له‌دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و هاتنه ئاراى قه‌واره‌یه‌كى سیاسى له باشوورى كوردستان، کە بووه هۆى هیوا و ئومێدێك بۆ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، به‌ڵام په‌كه‌كه كه‌وتنه دژایه‌تیكردنى كیانى سیاسیى له كوردستانی باشوور. جگه له‌وه‌ش، بیانوویان داوه‌ته توركیا كه په‌لاماری خاكی كوردستان بده‌ن و ناوچه‌یه‌كی فراوان له هه‌رێمی كوردستان بەهۆی بوونی په‌كه‌كه‌وه، داگیر بكا و بۆردومان وێرانكردن و بەسووتماككردنى خاك و ئاواره‌بوون و ده‌ربه‌ده‌ربوونى سه‌دان خانه‌واده له زێدى خۆیان روو بدات.
دژایه‌تیی په‌كه‌كه بۆ خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان، له‌ژێر په‌رده‌ی دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حزبه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌كاتێكدایه، كه ئه‌م قه‌واره‌یه به خوێنی ده‌یان هه‌زار رۆڵه‌ی دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان دامه‌زراوه، له ناوچه‌یه‌كی توندی مه‌زهه‌بی و نەتەوەیی و تایه‌فه‌گه‌ریی دژ به كورد بنیات نراوه و وه‌ك قه‌ڵغانێك وایه به‌رامبه‌ر ئازاردان و كوشتن و قڕكردنی كورد.
په‌كه‌كه له‌كاتێكدا وەك میوان رەفتار ناكات له هه‌رێمی كوردستاندا، دان به‌م حه‌قیقه‌تەشدا، به‌ڵكوو دان به هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته ته‌شریعی و جێبه‌جێكاره‌كانیشدا نانێت، بۆیه گرفت و مه‌ترسییه گه‌وره‌كه له‌وه‌دایه، په‌كه‌كه له‌پشتی ده‌زگای موخابه‌راتیی نهێنی و گرووپی چه‌كدارانی به‌غداوە و به هاندان و پیلانی حه‌شدی شەعبیى شیعه و ده‌زگا موخابه‌راتییه‌كانی ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمى ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت دژ به هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ته‌نانه‌ت وڵاتی توركیاش په‌كه‌كه وه‌كوو ده‌ستكه‌وتێك و دارده‌ستێك دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار دێنێت، بۆ فراوانكردنی ته‌ماعكارانه‌ی له خاكی هه‌رێمی كوردستان و دژایه‌تیكردنى بیرى نه‌ته‌وه‌ییدا. ئه‌وه‌تا په‌كه‌كه له شنگال دژی پێشمه‌رگه راوه‌ستاوه و له قه‌ندیل به ئاشكرا به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ رۆژئاوا، دژایه‌تیی قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌كات و پێشمه‌رگه‌ی پارێزه‌رى كوردستان شه‌هید ده‌كات.
گرفته گه‌وره‌كه‌ی كۆیلایه‌تی و ئه‌ڵقه‌له‌گوێیی په‌كه‌كه له‌وه‌دایه، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه نییه، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ هێز و گرووپی چه‌كداری دژ به قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندایه، واتا په‌كه‌كه هیچ ستراتیژیه‌ت و به‌هایه‌كی بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌ی كوردی نییه و ئه‌و هێز و گرووپانه‌ش هیچ به‌هایه‌كی دۆستایه‌تییان نییه.
پەكەكە هه‌ر زوو ده‌ستبه‌رداری بیری نه‌ته‌وه‌یی و رێزگرتن له دراوسێتی و پێكه‌وه‌ژیان بوون، شكسته‌كانی په‌كه‌كه له باكوور و رۆژئاوای كوردستان، به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی خه‌نده‌ق و له‌ده‌ستدانی عه‌فرین و به‌شێكى سه‌ره‌كیى خاكی رۆژئاواى كوردستان، ئه‌و گورزه گه‌وره‌یه بوو، كه به‌هۆی ره‌فتاره قێزه‌ون و به‌رنامه كورتبینه‌كانی په‌كه‌كه‌وه، له گه‌لی كوردی باكوور و رۆژئاوا درا و دۆزی كورد له‌و دوو پارچه‌یه‌ی كوردستان، ده‌یان ساڵ بۆ دواوه گه‌ڕایه‌وه.
