كۆلۆمبیا و فارك، توركیا و په‌كه‌كه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كۆلۆمبیا و فارك، توركیا و په‌كه‌كه‌

ماوه‌ی 52 ساڵه‌ شه‌ڕ له‌نێوان بزووتنەوەی فارك و حکوومەتی كۆڵۆمبیا به‌رده‌وامیی هه‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دوای 4 ساڵ دانوستاندن كه‌ سه‌رۆكی كوبا كاسترۆ نێوه‌ندگێریی ده‌كرد، توانرا له‌بری گوللە‌ و تۆپ، ئاشتی جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ و، بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بزووتنەوەی فارك چه‌كه‌كان فڕێ بدات و وه‌كوو پارتێكی سیاسی له‌ناو په‌رله‌مانی كۆلۆمبیا خه‌بات بكات.

ده‌كرێت كێشه‌ی كورد له‌ توركیا به‌ كێشه‌ی فارك له‌ كۆلۆمبیا بچوێنین، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی په‌كه‌كه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كیان به‌ ناوی فارك دامه‌زراند و بڕیاریان دا خه‌باتی چه‌كداری بكه‌ن، 52 ساڵیش شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو و 226 هه‌زار كه‌سیش كوژرا، هه‌روه‌ها 8 ملیۆن هاووڵاتیش له‌به‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت.

به‌ڵام كاتێك ئه‌و 2 لایه‌نه‌ بڕیارن دا دانوستاندن بكه‌ن و ئاشتی جێگه‌ی شه‌ڕ بگرێته‌وه‌، هه‌ردوولا مه‌یلی ئاشتیان هه‌بوو و كه‌س نه‌یده‌ویست ئه‌وی دیكه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت، ئه‌وان بێزا بووبوون له‌ شه‌ڕ و بڕیاریان دابوو بۆ خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیانیان ئاشتی بهێننه‌ بوونه‌وه‌. ئه‌نجام له‌ مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا ئیمزای كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕیان واژوو كرد.

ئه‌ی بۆچی توركیایش به‌ هه‌مان شێوه‌ی كۆلۆمبیا له‌بری فیشەک‌ قه‌له‌می ئاشتی ناهێنێته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ؟ ئه‌ی بۆچی په‌كه‌كه‌یش وه‌كوو بزووتنەوەی فارك نایه‌وێت چه‌ك دابنێت و له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا خه‌باتی سیاسی بكات؟ هۆكاره‌كه‌ی روونه‌ ئه‌وان مه‌یلی ئاشتییان هه‌یه‌ و توركیا و په‌كه‌كه‌یش مه‌یلی شه‌ڕ. كاتێك كۆڵۆمبیا و فارك ویستیان دانوستاندن بكه‌ن، یه‌كترییان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تاند، به‌ڵكوو ده‌ستی ئاشتییان بۆ یه‌كتری درێژ ده‌كرد، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ و توركیا له‌ قۆناغی پرسی چاره‌سه‌ریدا یه‌كترییان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و ته‌نیا ویستیان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی زیاتری پێ كۆبكه‌نه‌وه‌. من پیشتریش له‌ وتارێكدا باسم كردبوو دانوستاندن ناكرێت ئه‌گه‌ر دوو لایەنی دانوستاندنه‌كه‌ بڕوایان به‌ یه‌كتری نه‌بێت. توركیا چه‌ند بڕوای به‌ په‌كه‌كه‌ نه‌بووبێت، په‌كه‌كه‌یش دوو هێنده‌ بڕوای به‌ توركیا نه‌بووه‌.

ره‌نگه‌ زۆر کەس وا بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كۆلۆمبیا و توركیا لێك جیاوازن و دوو كلتوور و دوو ناوچه‌ی جوگرافیای لێك جیاوازان، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی وا نییه‌ و ئاشتی له‌ هه‌موو كلتوور و جوگرافیایه‌كدا وه‌كوو یه‌ك وایه‌، ته‌نیا یه‌ك شتی ده‌وێت ئه‌ویش ئیراده‌یەكی به‌هێز.

كۆلۆمبیا و فارك دوای چوار ساڵ دانوستاندن توانیان شه‌ڕ بوه‌ستێنن و فارك چه‌كه‌كان فڕێ بدات. ئیرله‌ندای باكوور و به‌ریتانیا دوای 18 ساڵ دانوستاندن توانیان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و هێزه‌كانی ئیرله‌ندای باكوور چه‌ك فڕێ بدات و مافی ره‌وای خۆی به‌ ئاشتیانه‌ وه‌ربگرێت. به‌ڵام په‌كه‌كه‌ و توركیا 32 ساڵه‌ شه‌ڕی یه‌كتری ده‌كه‌ن و چه‌ندین جار دانوستاندنیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ چه‌ك فڕێ بدات و توركیاش ده‌ستوور بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بووه‌.

ئیتر كاتیەتی توركیا و په‌كه‌كه‌یش به‌ دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا بگه‌ڕێن كه‌ بۆچی كۆلۆمبیا و به‌ریتانیا دوای شه‌ڕێكی زۆر و سێ ئەوەندەی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا له‌ یه‌كتریان كوشت و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئەی بۆ ئه‌وان ناگه‌ن به‌ هیچ رێككه‌وتنێك؟
ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كان دیاری بكرێن و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی، ئیدی ئه‌وانیش وه‌كوو كۆلۆمبیا و ئیرله‌ندای باكوور، له‌بری ئه‌وه‌ی گوللە‌ به‌ یه‌كترییه‌وه‌ بنێن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گوللە‌كان ده‌كه‌ن به‌ قه‌ڵه‌م و ئیمزای ئاشتیی پێ ده‌كه‌ن.

پاشخان
ــ فارك كورتكراوه‌ی (هێزی چه‌كدارای شۆڕشی كۆلۆمبیایه‌).
_ له‌ ساڵی 1964 فارك وه‌كوو باڵێكی سه‌ربازیی پارتی كۆمۆنیست خۆی ناساند.
ــ له‌ سالی 2002 ئه‌و بزوتنەوەیه‌ توانی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی بۆ 20 هه‌زار سه‌رباز به‌رز بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی كۆلۆمبیای له‌دەستا بووه‌.
ــ ساڵی 2008 بۆ فارك خراپترین و ناخۆشترین ساڵ بووه‌، چونكه‌ له‌ زۆر له‌ شه‌ڕه‌كاندا شكستی هێناوه‌.
ــ له‌ ساڵی 2012 له‌ شاری هاڤانه‌ به‌ نێوه‌ندگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووەكان و كاسترۆی سه‌رۆكی كوبا، پرسی چاره‌سه‌ری ده‌ستی پێكرد.
ــ ساڵی 2016 به‌ ته‌واوه‌تی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و ئیدی فارک چه‌كی فڕێ دا و ئاشتی جێگه‌ی گرته‌وه‌.