بەوێنە.. ئەشکەوتی بەستوون لە چیای برادۆست
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. ئەشکەوتی بەستوون لە چیای برادۆست

ئەشکەوتی سروشتی-مێژوویی بەستوون، بە گەورەترین ئەشکەوتی کوردستان دادەنرێت و دەکەوێتە گوندی هۆستانی ناحیەی بلێ لە ٣١ کیلۆمەتریی قەزای سۆران کە لە چیای برادۆستە و بە دووریی ١٢٩ کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی ٣٨ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئەشکەوتی شانەدەر دوورە.

بەرزیی دەمی ئەشکەوتەکە لە هەندێ شوێن، ١٠٠ سانتیمەتر و لە بەرزترین شوێن دەگاتە ١٦٠ سانتیمەتر و بەرینیی رووی دەرەوەشی شەش مەتر دەبێت، بەڵام ئەمانە تەنها رووبەری ئەشکەوتەکە لە دیوی دەرەوەن و ئەشکەوتەکە لە ناوەوە زۆر فراوانترە لە هەندێ شوێن حەوت مەتر بەرز دەبێت و مەزەندە دەکرێت پانییەکەی لە دیوی ژوورەوە لە نێوان٤٠ بۆ ٧٠ مەتر بێت و ١٠٠ بۆ ٤٠٠ مەتر قووڵ بێت.

پێشەوەی ئەشکەوتەکە سێ ستوونی لێیە کە بەهۆی شێوازی تایبەت و ئەندازەییان زۆر بە ئیشی دەستی مرۆڤ دەچێت و پێدەچێت دەستکرد بن، هەروەها لە دیوی ژوورەوەی ئەم ئەشکەوتە ستوون و کریستاڵی بلوورینی زۆری لێیە کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی سروشتی درووست بووە و دیمەنی سەرنجڕاکێشی زۆر جوانی بەخشیوە بە ئەشکەوتەکە.

لە بەشی سەرەوەی ئەشکەوتەکە کونێکی تێدایە کە رووناکی دەهێنێتە ژوورەوە، بەڵام ئەم رووناکییە بەشی ئەوە ناکات کە لە هەموو کاتەکانی رۆژ هەموو ئەشکەوتەکە رووناک بکاتەوە، بۆیە ئەم ئەشکەوتە هەم بە رۆژ و هەم بە شەو تاریکە بە پێچەوانەی ئەشکەوتە دراوسێیەکەی واتا ئەشکەوتی شانەدەر کە لە کاتی خۆرهەڵاتن هەتا ئاوا بوونی ناو ئەشکەوتەکە رووناکە.

سەبارەت بە پلانی رووناککردنەوەی ئەشکەوتی بەستوون، هیدایەت حسین عومەر شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران گوتی: "بۆ رووناککردن و بە گەشتوگوزارکردنی ئەشکەوتی بەستوون، پرۆژەیەکمان ئامادە کردووە بە ناوی (پرۆژەی رووناککردنەوەی ئەشکەوتی بەستوون) و بۆ جیبەجێکردنی پێشکەشی لایەنی پێوەندیدار کراوە، بەڵام بەهۆی کێشەی ئابووری و قەیرانەوە، پرۆژەکە رەزامەندیی لەسەر نەدراوە".

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی پلانی داهاتوویان بۆ رووناککردن و بە گەشتوگوزارکردنی ئەم ئەشکەوتەوە گوتی: "دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئامادەکاری بۆ بە گەشتگوگوزارکردنی ئەشکەوتی بەستوون، بە شێوازێک کە لەگەڵ مێژوو و سروشتی ئەشکەوتەکە بگونجێت لە ماستەرپلانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە و کاری بۆ دەکەین، بەڵام بارزان محەمەد حاجی بەرێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: "پێش دیاریکردنی سەردەمە مێژوویی و شوێنەواری ئەشکەوتەکە کەمێک ئەستەمە بتوانین کار لەسەر بە گەشتوگوزارکردنی ئەشکەوتی بەستوون بکەین بۆیە پێش کارکردن لەسەر بە گەشتوگوزارکردنی شوێنەکە دەبێ لەڕووی هەڵکۆڵین و پشکنینی شوێنەواری کاری بۆ بکرێت و دواتر بەپێی دەستکەوتە مێژووییەکان بە گەشتوگوزار بکرێت".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتیشی: "هەرچەندە لەم ساڵانەی رابردوودا بە هۆی قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش، کەرتی گەشتوگوزاری زیانی زۆری بەر کەوتووە، بەڵام ئێمە بەپێی توانامان هەر بەردەوام دەبین بۆ کارکردن لەسەر بە گەشتوگوزارکردنی ناوچە و شوێنە گەشتوگوزارییەکانی دەڤەری سۆران".

لەبارەی ناوی بەستوونەوە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ناوە لەبەر هەبوونی سێ ستوون لە بەشی دەرەوە و پێشەکیی ئەشکەوتەکە لێنراوە و پێ دەگوترێت بەستوون، هەروەها ئەم ئەشکەوتە لە لایەن هەندێ کەسەوە بە ئەشکەوتی بێ بن دەناسرێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە کۆتایی ئەشکەوتەکە دیار نییە، بۆیە وای پێ دەگوترێت.

لە ساڵی١٩٣٤ دکتۆر هنری فلید لە زانکۆی هاروارد سەردانی بەستوون دەکات بە مەبەستی بینینی ئەشکەوتەکە، بەڵام بەهۆی گرنگی و سەرنجڕاکێشییەکەی دیسان لە ساڵی ١٩٥٠ سەردانی دەکات و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەنجام دەدەن و لە ئەنجامدا، ژمارەیەک ئێسکی ئاژەڵ و بەشێک لە ئیسکی رانی مرۆڤ و چەند پارچە گلێنە دۆزرایەوە کە مێژووی پارچە گۆزەکانیان بۆ چاخی حەسونە و عوبید و وەرکا گەڕاندەوە کە نزیکەی ٣ بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش زایین دەکات، بەڵام ئەمە تەنها مێژووی ئەو پارچە گۆزانەیە کە لەوێ دۆزراوەتەوە و تەمەن و مێژووی خودی ئەشکەوتەکە زۆر لەوە کۆنترە.

 و بە گوتەی پسپۆڕان پارچە گلێنەکان لە لایەن راوچییەکانی ئەو سەردەمە کە بە مەبەستی راو بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەو ئەشکەوتە ماونەتەوە و خواردنیان پێ بووە، لەم ئەشکەوتە بەجێ ماون.