كەركووك لە دیدی مستەفا بارزانییەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كەركووك لە دیدی مستەفا بارزانییەوە

 3

 زانیار سەردار قڕگەیی

 بارزانی، وه‌ك رابه‌رێك بۆ بنیاتنانی كه‌سایەتیی تاكی كورد، هه‌وێنی ئه‌و شوناسنامه‌یه‌ی كرده‌ مێشكی كه‌سێتیی كورده‌وه‌ و گه‌ردانه‌ی بڕوابه‌خۆهێنانی چاند، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: "ده‌بێ ئێمه‌ حه‌قی قه‌راردانمان هه‌بێت". هه‌ڵبه‌ته‌ وشه‌ی دەبێت، وه‌ك مه‌رجێكی بێ به‌ڵگه‌ویستن و پاشانیش مافی قه‌راردان به‌و مانایه‌ی، پێشوه‌ختی ئه‌و وته‌یه‌ ئه‌و مافه‌مان پێ شك نه‌هاتووه‌.

كه‌واته،‌ یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی مرۆڤی كورد له‌ مافی بڕیارداندا هاتووه‌ و دووه‌م: پابەندیی مافی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌، ئه‌م دوو مافه‌ش ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌و جاڕنامه‌ گه‌ردوونییه‌ی ڕێكخراوی مافی مرۆڤدا هاوشان و ته‌بان.

 له‌ وته‌كه‌دا كه‌سایەتییه‌كی دیكه‌ به‌دی ده‌كرێ، ئه‌ویش كه‌سایەتیی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، نه‌ته‌وه‌ی كورد تا ئێستا وه‌ك كه‌سێكی یاسایی له‌ڕووی ڕامیاری و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌، به‌ واتا، نه‌ خاوەن وڵات و دروشمی سه‌ربه‌خۆ، نه‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی یاساییه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دوو مافی زۆر سه‌ره‌كیدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووس و په‌رچه‌كرداری گشت كارێكی نه‌نگ، ده‌رهه‌ق به‌ شه‌ره‌فمه‌ندیی كورد.

بارزانی، وه‌ك ڕووكارێكی به‌دیارخستنی پێناسه‌ی كورد، داوای هه‌ردوو مافی سەرەكیی بڕیاردان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی كردووه‌. ئا لێره‌دا شۆڕش وه‌ك ده‌ربڕینێكی ڕامیاریی ناساندنی كه‌سایەتیی گه‌لی كورد له‌سه‌ر زاری سه‌رۆك مستەفا بارزانییەوه‌ خۆی پێناسه‌ كردووه‌.

وته‌یه‌كی دیكه‌ی بارزانی، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه كه‌ ده‌ڵێت: "كه‌ركووك دڵی كوردستانه،‌ هه‌ر كاتێک مرۆڤ توانی بێ دڵ بژی، ئه‌وكات كوردستانیش بێ كەركووك ده‌ژی". ئه‌م وته‌یه‌ گه‌لێك كرۆكى دیار و ئاشكرا و تێڕوانینى هه‌یه‌، گەوره‌ترین شیكاری به‌ده‌ستهات و دیاریكردنی كه‌ركووك وه‌ك دڵی كوردستان، به‌ واتا، لێكچواندنی كوردستان به‌ مرۆڤ و كه‌ركووكیش به‌ دڵ.

لێره‌دا فه‌لسه‌فه‌كاری به‌ گشتیكردن و پارچه‌كردنی ده‌بینینه‌وه‌. دیاره‌ لێكچواندنی كوردستان به‌ جه‌سته‌، مه‌به‌ستی به‌ دیارخستنی كرۆكی باسه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ وێنه‌كێشانی ئه‌م ده‌ربڕینه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی مه‌غزایه‌كی دیكه‌، كه‌ ئه‌ویش گرنگیی به‌های لێكچواندنی كه‌ركووكه‌ به‌ دڵ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م لێكچواندنه‌ چه‌ند مه‌غزایه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت:

1- گرنگی و به‌های كه‌ركووك وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی دڵی مرۆڤی گرتبێته‌وه‌، له‌و پله‌ و پایه‌یەدا.

