بەس نەبوو نەچووین بۆ غەزە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەس نەبوو نەچووین بۆ غەزە!

كە شەڕی ئەم دواییەی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕووی دا و لە تۆڵەی مووشەكبارانكردنی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل حەماسی لە غەزە بۆردومان كرد، ھەندێك لە گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی بە ئیخوانی و غەیری ئیخوانی و ھەندێك عەوامی داماوی لای خۆمان، وەھا گەرم بووبوون داوایان لە كورد دەكرد لە بەرامبەر بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ حەماس ھەڵوێستیان ھەبێت، ئیتر ھەر ئەوە مابوو كە داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن ھەندێك لیوای پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی حەماس لە غەزە بنێرێت.

كەچی لەناو گفتوگۆكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ئیسرائیلدا، مەنسوور عەباسی ئیخوان موسلیمین لەناو لیستی عەرەبیدا، بڕیاری دا بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی ئیسرائیلدا بكات و بۆ ئەم مەبەستەش ھاوپەیمانیی لەگەڵ نفتالی بینیت – ی ئیسرائیلیدا كرد و بەمەش زۆرینەی دەنگی پەرلەمان بۆ نفتالی مسۆگەر كرا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل.

لە ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردووەوە 2 – 6 عەرەبە ئیخوانەكەی ئیسرائیل، ئەم بڕیارەی بەشداریكردنی لە حكوومەتی ئیسرائیل داوە، لەگەڵ كێیش؟ لەگەڵ نفتالی بینیت كە بەرگریكارێكی سەرسەختی مانەوەی ئۆردوگا جوونشینەكانی فەلەستینە و بە بەراورد لەگەڵ بنیامین ناتانیاھوو، نفتالی حەزرەتی مەسیحە!

ئینجا لە چوارشەممەی ڕابردوەوە ھەتا ئێستا، ئەوە چوار ڕۆژە و ناوە ناوە دەگەڕێم بۆ ئەوەی بزانم ئیسلامی سیاسیی لای خۆمان بە ئیخوان و غەیری ئیخوانەكانەوە، چی لەسەر ئەم بەشداریكردنەی مەنسوور عەباسی برای گیانی بەگیانیی خۆیان دەڵێن كە بڕیاری بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكوومەتی ئیسرائیلدا داوە، ئەو حكوومەتەی كە مانگێك پێشتر چۆنی ویست ئاوھا غەزەی بۆردومان كرد، بەڵام ھیچم لەم ئیسلامییە سیاسییانەی لای خۆمان نەبینی و نەبیست كە مانگێك پێش ئێستا دەیانویست كورد بۆ دژایەتیكردنی ئیسرائیل ئەگەر بە لێشاویش نەشچن بۆ غەزە، بڕژێنە سەر شەقامەكانی كوردستان! باش بوو خەڵكی كوردستان بە قسەی ئیسلامی سیاسیی لای خۆمانی نەكرد و بۆ دژایەتیكردنی ئیسرائیل بە لێشاو نەھاتنە سەر جادە، ئەگینا ئێستا وەك ئیسلامی سیاسیی لای خۆمان خراپ ئیحراج دەبوون!