عەبدوڵا گویل لەڕێگەی پارتەكەی باباجانەوە چاوی بڕیوەتە دەنگی كورد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عەبدوڵا گویل لەڕێگەی پارتەكەی باباجانەوە چاوی بڕیوەتە دەنگی كورد

 گویل بە نهێنی كار لەسەر لاوازكردنی ئەردۆغان دەكات

عەلی باباجان، جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پارتێكی تازەی بە ناوی (دەوا) دامەزراند، عەبدوڵا گویل 11یەمین سەركۆماری توركیا، دەیەوێت لەڕێگەی ئەو پارتەوە دەنگی كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت، بۆیە لە ئێستاوە باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد دەكات.

گویل ماوەیەكی زۆرە لەناو مەیدانی سیاسەتدا ونە، بەڵام چاودێرانی سیاسی باس لە گرنگیی ڕۆڵی گویل بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا دەکەن، بەوەی بە نهێنی كار دەكات و تاكە ئامانجیشی لادانی ئەردۆغانە لەسەر سندووقی دەنگدان.

باباجان ئەوكاتەی سەر بە ئاكەپە بوو، بە ئەندازیاری ئابووریی توركیا ناویان دەهێنا، بەڵام دوای ئەوەی نێوانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان تێك چوو، پارتی دەوای دامەزراند. ئەگەرچی گویل هیچ پۆستێكی لەو پارتە وەرنەگرتووە، بەڵام پاڵپشتیی باباجان دەكات و لە هەموو هەنگاوێكدا لەگەڵیدایە.

ئاشكرایە كە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا ئەوەی بووەتە فریادەڕسی ئەردۆغان و پارتەكەی، دەنگی كوردی باكووری كوردستان بووە، تەنانەت كاتێك سیستەمی توركیا لە ریفراندۆمێكدا لە پەرلەمانییەوە بووە سەرۆكایەتی، ئەگەر باكوور بە بەڵێ دەنگی نەدایە، هەرگیز ئەردۆغان نەدەبووە پیاوی یەكەمی توركیا و سیستەم نەدەبووە سەرۆكایەتی.

بۆیە عەبدوڵا گویل ئەوە دەزانێت كە تەنیا دەنگی كوردانی باكوورە كورسییەكەی ئەردۆغان لەق دەكات، بۆیە دەیەوێت لە كورد نزیك ببێتەوە.

گویل لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (قەرار)ی توركی، ئاماژەی بەوە كرد، كە كێشەی كورد بە نێودەوڵەتی بووە، بۆیە تاكوو لە توركیا كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ئاشتییەكی بەردەوام نایەتە بوون.

ئەوكاتەی گویل سەركۆماری توركیا بوو، هەرگیز باسی لە چارەسەركردنی كێشەی كورد نەكردووە، بەڵام ئەردۆغان بە گوتە و جاروباریش بە كردار باسی لە چارەسەركردنی كێشەی كورد كردووە، نموونە پرسی چارەسەری و دانیشتنی ئۆسلۆ لە نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا.

هەروەک شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، گویل دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، كورسیی سەرۆكایەتی لە ئەردۆغان وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەشیان پێویستی بە دەنگی كورد و ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بە تایبەت پارتی دیموكراتی گەلان ( HDP) بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی پارتە تازەكەی باباجانەوە، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كورد بدات.

پێشتر گویل زۆر لەوە ترساوە كە كێشەی كورد بە نێودەوڵەتی بكرێت، بۆیە بە گوێرەی زانیاریی چەند ماڵپەڕێكی توركی، گویل ئەوكاتەی لەسەر لیستی ئاكەپە وەزیری دەرەوەی توركیا بووە، كاتێك عەبدوڵا ئۆجەلان كاندید كراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی جیهانی، گویل سەردانی ئەردۆغانی كردووە و، پێی گوتووە وەكوو توركیا ئەگەر شتێك نەكەن بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرین كە ئۆجەلان كاندید نەكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، ئەوكات كێشەی كورد و دۆسیەی ئۆجەلان بە جیهانی دەبێت و خراپیش بەسەر توركیادا دەشكێتەوە. ئەمەش دەری دەخات كە پێشتر گویل هیچ هەوڵێكی كردەیی نەداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا.

چەند نووسەرێكی كورد ئەم گوتانەی گویلیان پێ باشە لەبارەی كوردەوە، بەڵام داوا دەكەن كە ئەمجارەیان كورد رێككەوتنی كۆنكرێتییان لەگەڵدا بكات و بۆ رای گشتیشی بڵاو بكەنەوە، تا نەتوانن هیچی تر یاری بە كورد بكەن و لە بەڵێنەكانیان پەشیمان ببنەوە.

بڕیارە لە 2023 توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیاش لە ئێستاوە بڕیاری داوە كە یەك كاندیدیان بۆ ركابەری ئەردۆغان هەبێت، ئەو كاندیدەش یان ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانی ئێستای توركیایە، یان عەبدوڵا گویل دەبێت، بەڵام ئەگەر كورد پشتگیری لە هەر كاندیدێك بكات، شانسی ئەو كاندیدە بۆ سەركۆماری توركیا بەهێزتر دەبێت، بۆیە لە ئێستاوە لایەنەكان و كەسایەتییە سیاسییەكان گرەو لەسەر دەنگی كورد دەكەن.

پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمجارەشیان كورد بە سادەیی دەنگ دەدات و بە بەڵێنەكان هەڵدەخەڵەتێت؟ یان بەو مەرجە پشتگیری لە كاندیدێك دەكات كە بەڵێنەكانی كۆنكرێتی و لەسەر كاغەز بێت؟