2- گرنگیی خاڵێكی سه‌ره‌كی له‌ ڕێوشوێنی كه‌ركووك و پابه‌ندیی ژیان گوزه‌راندنی كوردستان به‌ كه‌ركووكه‌وه‌، كه‌ركووك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی به‌ واتا نه‌وتی رەش، كه‌ ئه‌میش ئاوێته‌كردن و بلوورینی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌پێز ده‌گرێته‌ خۆی، ئەویش ژێرخانی له‌و دووتوێیه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌ و كه‌ركووكی به‌ داینه‌مۆی بزواندنی ژیانی خۆشگوزه‌ران و سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه‌ پابه‌ند كردووه‌، بارزانی هه‌ستی به‌ گرنگیی ئابووری و ڕۆڵه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی كردووه‌، بۆیه‌ به‌ شاده‌ماری ژیانه‌وه‌ی كوردستانی ده‌بینێته‌وه‌.

ڕووكاری دووه‌می وته‌كه‌ی بارزانی، له‌ نیوه‌ دێڕی "كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌" له‌وه‌دایه‌، كه‌ بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی باشووری كوردستان نه‌بووه‌، واته‌ كوردستانی عێراق، بگره‌ كوردستانی گه‌وره‌ی مه‌به‌ست بووه‌، با بزانین به‌ڵگه‌ چییه‌ بۆ ئه‌م وتەیه‌؟

بارزانی باش زانیویه‌تی، كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ به‌شكراوه‌كه‌ی كوردستاندا شارێك، یاخود شوێنێك نییه‌ وێنه‌ی كه‌ركووك، له‌ڕووی سامانی سروشتیی نەوتەكەیه‌وه‌ هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات، ببێته‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی زۆر مه‌زن بۆ بزواندنی گوزه‌رانی كوردستانی گه‌وره‌.

ڕه‌نگه‌ هه‌بێ بڵێ، بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی عێراق بووه‌ و بیری بۆ دوورتر نه‌ڕۆیشتووه‌. زیاتر له‌سه‌ری بڕوا و بڵێ، ئه‌وه‌ش به‌ به‌ڵگه‌ ده‌هێنینه‌وه‌، كه‌ ساڵی 1971 پیلانه‌ شوومه‌كه‌یان دژی بارزانی جێبه‌جێ كرد، به‌ مه‌به‌ستی شەهیدكردنی، له‌سه‌ر جێگای خه‌سته‌ییدا ده‌ڵێت: "گه‌ر شه‌ڕتان كرده‌وه‌، له‌سه‌ر خوێنی من شه‌ڕ مەکەن، به‌ڵكوو له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌".

 بۆیه‌ ده‌ڵێن، ئه‌م شیكارییه‌ی به‌جێیه‌ بۆ ئه‌قڵیه‌تی ساتی بیركردنه‌وه‌، له‌ وته‌كه‌ نكۆڵی له‌م بۆچوونه‌ ناكرێ، به‌ڵام بارزانی بۆ زۆر له‌وه‌ دوورتر ڕۆیشتووه‌ و مه‌غزای فه‌لسه‌فیی له‌ناو ده‌ربڕینه‌كه‌دا چاندووه‌، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌:

1- ئه‌گه‌ر بارزانی مه‌به‌ستی ته‌نیا كوردستانی عێراق بوایه‌، به‌ ڕاشكاوی ده‌یگوت: دڵی كوردستانی عێراقه‌.

2- نیوه‌دێڕی دووه‌م، به‌ته‌واوه‌تی مه‌غزا گشتییه‌كه‌ (مه‌به‌ست له‌ كوردستانی گەورەیه‌ و دیار ده‌كات)، كه‌ ئه‌ویش ئه‌م نیوه‌ دێڕه‌یه‌: (هه‌ر كاتێ مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی)…

مرۆڤ به‌ واتا گشتییه‌كه‌ی، هه‌ڵبه‌ت به‌گشتیكردنی نیوه‌دێڕه‌ به‌شه‌ پارچه‌ییه‌كان دەگرێته‌ خۆ. واتا به‌گشتیكردنی مرۆڤ، په‌رچه‌كداری مه‌غزای واتایی، به‌گشتی وەرگرتنی كوردستانی گه‌وره‌یه‌، وه‌ك خاك… توانه‌وه‌ی مه‌به‌ستی به‌شی یه‌كه‌كه‌، پارچه‌كان له‌ یه‌كه‌ی كۆ و گشتیدا مه‌غزای مانای

نیوه‌ دێڕی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌ خۆ..

3- هه‌رچی نیوه‌دێڕی سێیه‌مه‌ (ئه‌و كاته‌ی كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی)، ئه‌وا واتای ته‌واوی كوردستانی گه‌وره‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا.

