میدیای ھاوسەرۆك! وەك پارێزەری تیرۆریستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

میدیای ھاوسەرۆك! وەك پارێزەری تیرۆریستان

لەسەر دۆزینەوەی 5 مووشەك كە ئەمڕۆ 31 – 5 سوپای عێراق لەنێوان گوندی حەسار و دارەمانی سەر بە پردێ دۆزیویانەتەوە و بۆ تەقاندن ئامادە كرابوون، میدیای یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی لەناو بڵاوكردنەوەی ئەم ھەواڵەدا بەڵام بەبێ ئەوەی كە ئاماژە بە سەرچاوەیەكی دیار و ئاشكرای ھەواڵەكەی خۆی بكات، دەڵێت: ”سەرچاوەكە گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی میدیای پارتی وا بلاوی كردەوە كە مووشەكەكان بەرەو هەولێر ئاراستە كراون، بەڵام لە ئەگەری تەقاندنیشیاندا بە هیچ شێوەیەك نەدەگەیشتنە هەرێمی كوردستان، چونكە شوێنی مووشەكەكان 22 كیلۆمەتر لە پردێوە دوور بووە، مووشەكەكانیش مەودایان 15 كیلۆمەترە و ئەگەر بشتەقێندرانایە لە سنووری پردێ دەكەوتنە خوارەوە نەك هەولێر“.

1- خاڵی جەوھەریی ناو ئەم ھەواڵە ئەوە نیە كە ئەو مووشەكانە دەگەنە ھەولێر یان نا، بەڵكوو خاڵی جەوھەریی ئەم ھەواڵە ئەوەیە كە ئەگەر بەرەو پردێش ئاراستە كرابن، كەواتە ھەر بەرەو ھەولێرە، چونكە جگە لەوەی پردێ كوردستانە و ئەگەر مادەی 140ی دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان، ھەر لە پردێیشەوە دێیت بۆ ھەولێر و ئەوە ھەر پردێش بوو كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2017دا ھێڵی بەرگریی پێشەوەی بەرگریكردن بوو لە ھەولێر.

پردێ بووەتە گرێی سەر دڵی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەش كە لەگەڵ جەماعەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و ھەر لەو ڕۆژانەدا دەیانویست بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكیەوە بەرەو ھەولێر بێن، بەڵام پێشمەرگە لە پردێ خۆیان و ئەبرامزیشیان كرد بە خەڵووز و پەندی زەمانە، جا لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە كە ئەم گرێ و شكستەی تیرۆریستانی عێراق و خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر لەو كاتەوە ھەتا ئێستا ھەر لەسەر دڵیاندا مابێتەوە و مووشەك بەرەو پێشمەرگە لە پردێ ئاراستە بكەن نەك جاش و خائینەكانی برادەریان لە شوێنی تر!

ئینجا ھەر لەبەر ئەمەشە كە لەناو ھەواڵێكی لەم جۆرەدا، میدیای یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی دەبێتە پارێزەری گرووپە تیرۆریستیەكانی برادەرانی خۆیان و لەناو ئەم ھەواڵەدا دەڵێن ئەو مووشەكانە ناگەنە ھەولێر، بەڵام ئەگەر بتەقێنرانایە دەگەیشتنە سنووری پردێ! ئەھا گرێی سەر دڵی خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر لە بەرامبەر پردێ چۆنە؟ لەو بڕوایەدام ئەگەر ئێستاش قوڕقوشم لەسەر سەری خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر بتوێنرێتەوە، وێنەی پردێ و دەبابە ئەبرامزە ئەمەریكیە سووتاوەكەی پردێی تیا دەردەچێت!

2- خەڵك ئەوەی زانی كە پێشتر تۆمەتبارانی داعشتان تەسلیمی ڕاكان جبووریی برادەرتان كردەوە، بەڵام پێویستە ھەمان ئەو خەڵكە ئەوەش بزانن كە ئەمڕۆش ھەر ئێوە و لە پەنا داڕشتنی ھەواڵی ئەو 5 مووشەكەی نزیك پردێ، دێن و لەناو ئەو میدیا شەق و شڕەی خۆتاندا چۆن دەتانەوێت ببنە پارێزەری میلیشیا تیرۆریستەكانی تر كە ھەمان ئامانجی داعشیان لە بەرامبەر كوردستاندا ھەیە.