پارێزگاری هەولێر: سەرۆكی حكوومەت خەڵكێكی پسپۆڕی راسپاردووە بۆ رێكخستنەوە و زەمینەخۆشكردنی بازاڕێكی فراوانتر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارێزگاری هەولێر: سەرۆكی حكوومەت خەڵكێكی پسپۆڕی راسپاردووە بۆ رێكخستنەوە و زەمینەخۆشكردنی بازاڕێكی فراوانتر

 بەرژەوەندیی كاسبكاران لەبەرچاو دەگرین و هەر كارێك بكەین، ئەوان بێ كاروكاسبی نابن

 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا، چەند پرسێكی تایبەت بە بازاڕ و ئابووریی هەولێر دەخاتە روو. رایدەگەیەنێت: “بەرژەوەندیی كاسبكاران زۆر لەبەرچاو دەگرین و دڵنیایی دەدەین هەر كارێك بكەین، ئەوان بێ كاروكاسبی نابن. سەرۆكی حكوومەتی كوردستانیش كۆمەڵە خەڵكێكی پسپۆڕی راسپاردووە، بۆ رێكخستنەوە و زەمینەخۆشكردنی بازاڕێكی فراوانتر، بۆ ئەوەی خەڵك كاری تێدا بكات”.

 

 باسنیوز: پڕۆژەتان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كار و دروستكردنی سەرچاوەی داهات لە پارێزگای هەولێر چییە؟

ئومێد خۆشناو: “ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی حكوومەت كار دەكەین، هەم بۆ رەخساندنی دەرفەتی كار و هەم بۆ نەهێشتنی مۆنۆپۆلكردن، كە تا راددەیەكی زۆر بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، رۆژانەش ئێمە، كە لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان دانیشتن و گفتوگۆمان هەیە، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە زەمینەسازیی بكەین و دەرفەت بڕەخسێنین و كاری باش بكەین، بۆ ئەوەی كۆمپانیاکانی وڵاتانی دیكەش بێن وەبەرهێنان لە هەولێری پایتەختدا بکەن، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەندێ سستی تێ كەوتووە. ئەگەر ئەو كۆمپانیا دەرەكییانە دەست بە كار بكەنەوە، ئەوا دەبێتە هۆكار و بەشێك لە زەمینەخۆشكردن بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشكردنی بازاڕ و بەدەستهێنانی داهات. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە سیاسەتە گشتییەكەی خۆیدا، كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانیەتی، ئێمەش وەك پارێزگا و وەك پایتەخت بەدڵنیاییەوە لەو چوارچێوەیەوە لەگەڵ ئەو رەوت و ئەو كارنامەی حكوومەت داین و بەشێكی گرنگ بەر ئێمە دەكەوێت و بەو نەفەسە كاری تێدا دەكەین و ئەو زەمینەسازییە لە بازاڕ و لە چاودێریی بازاڕ، لە نەمانی مۆنۆپۆڵكردن و هەموو ئەو بابەتانەی پێیان دەگوترێت نادادی، كە بۆ خەڵكێك دەرفەتی گەورە رەخساوە و بۆ خەڵكێكی دیكە دەرفەتی بۆ ناڕەخسێت، ئەوە یەكێ لە كارەكانی ئێمە دەبێت، لەو چوارچێوەی كە پێی دەگوترێت چاكسازی لە حوكمڕانیدا، لەو بابەتە بەدڵنیاییەوە هەنگاو دەهاوێژین، ئەمەش پێویستی بە رێكخستەنەوەی بڕیارەكانی رابردوو هەیە، بەتایبەتی لەو یاسایلنەی لە پەرلەمان دەرچوون، چونكە زۆر كار و رۆتین هەیە، كە رۆژانە بارگرانییان لەسەر هاووڵاتییان دروست كردووە و پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە.

جەنابی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان زۆر بە تەركیزەوە، لە ماوەی رابردوودا لە كۆبوونەوەیەكدا كۆمەڵە خەڵكێكی پسپۆڕی بۆ رێكخستنەوەی هەموو ئەو بابەتانە راسپاردووە، لە زەمینەخۆشكردنی بازاڕێكی فراوانتر، بۆ ئەوەی خەڵك كاری تێدا بكات، هەروەها رێگرتن لە مۆنۆپۆلكردن و سنوور دانان بۆ گەندەڵی و پیسخۆری، لەو هەموو بابەتانە بەشێك ئامادە بكرێت، كە لەگەڵ پاشكۆی كارنامەكەی حكوومەت دابنرێت و لەگەڵ سێكتەر و بڕگە بنەڕەتییەكانی ناو كارنامەكە بگونجێنرێ و رێك بخرێتەوە”.

 

 باسنیوز: بڕیاری دروستكردنی پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراك بۆ یارمەتیی جووتیاران و ساخكردنەوەی بەروبوومەكانیان لە هەولێر دراوە، ئایا ئەو پڕۆژەیە كەی تەواو دەبێت و ئێستا لە چ قۆناغێك دایە؟

