ژمارە 1031 پێمان دەڵێت حوكمڕانیەكەتان پاكە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژمارە 1031 پێمان دەڵێت حوكمڕانیەكەتان پاكە!

لەم وتارەدا، قسەی پزیشكێك كە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوایە لە سلێمانی و ئەم نەخۆشخانەیە تایبەتە بە چارەسەركردنی جۆرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە، لەگەڵ بەشێك لە پەیامی یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی كە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیانەوە بڵاوی كردووەتەوە، تێكەڵ دەكەم یان با بڵێین تێكھەڵكێش دەكەم.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا دەڵێت: ”لە سەرەتای ئەمساڵەوە ھەتا ئێستا 1031 كەس لە سلێمانی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون“، لەولاشەوە یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی لەناو پیاھەڵدان و مەدح و سەناكردنی خۆیاندا دەڵێت: ”یەكێتی بەرەو حوكمڕانیەكی پاك بەردەوامە“.

1- نازانم ئەو ھاوسەرۆكەی یەكێتی چۆن لە حوكمڕانیی پاك تێگەیشتووە، بەڵام ئایا ئەگەر ئەوان خۆیان وەك بەشێك لە دەستڕۆییشتوانی سلێمانی تۆمەتبار بن بە ھێنانی خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو بۆ ناو ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بۆ سلێمانی و ئەمەش یەكێك بێت لە ھۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و ئینجا لە ماوەی تەنیا پێنج مانگی ئەمساڵدا 1031 كەس لە سلێمانی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووبن، ئاخۆ ئەبێ پاكیی حوكمڕانیی ئەوان لە سلێمانی لە چیدا و لە كوێدا بێت؟

خۆش ئەوەیە ئەو ھاوسەرۆكە دەشڵێت: ”یەكێتی بۆ حوكمڕانیی پاك بەردەوامە“ ئینجا بەم حسابە كەواتە ئەوان بەردەوام دەبن لە ھێنانی خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو، ئێ كەواتە ئەوان بەردەوام دەبن لە تووشكردنی زیاتری خەڵكی سلێمانی بە نەخۆشیی شێرپەنجە، چونكە لای ئەوان یەكێك لە نیشانە و پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی حوكمڕانیی پاك ئەوەیە چەند ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە زیاد بكات بەو ڕادەیەش حوكمڕانیەكە پاكە!

2- نازانم ئەو ھاوسەرۆكەی یەكێتی چۆن لە حوكمڕانیی پاك تێگەیشتووە، بەڵام ئایا ئەگەر ئەوان خۆیان وەك بەشێك لە دەستڕۆییشتوانی سلێمانی تۆمەتبار بن بەوەی كە لە تانجەڕۆكەی سلێمانی بە شێوەیەك بەنزین بپاڵێون و لە پاڵاوتنی بەنزیندا ئەو مادانە بەكار بھێنن كە بە یەكێك لە ھۆكارە سەرەكیەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە دادەنرێت، ئینجا لە ماوەی تەنیا پێنج مانگی ئەمساڵدا 1031 كەس لە سلێمانی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووبن، ئاخۆ ئەبێ پاكیی حوكمڕانی ئەوان لە سلێمانی لە چیدا و لە كوێدا بێت؟

خۆش ئەوەیە ئەو ھاوسەرۆكە دەشڵێت: ”یەكێتی بۆ حوكمڕانیی پاك بەردەوامە“، ئینجا بەم حسابە كەواتە ئەوان بەردەوام دەبن لەو جۆرە پاڵاوتنەی بەنزین، ئێ كەواتە ئەوان بەردەوام دەبن لە تووشكردنی زیاتری خەڵكی سلێمانی بە نەخۆشیی شێرپەنجە، چونكە لای ئەوان یەكێك لە نیشانە و پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی حوكمڕانیی پاك ئەوەیە چەند ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە زیاد بكات، بەو ڕادەیەش حوكمڕانیەكە پاكە!