لە نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی – دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی – دا

لە یادی 46 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان – دا مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزباییەكی ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كردووە و لە بەشێكیدا دەڵێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكیی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و هاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا، رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەستكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەم قۆناغەشدا بە هەموو لایەک هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان و بەگیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەرییەوە بەپێی پێویستیی قۆناغەكە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.

لەم یادەدا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموون و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی هەرێمی كوردستان..

ھەر لەم یادەدا، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی خۆی ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە لە بەشێكیدا دەڵێت: وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت دەکەینەوە، ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەری رەنجی تێكۆشان یەكێتی و تێكڕای گەلی كوردستانە، هی ئەوە نییە هیچ لایەنێك‌ بەهۆی بەرژەوەندیی تەسكەوە یاری بە چارەنووسییەوە بكات. پێویستە ئیرادەی سیاسییمان بۆ ئەم ئەركە نیشتمانی و رەوایە بخەینە کار، ئەم ویستەش بە چاكسازیی ڕاستەقینە لە حوكمڕانی و باشكردنی گوزەرانی خەڵك‌، بە لەخۆبردوویی سیاسی ‌و دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندییە تەسكەكان، دێتە دی.

كە سەیری ئەم دوو پەرەگرافەی ھەردوو ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیم كرد ئەم سەرنجانەم لا دروست بوو

1 - مەكتەبی سیاسیی پارتی، یەكێتی بە ھاوخەبات و ھاوپەیمان دەزانێت و ھێز و لایەنە سیاسییەكانی تریش ڕۆڵی كاریگەریان ھەبووە لە بەدیھێنان و پاراستنی دەستكەوتەكان، كەچی لەم ڕووەوە یەكێتی بە یەك وشەیش ناوی پارتی و ھیچ حزب و لایەنێك ناھێنێت، چونكە ئەوەتا دەڵێت ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەری رەنجی تێكۆشانی یەكێتی و تێكڕای گەلی كوردستانە. واتە لای یەكێتی، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان بەری ڕەنجی یەكێتی و گەلی كوردستانە واتە ئەم ئەزموونەی ھەرێمی كوردستان وەك حزب تەنھا ڕەنجی یەك حزبی تیایە ئەویش یەكێتییە و ئیتر ئەوی تر ھی گەلی كوردستانە. پێدەچێت یەكێتی ھێشتا تیای مابێتەوە و ھێشتا و ھەتا ئێستایش، خەون و خەیاڵی حزبی پێشڕەوی چینی كرێكاری زەمانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران و پاكتاوكردنی حزب و لایەنەكانی تری كوردستان بەری نەدابێ!

2 - مەكتەبی سیاسیی پارتی ھیچ وشەیەكی زبر و ھیچ پلارێكی لە یەکێتی نەداوە، كەچی یەكێتی لەو پەرەگرافەی ڕاگەیەندراوەكەیدا كە لە پێشەوە ئاماژەم پێداوە، دەڵێت ئەم ئەزموونە ھی ئەوە نییە هیچ لایەنێك ‌بەهۆی بەرژەوەندیی تەسكەوە یاری بە چارەنووسییەوە بكات. تەبعەن و ئەوەندەی من یەكێتیم ناسیبێت و ئەم یەكێتییەی ئێستاش بناسم ئەوە ناڕاستەوخۆ مەبەستیان لە پارتییە كە گوایا یاری بە چارەنووسی ھەرێمی كوردستانەوە دەكات و وردتر مەبەستیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە، واتە لای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان یاریكردن بووە بە چارەنووسی ھەرێمی كوردستانەوە، بەڵام خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە خائینەكانی ناویان نیوەی باشووری كوردستانیان پێ خستەوە ژێر دەستی داگیركەرانی كوردستان و میلیشیا دز و تیرۆریستەكانی عێراق، ئەمەیان یاریكردن نەبووە بە چارەنووسی ھەرێمی كوردستان! ئەوە بە مەرجێك ئەگەر ھەر ئێستا دەمی یەكێتی بكەیتەوە دەڵێت ئێمە ئەو حزبە بووین كە یەكەمجار دروشمی مافی بڕیاردانی چارەنووسمان كردە دروشمی شۆڕشی كوردستان و دوا دێڕی ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییش ئەوەیە كە وەك خۆیان دەڵێن درێژە بە خەبات دەدەن ھەتا بەدیھێنانی ھەموو ئامانجەكان لە (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) واتە لێرەشدا باسی مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكەن كەچی كە ڕیفراندۆمیش بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی گەلی كوردستان خۆیان ڕاستەوخۆ بڕیار بدەن كە ئایا دەیانەوێت لەگەڵ عێراقدا بن یان نەخێر و خۆیان دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان ھەبێت؟ ئا ئەمە لای ئەم مەكتەبی سیاسییەی ئێستای یەكێتی دەبێتە یاریكردن بە چارەنووسی گەلی كوردستان! ئاخر ئا ئەمە یەكێكە لە جیاوازییەکانی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی. مەكتەبی سیاسییەکی خۆ بەبەرپرسزانی وەك مەكتەبی سیاسیی پارتی و مەكتەبێكی سیاسیی نابەرپرسی شپرزە و جرپنی وەك مەكتەبی سیاسیی یەكێتی! جەنابی مام جەلال لە کوێیت بۆ بینینی ئەو شپرزەیی و ئەو جرپنیەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەكەی ئێستا؟