كوردستان، وشه‌یه‌كی داڕووتاو و بێ خاڵبه‌ندی هیچ سیما و مه‌غزایه‌كی پابه‌نده‌كی بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌كی دیاریكراوی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌یه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕاستیی مەبەسته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌مان ده‌پێكێ.

4- به‌ڵگه‌ی چواره‌می ڕاستیی مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بارزانی له‌ كوردستانی گەوره‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باری ده‌روونی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی كوردستانی گه‌وره‌. دیاره‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی كوردستان وه‌ك ته‌نیا وشه‌، له‌ ده‌ربڕینێكی ئاوادا باری ده‌روونی و بیركردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بارزانی سنووردار ده‌كاته‌وه‌ و به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌گداكوتانی له‌ مێشكی بارزانییدا ده‌سه‌لمێنێ، ده‌ربڕینه‌کەی به‌سه‌ر زاری بارزانییدا سه‌پاندووه‌.

وه‌ك ده‌زانن له‌و كاته‌دا نوێنه‌رانی ڕژێم و له‌ كاتی دانیشتندا له‌گه‌ڵ سەركردایەتیی شۆڕش، له‌مه‌ڕ باسكردنی سنووری ناوچه‌ی ئوتۆنۆمیدا هاتووه‌ و یەكێك له‌و نوێنه‌رانه‌ی ڕژێم به‌ نه‌زانیی خۆی گوتوویه‌تی: "ئیتر باسی كه‌ركووك مه‌كه‌ن، چونكه‌ كه‌ركووك عه‌ره‌بییه‌ و بڕایه‌وه‌". ئیتر بارزانی زۆر به ‌تووڕه‌ییه‌وه‌ بەرپه‌رچی ئه‌و نوێنه‌ره‌ ده‌داته‌وه‌ و شێوازی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێ.

 لێره‌دا مه‌به‌ست گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی ڕووداو نییه‌، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌ شێوازی دروستبوونی ئه‌و باره‌ ده‌روونییه‌ بووه‌، كه‌ بارزانی بۆ ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ تێیدا ژیاوه‌ و ئه‌م وته‌ به‌نرخه‌ی نه‌خشاندووه‌. كه‌واته‌ دروستیی مه‌به‌ستی بارزانی دوای ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ دیار و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، هه‌رچی ڕووكارێكی تری وته‌كه‌یه‌، ئه‌وا بنه‌مادانانێكی تری شۆڕشی كورده‌ له‌ گرنگیی لێكچواندنی ڕۆڵی ئابووری بۆ سەقامگیربوون و به‌جێهێنانی ئامانجه‌كانی شۆڕش و ڕۆڵبینینی ئابووری له‌ شۆڕشدا، كه‌ ئه‌م مه‌غزایه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ شۆڕشه‌كانی پێش شۆڕشی ئه‌یلوول، وه‌ك خاسیه‌ت به‌دی نه‌كراوه‌ و گرنگییه‌كه‌ی نه‌زانراوه‌. وێڕای ئه‌م ڕووكارانه‌، گرنگترین كرۆكی بۆ ئه‌قڵیه‌تی نه‌خشه‌ و پلاندانانی پاشه‌ڕۆژی كورد دیار كردووه‌، له‌ رووی گرنگیی كه‌ركووك وه‌ك دارچه‌ڵه‌مه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان، كه‌ ئه‌م نه‌خشه‌ و پێواندانه‌ تا ئێستاش بیركاریی ئه‌قڵیه‌تی كوردی داگیر كردووه‌ و بووه‌ته‌ سۆزبەخشێكیش بۆ زیاتر پێ له‌سه‌ر داگرتنی.

 دوای ئه‌م شیكارییانه‌، به‌ پێویستی نابینین جارێكی تر بڵێین، وته‌كه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ، چونكه‌ خۆتان دروستیی ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌بینن. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و وته‌ی بارزانی، كه‌ هه‌رده‌م گوتوویه‌تى: "كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌ و هه‌ر كاتێك مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی، ئه‌و كاته‌ كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی"، دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: “بارزانیی نه‌مر، هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوو واز له‌ كه‌ركووك بێنێ و ڕژێمیش به‌ ئاره‌زووی خۆی ئه‌یویست له‌ كوردستانی داببڕێ، چونكه‌ به‌لای بارزانیی نه‌مره‌وه‌، ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ كه‌ركووك، ده‌ستهه‌ڵگرتن بوو له‌ خودی ژیان به‌ خۆی. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ئه‌و وته‌یه‌، ده‌بینین چه‌ند ورد و بیرمه‌ندانه‌، شوێن و گرنگیی كه‌ركووك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.

