پەكەكە، لەپێناو خۆی و بەرژەوەندییەكانیدا خاكی كوردستان رادەست دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەكەكە، لەپێناو خۆی و بەرژەوەندییەكانیدا خاكی كوردستان رادەست دەكات

نزیکەی ٤٧ ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا لە دژی حکوومەتی تورکیا! تێپەڕ دەبێت، لەو ماوە دوور و درێژەدا، هەرچەند ئەو حزبە توانیویەتی لە ڕووی ژمارەی گەریلا و لایەنگرانی و هەروەها توانای سەربازی و پەیوەندیی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ناوچەیی، گەشە بکات، بەڵام هەموو ئەوانە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە جوگرافیایەیە کە وەک ئامانج بۆ ئەو خەباتە دیاری کراوە.

من لەسەر ئەو باوەڕەم کە هەموو کوردستان، نیشتمانی هەمووی کوردانە، بەڵام هیچ لایەنێک بۆی نیە لەمەڕ بەرژەوەندیی کەسایەتی و حزبیی خۆی، پارچەیەک یان بەشێک لەو کوردستانە بخاتە ژێر هەڕەشە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بێنێت.

خەباتی کورد و هێز و حزبە کوردستانیەکان، بەتایبەت پاش ڕووخانی حکوومەتی عوسمانی، بۆ ڕزگارکردنی بەشێک یان هەمووی کوردستان بووە، ئەوەش لە مانیفستی زۆربەی حزبە کوردستانیەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە و هەیەتی، بەڵام ئایا چالاکیەکانی پەكەكە لەناو ئەو پێناسەیە دەگونجێت؟ ئایا خۆی بە حزبێکی ئازادیخوازی کوردستانی دەناسێنێت یان حزبێکی ئایدۆلۆجیاکەی بەلاوە گرینگترە لە کوردستان و ڕزگاریی کوردستان؟

ئاخر پەكەكە بێجگە لەوەی قەت داوای ڕزگارکردنی باکووری نەکردووە، تەنانەت چەندین جار داوای هەڵوەشانەوەی تاکە حکوومەتی کوردی و گەڕانەوەی بۆ سەر بەغدا کردووە لە باشوور. ئەوانە کۆمەڵێک پاڕادۆکسن کە پێویستە لە شیکردنەوەی پەكەكە و کار و چالاکیەکانی وەک هێزێکی کوردی ڕەچاو بکرێت.

بۆ حزبە ڕزگاریخوازەکانی کوردستانی، ڕزگارکردنی بەشێک یان هەموو کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا ئامانجی سەرەکیە، واتا خەبات ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کە ڕزگارکردن و سەربەخۆیی کوردستانە و کۆی شەهید و خەبات و ماندووبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆی پارچەکانی کوردستان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە بووە و بەردەوامیشە. بەڵام ئایا پەكەكە دەکەوێتە ناو ئەو پاوانەیەوە؟ ئەوەی لە سەیرکردنی چەند دەیەی ڕابردووی چالاکیی پەكەكە دیار دەکەوێت غەیری ئەوە پیشان دەدات، واتا پەكەكە نە تەنیا خەبات لەپێناو ئازادکردنی خاک و نیشتمان بەکار نایەنێت، بەڵکوو نیشتمان لەپێناو ئامانجەکانی خۆی لەژێر ناوی (خەبات!) خەرج دەکات. وەک نموونە:

پەكەكە ساڵانێک خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکووری بەیەکەوە گرێ دابوو و خۆی لە خاڵی سفری سنوور جێگیر کردبوو و ناوچە سنووریەکانی نێوان ئەو دوو پارچەیەی بۆ مەبەستی خۆی (وەکوو بۆ بازرگانی و داهات) بەکار دەهێنا، جا بازرگانیی ڕەش یاخود ئاسایی. لەو کاتەوەش کە تورکیا سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی بە دیوار تەنیوە، ئەو حزبە (پەكەكە) ڕێڕەوی ئەو بازرگانیەیەی بۆ باشوور گواستووەتەوە و لەجیاتی سنووری ڕۆژهەڵات و باکوور، هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور جێگیر کردوزە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستگرتن بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی ڕابردوو باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو گۆڕانکاریە.

