كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا: بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی عێراق و سووریا

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا بڕیاری دا سوپای وڵاتەكەیان بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەسەر خاكی عێراق و سووریا بۆ لێدانی هێزەكانی پەكەكە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دەرەوەی وڵات كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە بۆ نەهێشتنی تیرۆر ئەنجام دراون، بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و ئاشتی بووە لەسەر خاكی وڵاتانی دراوسێی توركیا.

هەروەها بەیاننامەكە ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە توركیا ڕێز لە سەروەری و یەكێتی خاكی وڵاتانی دراوسێ دەگرێت، بەڵام دەستیش بە هەڵوێستی خۆیەوە دەگرێت لەبارەی نەهێشتنی تیرۆرەوە، جا لەناوخۆی توركیا بێت یان دەرەوەیدا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا دووپاتی كردووەتەوە ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لەسەر سنوورەكانی باشووری توركیا بەردەوام دەبن.

جێی باسە لە كاتێكی زووتری ئەمڕۆدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە میانەی گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی تورکیا باسی ئەگەری هێرشی سوپای وڵاتەكەی كردبوو بۆ سەر شاری مەخمووریش و گوتبووی "بابەتی مەخموور بەلایەنی کەم هێندەی قەندیل گرنگی پێدەدەین. مەخموور، لانەی هەڵهێنانە بۆ قەنديل و ئەم لانەیەش لە ناوەندى شار گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، ئەگەر هێرشیان نەکەینە سەر بەردەوام دەبن لە گەشەکردن".