په‌كه‌كه ره‌نگه له رێگای رێكلام و پروپاگه‌نده و پاره و پوولی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان و به‌زۆر وه‌رگرتنی پاره و باجی گومرگ له ناوچه سنوورییه‌كان و وه‌رگرتنی هاوكارییه‌كانی له هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هه‌نده‌ران فریو دراون، یاخود له رۆژئاوا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون، هاشوهوشێكی ئیعلامیی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌رگیز توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی نییه، مه‌گه‌ر به نانه‌وه‌ی فیتنه و ئاژاوه، كه ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له قێزه‌ونترین ره‌فتاره‌كان داده‌نرێت.
به‌م شێوه‌یه، په‌كه‌كه هه‌ر له‌دوای ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه، زیاتر له بیری نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی دوور كه‌وتووەته‌وه و راشكاوانه رایگه‌یاندووه، كه ئه‌و حزبێكی كۆماری دیموكراتییه. ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌كه‌كه‌ش دژی ئه‌م بۆچوونه راوه‌ستایه‌وه تیرۆر كرا، یاخود ناچار كرا ریزی په‌كه‌كه جێ بهێڵێت، به‌ڵگه‌ش ئه‌وانه‌ن، كه له ریزه‌كانیان هه‌ڵهاتوون و له هه‌نده‌ران یا له باشوورى كوردستان داڵده دراون.
ره‌فتاره قێزه‌ونه‌كانی په‌كه‌كه
هاندانی گه‌نجه‌كان بۆ تووڕه‌بوون له باوك و دایكیان و چوون بۆ ناو ریزی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، كولتووری میلله‌تی كورد و داب و نه‌ریت و شه‌رع له‌لای په‌كه‌كه هیچ به‌ها و گرنگیى نییه؛ چه‌كداركردنی گه‌نجی خوار ته‌مه‌نى یاسایى 18 ساڵ و دابڕانیان له باوك و دایكیان، ره‌فتارێكی ناشرین و قێزه‌ون و دژ به هه‌موو یاسا و رێساكانی ئاسمان و دنیاییه، په‌كه‌كه هانی ئه‌و منداڵانه‌ى ته‌مه‌ن 13 و 14 ساڵ ده‌دات، كه به‌گژ باوكیاندا بچنه‌وه و هیچ حسابێك بۆ خانه‌واده و خێزانه‌كانیان نه‌كه‌ن و بچنه ناو ڕیزی په‌كه‌كه‌وه.
چه‌كداركردنی گه‌نجانی خوار ته‌مه‌نى رێژه‌ى یاسایى له كوڕان و كچان، بۆ ناشرینكردن و شكاندنی شكۆى نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ناو مه‌حافیله نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كارێكى زۆر خراپه و رێگه‌پێدراو نییه و بگره قه‌ده‌غه‌ش كراوه. ته‌نانه‌ت كاتێك منداڵە چەكداركراوەكە ده‌كوژرێت، به كه‌سوكاریان ناگوترێت و ته‌رم و گۆڕه‌كه‌ی دیار نییه، چونكه ئه‌وان ناوی نهێنییان بۆ داده‌نێن و هه‌ر باوك و دایكێكیش بیه‌وێت منداڵه‌كه‌ی بهێنێته‌وه، دووچاری هه‌ڕه‌شه و دژایه‌تیكردن ده‌بێته‌وه.
هه‌ر كه‌سێك واز له په‌كه‌كه بهێنێت به خائین ده‌ناسرێت
هه‌ر كه‌س و منداڵێك بیه‌وێت له رێكخراوى په‌كه‌كه جیا ببێته‌وه و واز له بۆچوونی په‌كه‌كه بهێنێت، به قه‌ولى ئه‌وان خائینه و ده‌بێ بكوژرێت، له كاتی كوشتنی ئه‌و مێردمنداڵ و گه‌نجانه‌شدا، به نهێنى ده‌شاردرێنه‌وه و به كه‌سوكاریان ناگوترێت، یاخود ده‌ڵێن له شه‌ڕدا كوژراوه.
