۆكەكەیان جێبەجێ دەكەن!

4- بەڵام چونكە پارتی بووە بە ئەندامی ناتۆ! كەواتە بە گوێرەی مادەی 5ی ڕێككەوتننامەی ناتۆ، دەبێ پارتی فریای توركیا بكەوێت و ئەو ھەڕەشە جدییەی پەكەكە! لەسەر توركیا نەھێڵێت و بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیەی كەجەكە، ئێستا پارتی خەریكی جێبەجێكردنی مادەی 5ی ڕێككەوتننامەی ناتۆیە!

5- ئەوە لە كاتێكیشدایە كە توركیا ئەندامی ناتۆیە و خاوەنی سیستەمی بەرگریی ناتۆیە و لەڕووی توانای سەربازییشەوە، دوای ئەمەریكا دووەم دەوڵەتی ناو ناتۆیە، كەچی بە قسەی كەجەكە، پارتی ناھێڵێت توركیا بڕووخێت! جا كەواتە ئێستا پارتی لە توركیا بەھێزترە و بەمەش پارتی لەناو ناتۆدا جێگەی بە ڕیزبەندیی توركیا لەناو ناتۆ لێژ كردووە، كەواتە ئێستا لەناو 31 ئەندامی ناتۆدا، دوای ئەمەریكا، پارتی لەڕووی توانای سەربازییەوە بووە بە ھێزی دووەم و توركیاش لە دووەمەوە بووە بە سێیەم!