(باسنیوز) پایتەختی شانشینی مادەکان بەسەر دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

(باسنیوز) پایتەختی شانشینی مادەکان بەسەر دەکاتەوە

مێژووی پڕ شانازی و سەرفرازیی كورد لە كۆڵانەكانی هەمەداندا

فۆتۆ: محەمەد محەمەدی 

هەمەدان، شارێکی پڕ لە شوێنەوار و شکۆی سەردەمی رابردووە، کۆنترین شاری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانە و لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، لەسەر دەستی دیاکۆ، پاشای کوردستانی کەونارا دامەزراوە. کاتی خۆی ناوی (هیگمەتانە) بووە و یەکەمین پایتەخت و یەکەمین شانشینی مادەکان بووە.

ئەم شارە لە سەردەمی هەخامەنشی، ئەشکانی، ساسانی، ئالی بووە و لە سەردەمی سەلجووقییەکانیش پایەتەختی وڵات بووە. لەسەر بەردەنووسەکانی سەردەمی ئاشوورییەکان، ناوی ئەم شارە بە (ئامادانە)، واتا شاری مادەکان هاتووە، چونکە ئاشوورییەکان بە مادەکانیان دەگوت ئامادا. 

یەکێک لە شوێنە دیارەکانی شاری هەمەدان، شوێنێکە بە ناوی گەنجنامە، کە لەسەر دوو بەردەنووس هەڵکەنراوە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی داریووش و خەشایارشای هەخامەنشی دەگەڕێتەوە. هەر کام لەم بەردەنووسانە 20 دێڕی بە زمانی عیلامی و بابلیی نوێ لەخۆ گرتووە.

ئەم بەردەنووسانە بە گەنجنامە و بەردەنووسی ئەڵوەنیش ناسراون، هەریەکێکیان نزیکەی 3 مەترە و 2 مەتر و 30 سەنتیمەتریش قووڵن و بە خەتی بزماری لەسەریان نووسراوە: ئاهوورەمەزدا یەزدانێکی مەزنە، ئەم زەوییەی ئافراندووە، ئاسمانی ئافراندووە و خەڵکی ئافراندووە تا لە خۆشیدا بن.

گەنجنامە لە سەردەمی هەخامەنشییەکاندا رێگای هیگمەتانەی بە بابلەوە گرێ داوە و لەو سەردەمەدا وەکوو رێگایەکی پیرۆز سەیریان کردووە. (بەردەشێر)، یەکێک لە گۆڕەپانە ناسراوەکانی شاری هەمەدانە، کە تێیدا بەردەشێرێکی سەردەمی مادەکان، وەک خۆی لەسەر تەپۆڵکەیەک دانراوە. ئەمە یەکەمین دەروازەی شار بووە، کە عەرەبەکان کاتی داگیرکردنی کوردستانی ئەو سەردەمە، (باب الاسد)یان پێ گوتووە. مێژووی دروستکردنی ئەم بەردەشێرە بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە، کە لەو سەردەمەدا لەبەردەم دەروازەی شارە گەورەکان دوو بەردەشێریان دادەنا.
 
(پشتە)، یان (تەپۆڵکەی مێژوویی هەمەدان) یەکێکە لە ناسراوترین و گرنگترین شوێنەوارەکانی جیهان. ئەم تەپۆڵکە مێژووییە، گەورەترین تەپۆڵکەی مێژووییە لە کوردستان و ئێران، شارێکی مێژوویی، کە هێشتا دەنگی سوارچاکانی لەشکەری دیاکۆ لەناو کۆڵانەکانی ئەم شارە هەست پێدەکەی، بەشێکە لە شاری هیگمەتانەی پایتەختی مادەکان. رۆژگارێک دیاکۆ، ئیمپراتۆری کوردستان، بەدەم پیاسەکردن بەناو ئەم کۆڵانانەدا بیری لە فراوانکردنی سنوورەکانی کوردستان کردووەتەوە.

کۆڵانەکانی ئەم شارە مێژووییە، لەو سەردەمەدا بەردچن کراون و بۆڕیی لە گڵێنە دروستکراو بۆ راکشانی ئاو بۆ ماڵەکان دابین کراوە، خانووەکانی بە خشتی چوارگۆشە دروست کراون و دەیان کەلوپەلی زێڕین لە کاتی دۆزینەوەی ئەم شارە، لەژێر خاک هێنراونەتە دەر.
 
گۆزەی زیوین، جام و کەوچکی زێڕین و ژمارەیەک کەلوپەلی تایبەت بە ئەردەشێری پاپەکانی كورد، ئەو پاشا کوردەی کتێبی ئاڤێستای کۆکردەوە، لەناو ئەم شارەدا دۆزراوەتەوە. دیوار و کۆڵانەکانی گەڕەکێکی دیکەی ئەم شارە مێژووییە لەلایەن شوێنەوارناسان وەکوو خۆی نۆژەن کراوەتەوە، تا ئەو کەسانەی سەردانی ئەم شوێنەوارە دەکەن، لەگەڵ بیناسازی و شێوازی ماڵ و کۆڵانەکانی ئەو سەردەمەدا ئاشنا بن.

لەناو شاری هەمەداندا گەورەترین گۆڕەپان و بەرزترین بورجەکان بۆ رێزگرتنە لە یادی شاعیر و کەسایەتییەکانیان. گۆڕی (باوەتایەر)ی هەمەدانی، بورجێکی هەشت پاڵووە، بە بەرزیی 25 مەتر لە بەردی گرانیت دروست کراوە و کەوتووەتە ناو گۆڕەپانێک، کە رووبەرەکەی نزیکەی 9 هەزار مەتری چوارگۆشەیە.
 
باوەتایەری هەمەدانی لە سەدەی 11یەم، لە سەردەمی سەلجووقیدا ژیاوە و یەکێکە لە کۆنترین شاعیرەکانی کوردستان، کە بە زاراوەی لەکی و لوڕی شیعری هۆنیوەتەوە و لە شیعرەکانیدا خۆی بە (لەک) ناساندووە و عاشقی ژنێک بووە بە ناوی فاتیمە: 
مە دەروێشم، لەکم، ئەعجاز دیرم    
مە دووسی چووی خوشین دەمساز دیرم
مە مەعشووقی وە نام فاتیمە لوڕ    
سنەوبەر قامەت و پڕناز دیرم

دەروێشی و سۆفیگەری وای لە باوەتایەر کرد، تا بە گۆشەگیری و دوور لە کۆمەڵگە بژی، ئەگەرچی جیا لە شیعر، کتێبی دیکەشی هەیە، کە ناسراوترینیان کتێبی (سەرەنجامە)، بەڵام لەبارەی ژیانیەوە کەمترین زانیاری هەیە، ئەم شاعیرە کوردە لە تەمەنی 85 ساڵی لە شاری هەمەدان کۆچی دوایی کردووە.

گۆڕی (بووعەلی سینا)، فەیلەسووف، زانا و پزیشکی ناسراوی ئێران، شوێنەوارێکی دیکەی شاری هەمەدانە، کە شێوازی بیناسازییەکەی تێکەڵەیەکە لە بیناسازیی بەر لە ئیسلام و بیناسازیی دوای ئیسلام، دروستکردنی بورج، باخچە، حەوز و بەردی کوێستانەکانی ئەڵوەن، بەشی سەرەکیی ئەم گۆڕەیە. بە هێمای 12 زانستی بووعەلی سینا، دوازدە کۆڵەکەی بەرزی بەردین بە بەرزیی 21 مەتر لەسەر گۆڕەکەی دروست کراوە.

بووعەلی سینا، یەکێک لە زانا ناسراوەکانی جیهانە لە زانستی ئەستێرەناسی، کیمیا، جوگرافیا، فەلسەفە و پزیشکی، کە چەندین کتێبی لە بواری جوراوجۆردا نووسیوە. کتێبی قانوون یەکێکە لەو کتێبانەی، کە مامۆستا هەژار موکریانی، لە عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و بەر لە مامۆستا هەژار، لەبەر سەختی و ئاڵۆزیی نووسینی کتێبەکە؛ هیچ وەرگێڕێک زاتی ئەوەی نەبووە، خۆی لە قەرەی ئەو وەرگێڕانە بدا. دواجار بووعەلی سینا لە ساڵی 1037ی زایینی لە شاری هەمەدان کۆچی دوایی دەکات و لەم شوێنە دەینێژن، کە بووەتە هێمایەک بۆ ئەم شارە.

گەرماوی قەڵا، شوێنەوارێکی دیکەی هەمەدانە، کە وەکوو مۆزەخانە بەکار دێ. گەرماوێکی نموونەیی و گەورە، کە خاوەن بیناسازیی تایبەت بە خۆیەتی؛ لە دوو بەشی گەرماوی سارد و گەرم دروست بووە. ئەم گەرماوە بە گەرماوی حاجی محەمەد سەعیدیش ناسراوە، کەوتووەتە ناو یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی هەمەدان، بەناو گەڕەکی قەڵا و لەسەر رووبەری 1500 مەتری دووجا دروست کراوە. بیناسازییەکەی پێکهاتەیەکە لە بیناسازیی ئێرانی و ئیسلامی و لەسەر چەندین کۆڵەکەی بەردین بنیات نراوە. چەند ساڵێکە ئەم گەرماوە بووە بە مۆزەخانە و ژیان و کولتووری خەڵکی هەمەدانی تێدا نماییش کراوە.