كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە عێراق کارتی دەنگدانی هەڵبژاردن بۆ تەزویر نرخەکەی بۆ 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە

"هەندێ لە حزب و کاندیدەکان ئەو کارتانەی دەنگدان دەکڕن"

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن لە عێراق، کارتی دەنگدان نرخەکەی بۆ تەزویر بەرز دەبێتەوە و کاندید و حزبە باڵادەستەکان دەستیان بە کڕینی کردوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا ئاشکرای دەکات پێشنیازیان کردووە لە شوێنی کارتی دەنگدان، کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدانی هاووڵاتییان بەکار بهێنرێت.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە عێراق کڕین و فرۆشتنی زۆر بە کارتی دەنگدانەوە دەکرێت و هەندێ لە حزبەکان و کاندیدەکان دەیکڕن و کەسی وا هەیە بە 50 دۆلار فرۆشتوویەتی، تا 100 دۆلاریش رۆیشتووە، خێزان هەیە سەرۆک خێزانەکە هەمووی بە حزبێک، یان کاندیدێک فرۆشتووە بە 200-300 دۆلار، هەرچەند لە هەڵبژاردن نزیک بینەوە، نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە، هەموو ئەو کارتانە بە مەبەستی تەزویری هەڵبژاردن لە لایەن هەندێ لە حزبە باڵادەست و کاندیدەکانیانەوە دەکڕدرێن".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لە هەندێ شوێن زانیاری ئەوە ئاشکرا کراوە کە خەڵکانێک پەیدا بوون بە کۆ و تاک دەیکڕن و فرۆشیاریش هەیە، کارتەکە بە کۆ هەرزانترە و دیارە لە دەستی خەڵکانێک دەکڕدرێت کە ژمارەیەکی زۆر ئەو کارتانەی دەنگدانیان بە دەستەوەیە".

شێروان دووبەردانی گوتیشی: "کڕینی کارتەکە بە تاک راستەوخۆ لە هاووڵاتی و خێزانەوەیە، بەڵام بە کۆ لە کەسانی دیکەیە، ئیتر لە کۆمسیۆن دەستیان کەوتووە، یان لە شوێنی دیکە ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە".

سەبارەت بەو پرسەش، ئەو پەرلەمانتارە ڕاشی گەیاند: "بۆ پێشگیری لەو ساختەکارییە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، پێشنیازیان کردووە بە پەرلەمانی عێراق کە دەنگدان لە ڕێگەی کارتی بایۆمەترییەوە بێت، نەک کارتی دەنگدان و گوتیشی “لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئەو پرسە دەخەینە بەردەم پەرلەمانتاران تاکوو کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن، بە شێوەیەک تەنها بتوانرێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدرێت، نەک ئەو کارتانەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە".