پەكەكە، پێشمەرگە بۆ كێ شەھید دەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەكەكە، پێشمەرگە بۆ كێ شەھید دەكات؟

ئەوەی لێرەدا دەینووسم بەشێكە لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیی جەنابی مام جەلال لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی بەتوانا و ناوداری لوبنانی غەسان شەربل لە ساڵی 2007دا، بەڵام ئەمساڵ واتە ساڵی 2021 لەگەڵ حەوت چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیی دیكەدا و لە چوارچێوەی كتێبێكدا و بە زمانی عەرەبی و بە ناونیشانی (زيارات لجروح العراق) كۆ كراونەتەوە و لە بەیرووت چاپی یەكەمی كراوە. لە گەرمەی خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا بووم، جارێكی دیكە چەكدارانی پەكەكە لە چیای مەتینی سەر بە ئامێدی، پێنج پێشمەرگەی كوردستانیان شەھید كرد و چوار پێشمەرگەی تریشیان بریندار كردووە.

لە بەشێكی ئەو چاوپێكەوتنەدا كە چاوپێكەوتنێكی دوورودرێژە و 88 لاپەڕەی ئەو كتێبە پێكدەھێنێت كە 396 لاپەڕەیە، لە وەڵامی پرسیارێكی غەسان شەربلدا كە پەیوەندیی بە پەكەكەوە ھەیە جەنابی مام جەلال دەڵێت: ”چەند جارێكی كەم و لە ساڵی 1980 عەبدوڵا ئۆجەلانم بینیوە بەڵام كاتێك لە ساڵی 1992 - 1993 كە سلێمان دیمیرێل، تۆرگۆت ئۆزالی بۆ پێكھێنانی حكوومەت ڕاسپارد، ئەو كاتە من لە توركیا بووم تۆرگۆت ئۆزالم بینی، ئەو برادەرم بوو ھیچم لێ نەدەشاردەوە، ئۆزال پێی گوتم ئامۆژگاریی ئەو شێتە (مەبەستی عەبدوڵا ئۆجەلانە) بكە دەرفەتێكمان بۆ چارەسەری سیاسی بداتێ“.

جەنابی مام جەلال درێژەی دەداتێ و دەڵێت: ”دوای ئەوە من گەڕامەوە بۆ كوردستانی عێراق و چووم بۆ لای برام مەسعود بارزانی و ھەردووكمان بەیەكەوە ژەنەراڵ ئەشرەف باتلیسمان بینی كە كەسایەتیەكی بەھێزی ناو سوپای توركیا بوو بە ئەسڵیش كوردە، پێم گوت من سەردانی سووریا دەكەم و ئۆجەلان دەبینم و پێی دەڵێم كە زۆر پێویستە شەڕ ڕابگرێت، ژەنەراڵ ئەشرەفیش بۆ ئەم كارە ھانی دام، كە چووم بۆ سووریا عەبدوڵا ئۆجەلان ھات بۆ لام و پێم گوت كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە بیقاع بكات و لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا بڕیاری ئاگربەست ڕابگەیەنێت، ئەو ڕازی بوو، دواتر پەیوەندیم بە تۆرگۆت ئۆزالەوە كرد، ئەویش پێی گوتم منیش ھەندێك ڕۆژنامەنووسی تورك بۆ ئەو كۆنفرانسە دەنێرم، ئەوە بوو دواتر ئۆجەلان كۆنفرانسەكەی كرد و تێیدا بڕیاری ئاگربەستی بۆ ماوەی 22 ڕۆژ دا، بەڵام تێنەگەییشتین كە بۆچی ماوەی 22 ڕۆژی بۆ ئاگربەست دیاری كرد؟!“.

مام جەلال هەروەها دەڵێت: ”دواتر ئۆزال پێی گوتم داوا لەو شێتە بكە كە ماوەی ئاگربەست درێژ بكاتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەم ھەبێت كە قەناعەت بە عەسكەریەكان و خەڵك بكەم بۆ ئەوەی فۆرمێك بۆ ئەم بابەتە بدۆزینەوە، ئۆجەلان بەمە ڕازی بوو ھەتا دوای مردنی ئۆزالیش ئاگربەست بەردەوام بوو، كەچی دواتر بەرپرسێكی پەكەكە بە ناوی شەمدین ساكیك ھەستا بە ئەنجامدانی كارێكی تاوانكاری و چوو كەمینی بۆ 33 سەربازی توركیا دانا كە لە مۆڵەتی خۆیاندا بوون و ئەو سەربازنەی دیل كرد و دواتر ھەموویانی كوشت! بەمەش كۆتایی بە ئاگربەست ھات، بەڵام من بە عەبدوڵا ئۆجەلانم گوت بەیاننامەیەك دەربكە و ئیدانەی ئەم تاوانە بكە و تاوانبارانیش بدەرە دادگا، كەچی ئەو ئەم داواكاریەی منی ڕەت كردەوە و ئیتر پەیوەندیی نێوان من و عەبدوڵا ئۆجەلان گرژ بوو“، ئینجا ئێوە سەیر بكەن:

1- پەكەكە ئێستاش دەڵێ من چارەسەری سیاسیم دەوێت كەچی لەناو بڕیاری ئاگربەستدا دەچێت 33 سەربازی توركیا كە لە مۆڵەتی خۆیاندا دەبن، دیل دەكات و دواتر ھەر بەدیلی دەیانكوژێت!

2- كە جەنابی مام جەلال بە سەرۆكی پەكەكە دەڵێت بەیاننامەیەك دەربكە و تێیدا ئەو تاوانەی شەمدین ساكیك –ی بەرپرسی پەكەكە ئیدانە بكە و تاوانباری ئەو تاوانە بدەرە دادگا، سەرۆكی پەكەكە ئەمە ڕەت دەكاتەوە! كەواتە ئەگەر ئەو كارە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆكی پەكەكە نەكرابێت، بە ئاگاداری خۆی بووە و بەدڵیشی بووە.

3- ئێستا پەكەكە قورسایی شەڕی خۆی لە توركیاوە گواستووەتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و ئینجا دەستی كردووە بە شەھیدكردنی پێشمەرگەی كوردستان.

4- ئەگەر لە ساڵی 1992 – 1993 سەرۆكی پەكەكە لە سووریا بووبێت و ئینجا پەكەكە ئەو 33 سەربازە توركەی كە لە مۆڵەتی سەربازیی خۆیاندا بوون و بەدیلكراوی بۆ سووریای كوشتبێت، ئەی ئاخۆ دەبێت ئێستا و لە ساڵی 2021دا پەكەكە پێشمەرگەی كوردستان بۆ كێ و بە فیتی كێ شەھید بكات؟!