کێشەی کورد گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بایدن دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کێشەی کورد گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بایدن دەبێت

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سەرۆکانی تورکیا و ئەمریکا کۆ ببنەوە و گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکەش، کێشەی کوردە.

رۆژی 14-6-2021 كۆبوونەوەی لوتكەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەنجام دەدرێت، کە ئەمریکا و تورکیا دوو ئەندامی بەهێزی هاوپەیمانییەکەن.

هەروەک میدیاکانی تورکیا باسی دەکەن، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبنەوە.

رۆژنامەی (دیوار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بایدن دۆستێكی لەمێژینەی كوردە، بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو دۆستایەتییە نابێت، بۆیە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا، دوپاتی دەكاتەوە كە ئەو پاڵپشتی و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، كە بەشێكی سەرەكی ئەو هێزە كوردن، نابڕێت و بەردەوام دەبێت. هەروەها هەرێمی كوردستانیش بە لای بایدنەوە گرنگی خۆی هەیە و پاڵپشتی دەکات.

هەروەک رۆژنامەی (دیوار) ئاماژەی پێکردووە، تورکیا پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات، بۆ ئەوەی بۆ جۆ بایدن بسەلمێنێت، کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان باشن.

بەپێی پێشبینیی چاودێرانی سیاسی، جۆ بایدن لە کۆبوونەوەکەیدا، داوا لە ئەردۆغان دەکات لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ رووسیای نەیاری ناتۆ، خۆی یەکلایی بکاتەوە، کە تورکیا لەگەڵ ناتۆیە یان رووسیا؟

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ دوایین جار داوا لە ئەردۆغان دەکات پاشگەزبێتەوە لە کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی و ئەگەر ئەردۆغان پاشگەزنەبووەوە، ئەوا ”بایدن گوتەیەکی دیکەی دەبێت“.

لەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکانی ئەمریکا و تورکیا، ئەردۆغان سازش لەسەر هەردوو بابەتی هەڵوێست لەبارەی کێشەی کورد و کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی ناکات، بۆیە هەروەک چاودێران سیاسی پێشبینی دەکەن، ”پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن بە ئاسانی، ئاسایی نابنەوە“.