هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و پرسی كورد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و پرسی كورد

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە دەستووردا باسی مافی کورد ناکەن

هەردوو پارتی هاوپەیمان لەناو پەرلەمان توركیا، پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (MHP)، هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا کردووە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەش مافی كورد فەرامۆش بكرێت، هەروەك چۆن لە هەمواركردنەوەی دەستووری ١٩٨٢دا كورد حیسابی بۆ نەكرا، دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆش لە ٢٠٢١دا ئەگەرێكی بەهێزە.

هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، كۆكن لەسەر ئەوەی پێویستە دەستووری توركیا بگۆڕێت، چونكە دەستوورەكە لە لایەن كوودەتاچییەكانی ساڵی ١٩٨٠وە ئامادە كراوە، بۆیە ناویان لێناوە (دەستووری كوودەتاچییەكان)، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و (AKP و CHP) لەبارەی چۆنیەتیی هەمواركردنەوەی دەستوور ناكۆكن.

(AKP و MHP) داكۆكییەكی تەواو لە سیستەمی سەرۆكایەتی دەكەن، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، بە پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)شەوە، داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكەن. لەبارەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەكانیش بۆچوونیان لە یەكترییەوە دوورە.

راستە (AKP و MHP) لە دەستووری تازەی توركیا بە هیچ شێوەیەك باسیان لە مافی كورد نەكردووە، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش، هیچ ئاماژەیەكیان نەداوە، كە لە هەمواركردنەوەی دەستووردا مافی كورد جێگیر بكرێت.

ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا و داكۆكیكار لە مافی كورد، رەخنەی توند لە دەستووری توركیا دەگرێت، بەوەی هیچ ڕێزێكی بۆ كورد دانەناوە.

ئاڵتان پێیوایە، دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك نەیتوانیوە پارێزگاری لە یەكسانی لە نێوان كورد و توركدا بكات. نموونەش زمانی كوردی دەهێنێتەوە، كە ئەگەر كورد و تورك یەكسانن، بۆچی زمانی فەرمی دەوڵەتی توركیا توركی و كوردی نەبێت؟

ئەو باس لەوەش دەكات، كە لە دەستووری توركیادا بە یەك وشەش باسی كورد نەكراوە، لە كاتێكدا نزیكەی٢٠ ملیۆن كورد لە توركیادا بوونی هەیە.

ئەمجارەشیان هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا ئامادە نییە دان بە زمانی كوردیدا بنێت، یاخود هیچ ئامادەییەكیان تێدا نییە رێگە بدەن منداڵانی كورد بە زمانی دایك بخوێنن، جگە لە هەدەپە نەبێت، ئەویش لەو ڕووەوە داكۆكیكارێكی سەرسەخت نییە و زۆر شەرمنانە باس لەو بابەتە دەكات.

لە دەستووری توركیادا، ئاماژە دراوە كە لە توركیا یەك نەتەوە بوونی هەیە, ئەویش توركە، كورد و نەتەوەكانی تر هیچ حیسابێكیان بۆ نەكراوە. لەڕووی زمانیشەوە تەنیا زمانی توركی، زمانی فەرمیی دەوڵەتە، هەروەها لە هیچ شوێنێكی دەستووری توركیا، بڕگەیەك نادۆزیتەوە لە بەرژەوەندیی كورددا بێت، تەنانەت وشەی كورد هەر بوونی نییە.

لە هەمواركردنەوەی دەستووردا، كە ڕەنگە لە كۆتایی ٢٠٢١دا لەناو پەرلەمانی توركیا بخرێتە دەنگدانەوە، دیسان بەرژەوەندییەكانی تورك پارێزراوە و كورد هیچ حیسابێکی بۆ نەكراوە، لە كاتێدا لە توركیا ٢٠ ملیۆن كورد هەیە.

ئەوەی مایەی نیگەرانییە، بەردەوام كورد بووەتە فریادەڕسی هەموو ئەو پارتە توركییانەی ویستوویانە بێنە سەر كورسیی دەسەڵات. نموونە لە هەر هەڵبژاردنێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان حاڵی خراپ بووبێت، كورد فریای كەوتووە، كەچی پارتەكەی ئەو (AKP) لە هەمواركردنەوەی دەستووردا، بە چاوی تورك سەیری كورد دەكات.

(AKP و MHP) بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا بتوانن هەمواركردنەوەی ئەو دەستوورەی ئامادەیان كردووە تێپەڕێنن، لە كۆی ٦٠٠ كورسیی پەرلەمانی، پێویستیان بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار هەیە لەوەیاندا دۆڕاون، چونكە ژمارەی كوردسییەكانیان زۆر لەوە كەمترە.

(AKP) لەناو پەرلەماندا خاوەنی ٢٨٩ كورسییە، مەهەپەی هاوپەیمانیشی ٤٨ كورسی، پارتی یەكێتی گەورەی توركیاش كە هاوپەیمانیانە خاوەنی یەك كورسییە، كۆی گشتی دەكاتە ٣٣٨ كورسی لە كۆی ٦٠٠ كورسیی پەرلەمان.

ئەگەر بیانەوێت لەناو پەرلەمان بە زۆرینە تێیپەڕێنن و بیخەنە ریفڕاندۆمەوە، پێویستیان بە ٣٦٠ كورسی هەیە، لێرەشدا شكست دێنن، بۆیە ناچارن روو لە پارتێكی تر بكەن بۆ ئەوەی بتوانن دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە.

پێویستە كورد بە هیچ شێوەیەك قبووڵی نەكات لە هەمواركردنەوەی دەستووردا حیسابی توركیان بۆ بكرێت، یان مافی كورد جێگەی بۆ نەكرێتەوە. دەكرێت لە ئێستاوە كۆمەڵگەی مەدەنی و یەكێتیی ئەورووپا و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاگادار بكەنەوە.