 ئومێد خۆشناو: “لە دوو بواردا لەو پڕۆژەیەدا كار دەكرێت، لە بواری كەرتی گشتیدا، حكوومەت پلانێكی درێژخایەنی هەیە، بەڵام لەلایەنی كەرتی تایبەتەوە، ئەوە لە رووی جێبەجێكردنەوە دەستی پێ كردووە، لە كەرتی تایبەتیش دوو بەشە، بەشێكی دروستكردنی شاری بەرهەمهێنانە خۆراكییەكانە، كە لەلایەن كۆمپانیاكانی گرووپی خۆشناو جێبەجێ دەكرێت، ئەو پڕۆژەیە دەستی پێ كردووە، كە رێژەیەكی زۆری گەنمی جووتیاران لەناو پرۆسەیەكی زۆر رێكوپێكی ئەلیكترۆنیدا، كە جووتیار دەتوانێت بەرهەمەكەی خۆی پێشكەش بكات و پاش چەند كاتژمێرێك هەم لە رووی جۆر و كوالێتی پشکنین بۆ بەرهەمەكەی بكرێت، هەم لە ماوەی كەمتر لە چوار كاتژمێر جووتیارەكە پارەی گەنم و بەرهەمەكەی وەردەگرێت. ئێمە چەند سەردانێکی ئەو پڕۆژەیەمان كرد و هەندێ گرفت و پێداویستییان هەبوو، وەك ئاو و كارەبا بۆمان دابین كردن، بەپێ ئەو پلانەی هەیە، لەم مانگەدا بەشە سەرەكییەكەی پڕۆژەكە تەواو دەبێت و دەكەوێتە كار، لەكۆتایی هاوینیشدا پڕۆژەكە دەكەوێتە خزمەتی جووتیاران و ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران دەكەن. ئەو پڕۆژەیە ئەو گرفتە گەورەیەی جووتیاران چارە دەکات، كە شایستە داراییەكانیان لەلایەن بەغدا پێ نەدەرا،دوای دابینكردنی بەشی ناوخۆ، دەتوانێت بەرهەمەكان بۆ شارەكانی دیكەش رەوانە بكات”.

 

 باسنیوز: لە هەولێر چینی كاسبكاران زۆر فراوانە، بەتایبەتی ئەو بەشەی، كە داهاتیان سنووردارە و ئیش و كاریان رۆژانەیە، ئێوە چی دەكەن تا ئاسانكاری بۆ ئەوانە بكرێت؟

 ئومێد خۆشناو: “سروشتی هەولێر وایە، لەگەڵ ئەو ئارامی و پێكەوەژیان و سەقامگیری و ئەو هەموو جوانییەی لە هەولێر، تمووح و حەزی تاكی خەڵكی هەولێرە، کە لە كار و كاسبی و ژیانی خۆیان بەردەوام بن. بۆیە ئەركی ئێمەیە وەك حكوومەت، لەگەڵ ئەو حەز و خواستەی خەڵكی شاری هەولێر هەیەتی بۆ كاروكەسابەت، لەبەرامبەردا زەمینەسازیی بكەین بۆ بازاڕخۆشكردنی ئەوان و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی دێتە پێشیان، بۆ هاندان و پاڵپشتیكردنیان، تاوەكو كاسبی و ئیشی رۆژانەی خۆیان بە ئارامی و هێمنی بەڕێ بكەن. ئەگەرچی بەدڵنیاییەوە ئەو چینەی لە پرسیارەكە ئاماژەی پێ كراوە، بێ گرفت نین، بەتایبەتی ئەو كاسبكارانەی پێیان دەگوترێت دەستگێڕ، كە كاری رۆژانە دەكەن، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەهۆی كەرەنتینەوە و خۆپارێزیی لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو توێژە كاسبكارە زیانێكی زۆریان بەر كەوت، چونكە ژیانی ئەوان، واتە بەدەستكەوتنی ئەو داهات و بڕە پارەیەی كە لەو رۆژە دەستیان دەكەوێت، هەر بۆیە ئەركی ئێمەیە، بەرژەوەندیی ئەو توێژە كاسبكارە زۆر لەبەرچاو بگرین، خواستی ئەوانیش كۆتایی نایەت و كێشە و گرفتەكانیشیان لەناو بازاڕدا لە رووی یاسایی و رێنماییەكان دەبێت شوێنەكانیان بۆ رێكبخرێت و دڵنیاییش بەو كاسبكارانە دەدەین، هەر كارێك بكەین، ئەوان بێ كاروكاسبی نابن.

هەروەها ئێمە بەو نەفەسە كار دەكەین، كە هاوكار و پاڵپشتی كاسبكارانی ناو شار و بازاڕە میللیەكان و گەڕەكەكانی ناو شار و قەزا و ناحیەكان دەبین، لە بەرنامە و كاری ئێمە دایە كار و كاسبییەكانیان رێک بخەین و چاودێرییان بکەین و زەمینە بۆ بەردەوامیی كار و كاسبییان خۆش بکەین”.

 

 باسنیوز: پڕۆژەی ترام چەند ساڵێكە دیزاینەكەی تەواو كراوە، كە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی هاتوچۆی ناو شار، هۆكار چییە ئەو پڕۆژەیە نەچووەتە بواری جێبەجێكردن؟ هەروەها پڕۆژەی سیتی پاس بە كوێ گەیشتووە؟

 ئومێد خۆشناو: “پڕۆژەی ترام بۆ شاری هەولێر ماوە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانی داراییەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە وەستاوە. لەم ماوەیە لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی كوردستان باسی ئەو پڕۆژەیەمان كرد، كە ئەو پڕۆژەیە وەك ماستەرپلان و دیزایین هەیە و بەردەوامە و لە پلانی حكوومەتیش دایە و راوەستانی ئەو پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ئەو گرفتانەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام وەك ستراتیژیەت و بەرنامە درێژخایەنەكە، ئەوا پڕۆژەی ترام بۆ شاری هەولێر لە پلانی حكوومەتدا ماوە. لەگەڵ وەزیری گواستنەوەش باسمان لە پڕۆژەی ستی پاس كردووە، ئەو پڕۆژەیە لە بەرنامەی جێبەجێبوون دایە و لەكۆتایی كارەكانی نزیک بووەتەوە”.