لە کۆی ساڵانی چالاکیی پەكەكە لە باکوور، ئەو حزبە ڕێگای نەداوە حزبە کوردیەکانی دیکە کە ڕزگارکردنی کوردستان وەک ئامانج بۆ خۆیان دەزانن، هیچ چالاکیەکیان لە باکوور هەبێت و بەردەوام بە هێرش و هەڕەشە لاوازی کردوون. ئێستاش هەڕەشەی بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ڕێگرە لە کار و چالاکیی ئەو حزبانە.

کورد ساڵەهایە بۆ ڕزگارکردنی خاک خەبات دەکات و لەپێناو ئەوە سامان و ماڵ و ژن و منداڵ و گیانی خۆی بەخت کردووە. ئەوە ڕێبازەش لە شێخ عوبەیداللە و ئیسماعیل ئاغای (سمکۆ)ی شکاک و شێخ محمود و پێشەوا و مەلا مستەفای نەمر هەتا سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی حزبە کوردیەکان بەردەوام بووە، هیچیان ئامادە نەبوون لە بەرژەوەندیی خۆیان، یان بۆ پاراستنی خۆیان خاک و نیشتمانی کوردان بدەنە بەر هێرش و ڕادەستی دوژمنی بکەن، بەتایبەت خاکی پارچەکانی دیکە.

پێشەوا هەرچەند لە یارمەتیی جەنەڕاڵ مستەفا کەڵکی زۆری وەرگرت و بەداخەوە لە کۆتایی لە مهاباد لەسێدارە درا، بەڵام جەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئێران نەکێشایە ناو باشوور و مەترسیی بۆ ئەو بەشە ساز نەکرد. مەلا مستەفا و دواتر حزبەکانی دیکەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەمەبەستی ڕێکخستنەوە سوودیان وەردەگرت وەک ئەوەی ئێستا هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور دەژین، بەڵام بۆ جەنگ دژی حکوومەتی داگیرکەر دەهاتنەوە ئەو ناوچەیەی مەبەستی خەباتی ئەوان بوو.

واتا لە پارچەکانی دیکەوە هێرشیان نەکردووەتە سەر ڕژێمی عێڕاق و خەباتی خۆیان بە ئاراستەی ڕزگارکردنی ئەو بەشەی کوردستان کە ئامانجی ئەوان بووە تەرخان کردووە و هەڵبەت لە هاوکاریی حزبەکانی ناوچەکانی تریش بەردەوام بوون، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو مێژووەوە، پەكەكە پێشتر لە ڕۆژئاوا خۆی ڕێک دەخست و لەوێش شەڕی تورکیای دەکرد و هەڕەشەی تورکیای دێنا سەر خاکی ئەو بەشەی کوردستان و لە سی ساڵی ڕابردووشدا باشوور بۆ ڕێکخستن بەکار دێنێت و هەر لە باشووریش جەنگی تورکیا دەکات.

بێجگە لەوەی خەباتی پەكەكە لە دژی تورکیا نەبووەتە هۆی ڕزگارکردنی یەک بست لە خاکی باکووری کوردستان، بەڵکوو بووەتە هۆی داگیرکردنی بەشێکی ڕۆژئاوا و باشووریش لە لایان تورکیا، بۆیە هەڵە نیە ئەگەر بڵێین پەكەكە بۆ بەردەوامبوونی چالاکی و بیزنسی خۆی خاک دەدات بە تورکیا و سنوورەکانی تورکیا فراوان دەکات.

لە کۆتاییدا دەکرێت بگوترێت، بەداخەوە بۆ پەكەكە، خاک ئامانج نیە، خاک ئامرازە بۆ بەردەوامبوونی بیزنس و چالاکی…. ئەوەش بێ وێنەیە، نە تەنیا لە مێژووی کورد بەڵکوو لە مێژووی ڕزگاریخوازی جیهاندا!