ڕانیه‌.. بۆ پاراستنی نه‌وره‌سه‌كان‌ ڕێوشوێنى پێویست ده‌گیردرێته ‌به‌ر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕانیه‌.. بۆ پاراستنی نه‌وره‌سه‌كان‌ ڕێوشوێنى پێویست ده‌گیردرێته ‌به‌ر

له‌ناو به‌نداوى دوكان و ده‌ربه‌ندى ڕانیه‌، ژماره‌یه‌كى زۆر باڵنده‌ى نه‌وڕه‌س چه‌ند گردێكیان كردووه‌ته‌ نیشتمانى خۆیان و گوته‌بێژى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى ڕاپه‌ڕینیش ده‌ڵێت ڕێوشوێنى پێویستمان بۆ پاراستنیان گرتووه‌ته‌ به‌ر.

بێستوون عه‌بدوڵڵا، گوته‌بێژى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى ڕاپه‌ڕین به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "هاوكات لەگەڵ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ى ڕاوەماسى و چاودێریكردنى ده‌ربه‌ندى ڕانیه ‌و به‌نداوى دوكان، چاودێریى پاراستنى ئه‌و نه‌وڕه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند گردۆكه‌یه‌كى ناو به‌نداوه‌كه‌یان كردووه‌ته‌ نیشتمانى خۆیان".

گوتیشى: "هه‌ر گه‌شتیار و میدیاكارێك سه‌ردانى ناوچه‌كه‌ بكات، ده‌بێت مۆڵه‌تى ئێمه‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێنوێنى و مه‌رجى پێویستى پاراستنى نه‌وڕه‌سه‌كانى پێ بده‌ین".

لەمبارەوە نادر رۆستى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان به‌  (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "له‌میانى به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كى نیشتمانى نه‌وڕه‌سه‌كاندا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌ناوى گه‌شتكردنه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو نیشتمانى نه‌وڕه‌سه‌كان و پاشماوه‌ى زبڵ و خاشاكیان له‌وێ جێ هێشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریى نه‌رێنى له‌سه‌ر ژینگه‌ى ناوچه‌كه ‌و نه‌وڕه‌سه‌كان جێ ده‌هێڵێت".

گوتیشى: "هەرچەند پۆلیسی دارستانى ناوچەکە رێگا نادات هەموو کەسێک سەردانی ئەو شوێنە بکات، بەڵام بە بێ ئاگایی ئەوان چەند کەسێک دزەیان کردووەته‌ ئه‌و شوێنه ‌و وێڕاى پیسكردنى شوێنهکە،‌ پێیان له‌سه‌ر هه‌ندێ جووجكى نه‌وڕه‌س دانابوو و كوشتبوویانن".