دیاریكردنی كه‌ركووك به‌ دڵی كوردستان، به‌ واتای كوردستان به‌ مرۆڤ و كەركووكیش به‌ دڵه‌كه‌ی، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داینه‌مۆی بزووتنه‌وه‌ی ژیانی سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانى و ئاسووده‌یی و بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستانه‌، چونكه‌ بارزانیی نه‌مر، بایه‌خ و گرنگیی ئابووریی كه‌ركووك و ڕۆڵی كاریگه‌ری ئەوێی له‌ بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستاندا هه‌ست پێكردووه‌ و زانیویه‌تی، كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا شارێك یان شوێنێك نییه‌ له‌ ڕووی سامانی سروشتیی نه‌ته‌وه‌وه‌، له‌ وێنه‌ی كه‌ركووك ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت“.

 گۆڤاری (كویك)ی ئه‌ڵمانی، له‌ ژماره‌ 20ی ساڵی، 1974 له‌ژێر ناونیشانی (شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕۆژگاره‌)دا، وتارێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “كوردی كه‌ركووك با‌ پارچه‌یه‌ك له‌ تایبه‌تیی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌بێت“. له‌ شوێنێكی تردا بارزانى سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك گوتوویه‌تى: ”من نه‌ ئێستا و نه‌ دواڕۆژ ڕازی نابم به‌ مساوه‌مه‌ و نه‌فره‌تی مێژوو ناخه‌مه‌ سه‌ر ڕووی خۆم“.

 دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: "من خۆم چه‌ندین جار له‌ شه‌هید كاك ئیدریس بارزانی، سه‌ركرده‌ی هه‌میشه‌ زیندووم بیستووه‌، كه‌ چۆن بارزانیی نه‌مر ئاماده‌ نه‌بووه‌ ده‌ست له‌ كه‌ركووك هه‌ڵبگرێ و هه‌میشه‌ له‌ كاتی گفتوگۆكاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی، پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتووه‌، كه‌ركووك هی كورد بووه‌ و ئێستاش هی كورده‌ و هه‌ر به‌ هی كوردیش ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ شارێكی دێرینی كوردستانه‌.

 هه‌روه‌ها كاتێك جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی، وه‌كوو نوێنه‌ری سه‌ركردایه‌تیی پارتی و شۆڕشی ئه‌یلوول، دوای مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری ساڵی، 1970 له‌ سه‌ردانێكیاندا بۆ شاری كه‌ركووك له‌ 6/2/1970 له‌گه‌ڵ (ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان)، نوێنه‌ری حكوومه‌ت، پێكه‌وه‌ كۆڕێكیان بۆ جه‌ماوه‌ری شار گێڕا، دكتۆر ناسیح ده‌ڵێت: ”من خۆم له‌وێ ئاماده‌ بووم، هاووڵاتییه‌كی ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه‌ له‌ به‌ڕێز كاك مەسعودی پرسی، ئایا به‌ لای ئێوه‌وه‌ كه‌ركووك كوردستانه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا جه‌نابی كاك مه‌سعود هه‌مان وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی چه‌ندین جاره‌ی بارزانیی نه‌مری ڕاگه‌یاند و گوتی: ”به‌ڵێ، كه‌ركووك كوردستانه‌، هه‌ر كه‌سێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینێ، پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژوو و به‌ باشی ته‌ماشای لاپه‌ڕه‌كانی بكات و بیخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وته‌كه‌ی من دڵنیا بێت".

 د. ناسیح غه‌فوور، درێژه‌ به‌ قسه‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێت: ”هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و كۆڕه‌، جهنابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، خۆشی له‌ به‌شی سێیه‌می كتێبه‌ مێژووییه‌ بەنرخه‌كه‌یدا (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد)، ئه‌و سه‌ردان و بەسەرهاته‌ی كه‌ركووك ئه‌گێڕێته‌وه‌ و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی جەماوه‌ر گوێبیستی ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ بوون، له‌ خۆشییاندا ئه‌وه‌ندی تر خرۆشان و دروشمیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و هوتافیان لێ ئه‌دا. كۆڕه‌كه‌ بوو به‌ خۆپیشاندان و خرۆشانێكی بێ وێنه‌، به‌عسییه‌كان واقیان وڕ ما و بێده‌نگ و كپ بوون. بۆیه‌ جارێكی تر وته‌كه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌، كه‌ به‌ڵێ، كه‌ركووك به‌شێكه‌ له‌ كوردستان".