زیندانه نهێنییه‌كانی په‌كه‌كه بۆ ترساندنی چه‌كداره‌كانیان، به یه‌كێك له‌و زیندانه قێزه‌ون و مه‌ترسیدارانه داده‌نرێت، كه ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر دڕندانه‌ی تێدایه و زیندانییە‌كه بۆ چه‌ند مانگێك زیاتر ناهێڵدرێته‌وه و ده‌كوژرێت.
له‌ناو ئێزدییه‌كان زۆر له‌و باوك و دایكانه‌ی كه چوون بۆ بینینی منداڵه‌كانیان، ویستوویانه بیانهێننه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه و ته‌نانه‌ت داوایان لێ كراوه، هاوكارییان بكه‌ن به زانیاری و داڵده‌دانی په‌كه‌كه له كاتی چوونیان بۆ باشووری كوردستان و به‌كارهێنانی ماڵبات و خێزانی منداڵه‌كان بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان به خائین داده‌نرێن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ن و زۆر جار منداڵه‌كانیان شوێن‌بزر ده‌كرێن و ده‌كوژرێن.
سیاسه‌تى وێرانكردن و برسیكردنی خه‌ڵك
شه‌ڕی خه‌نده‌ق ته‌نیا شكستێكی په‌كه‌كه، یاخود وێرانبوونی شار و شارۆچكه‌كانی باكووری كوردستانی لێ نه‌كه‌وته‌وه، به‌ڵكوو پیلان و به‌رنامه‌یه‌كی په‌كه‌كه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شار و شارۆچكانه وێران بكات و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكوژرێن و كار و كەسابەتیان له‌ده‌ست بده‌ن و به‌ناچاری دوای په‌كه‌كه بكه‌ون، ئه‌مه‌ش وه‌كوو ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی خه‌ڵكه‌كه و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان له به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی هێزی چه‌كداری حكوومه‌ت دژی ئه‌و ناوچانه و كوژران و زیانگه‌یاندن به خێزان و خانه‌واده‌كان و كار و كاسبى و بژێویى ژیانیان.
واتا په‌كه‌كه فرمێسكی تیمساحانه بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تی شاره كوردییه‌كانی باكووری كوردستان ده‌ڕژێت، له‌كاتێكدا ئه‌وان خۆیان به به‌رنامه ئه‌م تاوانكارییه دەکەن. به‌داخه‌وه له‌به‌رامبه‌ردا كولتووری توندوتیژی توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانیان هانی زیاتری ئه‌م حاڵه‌ته ده‌دات، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕ و ئاشووبی په‌كه‌كه‌ی لێیه، وه‌كوو ناچاری و نەداری و خراپیی بژێویی ژیان په‌نا بۆ ناو ریزەکانی په‌كه‌كه ده‌به‌ن، هه‌ر بۆیه په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت هه‌مان پیلان و مه‌رام دژ به هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنێت و گونده‌كانی ئاوه‌دان نه‌بێته‌وه و ده‌ستی خزمه‌تگوزاریی نه‌گاته ئه‌و ناوچه سنوورییانه و گه‌نجه‌كانی به‌ناچاری دوای چه‌كدارانی په‌كه‌كه بكه‌ون.
به‌كارهێنانی میدیا بۆ ده‌رچوون له بیری نه‌ته‌وه‌یی
په‌كه‌كه له رێگه‌ی وروژاندن و زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كاری سه‌قه‌ت و كه‌موكورتی و سوودوه‌رگرتن له خراپیی بارودۆخی دارایی هه‌رێم، ده‌زگاكانی میدیایی خۆی له رێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و سۆشیال میدیا و دامه‌زراندنی چه‌ند په‌یجێكی ساخته و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان، ئه‌م كارانه بۆ مه‌رام و مه‌به‌ستی خۆی و بۆ ناشیرینكردنی هه‌رێم و ده‌زگا شه‌رعیه‌كانی به‌كار ده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت دروستكردنی هه‌واڵ و راپۆرتی بێ بنه‌ما دژی كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان به پاره و فیتی ده‌زگا هه‌اڵگرییه‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئه‌و گرووپ و لایه‌نه چه‌كدارانه‌ی ناو حه‌شدى شەعبیە‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌مه‌ش بۆ ناشرینكردنی گه‌لی كورد و قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت و حزبه كوردستانییه‌كانە، بۆ له‌باربردنی رۆحی بەرگری و كزبوونی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد.